هێمن ئەحمەد
لەسەر راسپاردەی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، سەرجەم ئەو خانووانەی بوونەتە بەربەست لەسەر رێڕەوی ئاوی باراناو لادەبرێن، قائیمقامی كەركوكیش رایدەگەیەنێت: لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵمەتەكە بۆ لابردنیان دەستپێدەكرێت.
فەلاح خەلیل قائیمقامی كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرجەم ئەو خانوانەی كە بە زیادەڕۆ لەسەر رێڕەوی ئاوی باراناو دروستكراون بڕوخێنرێن، هەڵمەتەكەش بۆ دروستنەبوونی لافاوە، كە ساڵی رابردوو بەهۆی ئەو خانووانەوە كە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لەسەر رێڕەوی ئاوی باراناو لە گەڕەكی پەنجاعەلی و شۆراو دروستكرابوون لافاو لەو دوو گەڕەك دروستبوون و ئاو چووە نێو ماڵ و خوێندنگەكانیانەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ لیژنەكانیان بە هاوبەشی ئاوەڕۆی كەركوك هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە، بۆ ئەوەی رووداوی هاوشێوە دووبارەنەبێتەوە و لابردنی زیادەڕۆكانیش لەپێناوی پاراستن و سەلامەتی سەروماڵی هاووڵاتیاندایە.
هەر لەوبارەیەوە، ئیحسان وەهبـی بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێشووتر شیوەكانی رێڕەوی ئاوی باراناو لەو دوو گەڕەكەدا 50 مەتر پان بوون، بەڵام ئێستا تەنها مەتر و نیوێكی ماوە و ئەو رووبەرە زۆرە كراوەتە خانوو، ئەوەش مەترسیی لافاو زیاتر دەكات، بۆیە دەبێت لاببرێن.