هاشم غەمگین
كرداری بەرهەمهێنان هۆكارە بۆ دەستخستنی پێداویستییە مرۆییەكان و پڕكردنەوەی خواست و داواكاریی ناوخۆیی و جوڵاندنی بازاڕی كار و بەكاربردن، لە كاتی سەرڕێژی بەرهەمی ناوخۆییشدا پرۆسەكە كامڵتر دەبێت و دەگات بە ئاستی هەناردەكردن. لە رووی چەمكەوە هەر كارێك سوودێكی دیاریكراو بهێنێتە ئاراوە، پێداویستییە مرۆییەكان پڕبكاتەوە بە بەرهەمهێنان دادەنرێت.
لێرەدا دەتوانین سوودی بەرهەمهێنان بە چەند خاڵێك دیاری بكەین.
یەكەم: بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی دابینكردن و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ و زیادكردنی توانای هەناردەكردن.
پاراستنی ئاسایشی خۆراك
دووەم: بەرهەمهێنان دەبێتە سەرچاوەی دەستكەوتنی داهات، بۆ بەشداربوانی كارای چالاكیی بەرهەمهێنان.
سێیەم: بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كار و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری.
چوارەم: كارابوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەبێتە هۆكار بۆ دروستبوونی كارگەی جۆراوجۆر و پاراستنی ئاسایشی خۆراك.
پێنجەم: بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی تازەگەری و جموجۆڵی بازاڕی كار.
سەركەوتنی پڕۆسەی بەرهەمهێنان پەیوەستە بەزانستیكردن و رێكخستن و بە سیستمكردنی پرۆسەكە، بۆ ئەوەی قازانج بكات و داهاتی هەبێت و لە زیان و شكست بەدوور بێت، هەروەها بۆ ئەوەی بەرهەمەكان تەندروست و جێی متمانە و دڵنیایی و بەكاربردن بن، ئەگەر هەموو ئەو هەنگاوانەش بە دروستی جێبەجێ بكرێن، ئەوا خواست لەسەر بەرهەمەكان زۆر دەبێت.
دروستكردنی پڕۆژەی كێڵگەی كشتوكاڵی بە شێوەی سیستماتیك و زانستی و لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی كەرتی كشتوكاڵدا، وا دەكات پێداویستی ناوخۆ بە شێوەیەكی تەندروست بێت و هێزی كار بە شێوەیەكی باش جوڵەی تێبكەوێت
نابێ كەرتی گشتی و تایبەت جیاوازییان هەبێت
لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە كرداری بەرهەمهێنان بە یاسایی و لە ژێر چاودێریدا بێت، بۆ ئەوەی چ خاوەن پڕۆژەكان و چ كارمەند و كرێكارەكان بە یاسا و سیستم و بە شێوەی زانستی كاروباری بەرهەمهێنان ئەنجام بدەن.
بۆ نموونە، لە ئەوروپا كاتێك كرێكارێك لە كێڵەگەیەكی بەرهەمهێنانی تەماتەدا كار دەكات، هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ كەسێك كە لە كەرتی گشتی دەكات، لەبەر ئەوەی هەردوو كەرتەكە وەك یەك بە یاسا رێكخراون، مانگانە بێدواكەوتن وەك یەك كرێی كارەكەیان دەچێتە سەر هەژماری بانكییەكانیان، وەك یەك ساڵی خزمەت و خانەشینییان بۆ ئەژمار دەكرێت، وەك یەكیش رۆژ و كاتی پشوو كاركردنیان هەیە.
گوندەكان لە هەموو بوارێكی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و سەوزە و میوە و بەرهەمێكییەكاندا سەرچاوەی بەرهەمهێنانی تازە و تەندروستن، بۆیە دروستكردنی پڕۆژەی كێڵگەی كشتوكاڵی بە شێوەی سیستماتیك و زانستی و لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی كەرتی كشتوكاڵدا، وا دەكات پێداویستی ناوخۆ بە شێوەیەكی تەندروست بێت و هێزی كار بە شێوەیەكی باش جوڵەی تێبكەوێت.
یەكێتی پێشەنگە
ئەوەی من لێرەدا دەمەوێ تیشكی بخەمە سەر ئەوەیە، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كێڵگەی كشتوكاڵی دەبێت لە هەرێمی كوردستان وەك وڵاتانی پێشكەوتوو بە یاسایی و سیستم بێت، بۆ ئەوەی ئەو هەموو دەرچووانەی زانكۆ و پەیمانگاكانی تایبەت بە كشتوكاڵ لەو بوارەدا كار بكەن و داهات و پاشەكەوتیان بۆ دەستەبەر بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا كاركردن لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی پێویستی بە كەسانێكە، شارەزایی ئەندازیاری و تەكنیكییان هەبێت و لەگەڵ شێوازە نوێ و پێشكەوتووەكانی بەرهەمهێناندا بگونجێت.
شایەنی وتنە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری كە وەزیرەكەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، یەكێكە لە وەزارەتە سەركەوتووەكان و توانیویەتی بواری بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی بگەیەنێتە ئاستێكی باڵا، بە جۆرێك گەشەی كردووە توانراوە بەرهەمەكان هەناردەی وڵاتانی دیكە بكرێت، بۆیە یەكێتی سەرمەشقی بوژانەوەی كەرتی ئابووری و بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵی و دەستەبەركردنی هەلی كارە، لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین لیستی ١٢٩ی یەكێتی لیستی گەشەپێدانی ئابووری و پیشەگەری و رەخساندنی دەرفەرتی كارە.