راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك لە شاری هەولێر، یەكێكە لەو زەوییانەی كە نزیكەی 20 ساڵە بە مەبەستی دروستكردنی خانوو و بوونی بە گەڕەكێكی شاری هەولێر بەسەر ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی شارەکەدا دابەشكراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان تیایدا، ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتیان بە ناچاری خانوویان لەسەر زەوییەکانیان دروستکردووە، تائێستا حكومەتی شارەكە جگە لە دروستكردنی شەقامێكی سەرەكی و دیاریكردن و قووڵكردنی چەند شەقامێكی خۆڵ، ئامادەنییە خزمەتگوزارییە پێویستییەكانی بۆ دابین بکات، لەبەرئەوە خاوەن زەوییەكان كەوتوونەتە دۆخێكی نالەباری دەروونی و داراییەوە و چیرۆكی ئەو گەڕەكەی پایتەخت، کورد وتەنی بۆتە(هەقایەتی مێش) چەندین ساڵە دەوترێت پرۆژەی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە هەشتی حەسارۆک دەستی پێکرد و لە راستیشدا هیچ دیارنییە.
ئەرکی سەرەکیی حکومەت
هێمن عەبدوڵڵا هاووڵاتییەكی كرێچییە لە شاری هەولێر، تاساڵێك لەمەوبەر خاوەنی یەكێك لە زەوییەكانی هەشتی حەسارۆک بوو، بەڵام بە ناچاری بە نرخێكی كەم فرۆشتوێتییەوە و دەڵێت: پێش چوار ساڵ بە ئومێدی خۆ رزگارکردن لە کرێچییەتی زەوییەكی 125 مەتریم لە كەرتی هەشتی حەسارۆك كڕی بەو هیوایەی بتوانم خانووی خۆمی لەسەر دروستبكەم، بەڵام بە بیانووی جیاواز و هێنانەوەی پاساوی نابەجێ لەلایەن بەرپرسانی هەولێرەوە رێگەیان نەدا خانوو لەسەر زەوییەکەم دروست بکەم، بۆیە بە ناچاری فرۆشتمەوە.
ماوەیەك لەمەوبەر سەرۆكی حكومەت چوو بۆ سەر زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك، وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێری راسپارد كە كێشەكەی چارەسەر بكەن و رێگە بە خاوەنەكانیان بدەن خانووی لەسەر دروستبكەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان ئامادەنین زەوییەکانیان بکەنە خانوو.
هێمن عەبدوڵڵا وتی: حکومەت لە جیاتی ئەوەی گرفتی نیشتەجێبوونمان بۆ چارەسەر بكات و هاوكاری خەڵكی مووچەخۆر و كەمدەرامەت بێت، بەڵام ئەرکە سەرەکییەکی خۆی جێبەجێ ناکات کە بردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانە بۆ ئەو گەڕەکەی شارەکە، بۆئەوەی هاووڵاتیان بە ئاسودەیی زەوییەکانیان بکەنە خانوو.
سەرۆكی شارەوانی هەولێر بۆ کوردستانی نوێ :
بۆئەوەی سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەشتی حەسارۆک بکرێت و وابێت هاووڵاتیان تیایدا بژین، دەبێت كاری كەشفكردن بکەین كاتێك چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە رایدەگەیەنین
بۆچوونی هاووڵاتیان
یەکێک لە خاوەن زەوییەکانی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک دەڵێت: زیاتر لە 20 هەزار خێزانین کە زۆرینەمان کرێچین و 20 ساڵە زەویمان لە هەشتی حەسارۆک هەیە، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێم و شارەوانی هەولێر خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، رێگەوبان و قوتابخانە و نەخۆشخانە بۆ ئەو گەڕەکە دابین ناکات بۆئەوەی هاووڵاتیان بتوانن زەوییەکانیان بکەنە خانوو.
وتیشی: بەبێ بوونی هیچ خزمەتگوزارییەک خانوو دروست بکەین چی لێ بکەین، کەی رەوایە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان زەوییەکی ئاوا گەورە بێ خزمەتگوزاری بێت.
نەبردنی خزمەتگوزاریی لەلایەن بەرپرسانی هەولێرەوە بۆ زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک، چەند بیروبۆچوونێكی لەلای هاووڵاتیانی شارەكە دروستكردووە، هەندێكیان پێیانوایە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەت پارەی گەیاندنی خزمەتگوزاریی نییە بۆ زەوییەکە، هەندێكی تر پێیانوایە نەبردنی خزمەتگوزاریی بۆ زەوییەکە بۆئەوەیە كە هەندێك دەسەڵاتداری شارەكە هەوڵدەدەن خاوەنی زەوییەکان لە دروستكردنی خانوو لە هەشتی حەسارۆک سارد بكەنەوە و وایان لێبكەن زەوییەكانیان بە نرخێكی كەم بفرۆشنەوە و دواتر بیدەن بە وەبەرهێنێك بۆئەوەی بیكات بە شوێنێكی بازرگانی یان نیشتەجێبوونی گرانبەها، لەبەرئەوەی شوێنەكەی كەوتۆتە سەر شەقامی سەرەكی لاوان كە شوێنێكی گرنگی بازرگانییە لە هەولێر.
خاوەن زەوییەک لە هەشتی حەسارۆک: زیاتر لە 20 هەزار خێزانین، زەویمان لە هەشتی حەسارۆک هەیە و زۆرینەمان کرێچین، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە ناتوانین بیکەینە خانوو
وەڵامی لایەنی بەرپرس
سەڕەرای ئەوەی حكومەتی خۆجێی شارەكە بۆ ماوەی چەندین ساڵ رێگەیان بە خاوەن زەوییەكان نەدا خانووی لەسەر دروست بکەن، بەڵام ماوەیەكە پارێزگای هەولێر بڕیاری رێگەپێدانی خانوو دروستكردنی بە خاوەنی زەوییەکانداوە، بە وتەی یەكێك لە خاوەن نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لە نزیك هەشتی حەسارۆك ئێستا ژمارەیەک خانوو لەسەر ئەو زەوییە دروستكراوە، بەڵام خاوەنەکانیان لە دۆخێكی خراپی نەبوونی خزمەتگوزاریدان.
زەوییەکانی هەشتی حەسارۆك بریتیە لە 16 هەزار پارچە زەوی كە دراوە بە هاووڵاتیان و بە دروستکردنی خانوو لە سەری تاڕادەیەكی زۆر كێشەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی شارەكە چارەسەر دەكات.
هەر لەوبارەیەوە كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێستا پرۆژەی خزمەتگوزاریی لەناو زەوی هەشتی حەسارۆك لە جێبەجێكردندایە و كار لە هەردوو زۆنی C و D دەكەین كە قوڵكردن و بڕینی گشت شەقامە ناوەكییەكان و سەرەكییەكان لەخۆدەگرێت.
وتیشی: بۆئەوەی سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەشتی حەسارۆک بکرێت و وابێت هاووڵاتیان زەوییەکانیان بکەنە خانوو بە ئاسوودەیی تیایدا بژین، دەبێت كاری كەشف كردن بکەین كاتێك چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە رایدەگەیەنین.