تاكڕەویتان لە چاڵ دەنێین..

12:17 - 2024-10-10
دووتوێ
97 جار خوێندراوەتەوە



هەموو ئەو رێگا ناڕەوا و نا دادپەروەرانەی كە ساڵانێكی زۆرە پارتی بەزەبری ساختەكردنی ئیرادەی گەل، پێ كراوەتە هێزی(ژمارە یەك) لە كوردستاندا، یەكێتی و بەتایبەتیش سەرۆكە پۆڵاین و بە ئیرادەكەی، لە رێگەی دادگاكان و یاسا فیدراڵییەكان و ململانێیەكی بەهێزو شارستانیانەوە كە شا رێگەكەی هەڵبژاردن و ئیرادەی گەلە، لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵ، یەك یەك رایماڵین و كوێری كردنەوە، لەگەڵیدا ئەو حزبە لوتبەرزو خاكفرۆش و هەڵقە لەگوێیەی كە بەشێكی خاكی هەردوو پارێزگا ئازیزەكەی دهۆك و هەولێری پێشكەش بە داگیركەر كردووەو تەراتێنی تیا دەكات، بە تەواوی خستۆتە تونێلێكی تاریكی شەرمەزاریی نیشتمانی و نەتەوەییەوە.
ئێمە كە پێمان دەوتن با رێك بكەوین و قەیرانەكانی ئەم میللەتە چارەسەر بكەین و نەگاتە بۆڕبۆڕێن و عینادی، واتان دەزانی لاوازین. 15 ساڵە یەكێتی باجی ئەوە دەدات كە لەبەر پاراستنی قەوارەكەمان و ئارامیی خەڵكی كوردستان، ململانێی نەدەكردن. دەیانجار دەستپێشخەری بۆ كردوون و لەو هەموو ساڵەدا ئێوە هەموو جارێك هەر بە لوتبەرزی و پشتبەستن بە داگیركەران رەفتارتان كردو لەبری هاتنە پێشەوە بۆ خزمەتكردنی میللەتەكەمان، گرەوتان 
لەسەر كۆتایی هێنان بوو بە یەكێتی، بەو تاماحەی ئیتر تاكڕەویتان بگەیەننە لوتكە و دەسەڵاتی سەركوتكەری خۆتان بەسەر تەواوی خەڵكی كوردستاندا بسەپێنن. 
زۆرمان پێوتن كە نامانەوێ جارێكی تر میللەتەكەمان بەهۆی تاكڕەوی و خۆسەپاندنی ئێوەوە دوچاری مەینەتی و گێژاوی تری ناوخۆیی ببێتەوەو بێباك بوون. هەمو خەڵكی كوردستان باش دەزانن و شایەتن كە هەر لەم قۆناغەدا، سەرۆكی ئێستای یەكێتی هەر خۆی 16 جار لە دەرگای دان و داوای لێكردن كە دەستبەرداری ئەم غرور و نادادپەوەری و یاریكردنە بن بە قوت و مووچەی خەڵك و بەكارهێنانی حكومەت بۆ مەرامی تەسكی حزبیتان و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان و سەركوتكردنی ئازادییەكان و رەشكردنی زیاتری نێوبانگی هەرێم لە جیهاندا، گوێتان نەگرت.. زۆرمان داوا كرد سەبرو خۆڕاگریمان تاقی مەكەنەوەو چاك دەزانن كە یەكێتی ئەگەر بیەوێت و ناچاری بكەن، دەتوانێت تووشی شۆكتان بكات و زۆر هاوكێشەتان بەسەردا قڵپ بكاتەوە، گاڵتەتان پێدەهات.. بەڵام ئەوەتا دوو ساڵە باش باش بە چاوی خۆتان دەیبینن كە چی دەگوزەرێ و روودەدات؟، وامان لێكردوون تەنها فریای ژماردنی كەیسە دۆڕاوەكانتان بكەون، خۆ گەر لەم لوتبەرزییەشتان بەردەوام بن، ئەوا چاك بزانن ئەوەی بە خەیاڵیش بیرتان لێ نەكردۆتەوە، بەسەرتاندا دەیهێنین و هیچ رێگایەكتان بۆ ناهێڵینەوە تەنها چوونەوە باوەشی داگیرگەر نەبێت، تەنها هەڕەشەی بەرپاكردنی 31ی ئابێكی تر نەبێت كە هەر لەو رێگەیەشەوە بوو كاتی خۆی هەولێرتان داگیركرد!، بەڵام دڵنیابن ئەمجارە وەك جارەكانی تر نییە، هیچ هاوكێشەیەك لە بەرژەوەندیتاندا نییە، بەتایبەتی كە شەڕی یەكێتی شەڕێكی دیموكراتییە، شەڕی لە چاڵنانی تاكڕەویتانە بە سندوقەكانی دەنگدان، شەڕێكە تیایدا دەتانخاتە سەر چۆك و قەبارەی حەقیقی خۆتان لە بەردەم رای گشتی كوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەكەو یەكێتی ئەوروپاو هەموو جیهان، رووت دەكاتەوە.

دوتوێی 129


بابەتە پەیوەندیدارەکان