وتەبێژی لیستی 129ی یەكێتی: «هەژماری من» رەتدەكەینەوە و لایەنەكانیش پشتگیر و هاوكارمان بن

12:05 - 2024-10-08
کوردستان
120 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی لیستی 129ی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڕەسمی رەتكردنەوەی هەژماری منی راگەیاند و داوای لە لایەنە سیاسییەكانیش كرد كە هاوكاربن لە جێبەجێكردنی داواكەی دادگای فیدراڵی كە «تەوتین»ی مووچەی فەرمانبەرانە و وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، «هەژماری من» رەتدەكاتەوە، لە بەرامبەردا پشتگیری لە تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات لە بانكە حكومییەكاندا، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكرێت. وتیشی: «یەكێتی، رێگەنادات مەلەفی غاز بەدەردی مەلەفی نەوت ببرێت».
دوێنێ، كاروان گەزنەیی وتەبێژی رەسمیی لیستی 129ی ی.ن.ك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رایگەیاند: ی.ن.ك، لەژێر رۆشنایی وتارەكەی سەرۆك بافڵ، پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی (هەژماری من)ەوە رەتدەكاتەوە، پێشتریش تیمی یەكێتی لە حكومەت كاری جددی كردووە بۆ بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و تەئكیدمان كردووەتەوە كە پڕۆسەكە ئارەزوومەندانەیە و نابێت بە هیچ شێوەیەك مووچەخۆر ناچار بكرێت كە بەشداریی سیستمەكە بكات یاخود بەزۆر بانكێكی بۆ دیاریبكرێت، لەو روانگەیەشەوە تیمی یەكێتی لە حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راسپێردراون كاری جددی بكەن بۆ «تەوتین»ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە یەكێك لە بانكە حكومییەكانی عیراق، هاوكات هێنانی لقی بانكە فیدراڵییەكان بۆ پارێزگای سلێمانی.
لە كۆنگرەكەدا، وتەبێژی لیستی 129ی یەكێتی، پەیامی ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكان كرد كە پشتیوانی لە یەكێتی بكەن لە رەتكردنەوەی «هەژماری من»دا و پشتگیری لە «تەوتین»ی مووچەخۆران بكەن.
سەبارەت بە پرسی نەوت و غازیش، وتەبێژی لیستی 129 وتی: یەكێتی و سەرۆك بافڵ، تەئكیددەكەنەوە كە رێگەنادەن پرسی غاز بە دەردی پرسی نەوت ببرێت و دەبێت لە خزمەت خەڵكی كوردستاندا بێت و وتیشی: بۆ تەواوی پرسەكان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەیەوێت سیاسەتی چەوتی حوكمڕانی راستبكاتەوە و خەڵكی كوردستان بەبێ جیاوازی لە تەواوی ناوچەكان خزمەت بكرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان