ئەوینێکی
مەزنتر
چی لە ئەوینی تۆ بکەم..
گڕی کام خەفەت.. خۆڵی کام خاک
بە سەر خۆمدا بکەم؟
خۆ ئەوەندە دوور نیت،
هەر تەنها هەناسەیەکمان بەینە
ئەی بۆچی دەنگم ناتگاتێ...؟
لە حەسرەتی حەزی شیرین و هەم تاڵی تۆ
هەر گۆرانییەکی من دەیچڕم
گریانێکی بێ کۆتایی و بێ ئامانە!
هەر چیرۆکێکی کە دەینووسم.. وشەکانی پشکۆیەکن
وەک ئەستێرە بە ئاسمانی خەیاڵمدا پەرش و بڵاون!
وای.. لە تۆی دلارام و هەم دوورە دەست
تۆ منداڵیم بیر دەخەیتەوە،
پاش بارانان.. خۆزگەم دەخواست
پەلکە زێڕینەیەک لە باوەش بگرم
کە نەدەکرا..تێر دەگریام و دایکم خەفەتخان دەکرد،
دەیدایە پڕمەی گریان.. دەپاڕایەوە
ئەو ساتەی کە پێکەوە ژیر دەبووینەوە،
سەیری ئاسمانی سەرووم دەکرد
پەلکەزێڕینەی خۆشەویستم رەویبۆوە!
هۆ پەلکەزێڕینەی حەزی حەوت رەنگم..
کەی دێیتەوە نێو ئامێزم..؟
من نەک لە تۆ... من لە هەموو دنیا بێبەشم
چ رێگایەکی وێڵ تۆی بۆ من هانی
چما تازە دەزانی، رێبوارێکی تەنیا و چارەڕەشم؟
چی لە تەرمە بێنازەکەی تۆ بکەم
ئەوەتانێ.. تەرمی سەدەها ئەوینی مەحاڵ
ئەوەتانێ وا بەسەر شانمەوە.
تۆ نازانی... هەر کانییەک.. وشک بکات..
سەدان کانیی سوورباوی گریان، لە چاوەکانمدا دەتەقنەوە!
تۆ نایزانی هەرگیزاو هەرگیز.. هۆ دولبەرا من
هەر «سیامەند»ێک، گەر نەگا بە «خەجێ»ی خۆی
هەر «فەرهاد»ێک، بە «شیرین»ی
هەر «مەم»ێ، بە «خاتووزین»ی
ئەو دڵەی من وەک شاخێکی بنکۆڵ
کە چلۆن دەڕمێتە نێو خەرەندێکی هەزار بە هەزار
ئاوا گران هەرەس دێنێ و دادەڕووخێ؟!
بۆ چیرۆکێک داماو دانیشتووم..
گەواڵەهەوری بەهارئاسا، دەناڵێنێ و دەگرمێنێ
ئەستێرەی بەختی هەرکامتان.. گەر دادەکشێ..
گلێنەی هەردوو چاومە و.. دادەڕژێت
سووک و سانا سۆمایی چاوانمە و داێی
ئەمن تەنها بەدەم نرکە نرکەوە بۆ تۆ ناناڵێنم..
کەی باران بۆ تاقە گوڵێک باریوە؟
چ دڵێک تەنها بۆ تاقە شۆخێک لەرزیوە؟
من نەمدیوە..!
سەر هەڵبڕە.. ئاسمان چلۆن هەموو دنیای داپۆشیوە
سەیر بکە شاعیر.. چ خەمێکی بێپایان و نەبەزیوە!
تەنها بۆ تۆ ناگریم.. مەرگی ناوەختی ئەوینی تۆ
لە دارستانی بەر رەشەبای پاییزی من و تۆ
تاقە یەک گەڵای زەرد و وەریوە.
لە زستانی هەمیشەیی نێو ژوورەکەم..
تاقە یەک خەمی تەنیا و تەزیوە.
ئەو مەرگەی من پرسەم بۆ گرتووە..
سەری پێ خستوومەتە سەر ئەژنۆ
مەرگێکی کوشندە و مەزنە.. دوور لە چاوانی تۆ..!