جەماوەری خۆڕاگری هەولێری قەڵا و منارە، دەنگدەرانی ئیدارەی سۆران و کۆیە و سەرجەم قەزا و ناحیە و گوندەکانی پارێزگای هەولێر...
ساڵەهایە ئێوەی خۆڕاگر، بەدەست کێشە و گرفتی جیاکاریی، نادادپەروەریی و قۆرخکاریی دەسەڵات و نەبوونی ئازادی رادەربڕین و ئیدارەیەکی خۆسەپێنەوە دەناڵێنن، ئێمە لە پێناوی یەکڕیزی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ناچاربووین هەڵوێست و نیگەرانییەکانی خۆمان لەڕێی میدیاوە بە رای گشتی رانەگەیەنین، بۆیە ئەمڕۆ بە دەرفەتی دەزانین کە هەڵوێستی خۆمان سەبارەت بەو زوڵم ستەم و نادادی و دۆخە ئاڵۆزە ئیدارییەی پاریزگای هەولێر، بۆ ئێوەی نیشتمانپەروەر و هەموو گەلی کوردستان بخەینەڕوو.
بەداخەوە هەولێری قەڵاو منارە و پایتەختی هەرێم، لە وەرزی هاویندا لەبێ ئاوی و تینوێتیدا دەخنکێت و لە وەرزی زستانیشدا بەهۆی باران و لافاوەوە دەخنکێت، خەڵکە رەسەنەکەی لە بچوکترین ماف و ئازادیی بێبەشکراوە، تەنانەت ناتوانن لەڕێی خوپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتیشەوە نیگەرانییەکانی خۆیان دەرببڕن و لەبەردەم دەزگایەکی حکومی، یان بارەگایەکی حزبی، یان رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی هێمنانە و مەدەنییانە داوای مافی خۆیان بکەن.
هەولێرییەکان ئێستا لە شارەکەی خۆیان بە میوان سەیردەکرێن، کەسانی نامۆ دەستییان بەسەر شادەماری شارەکەدا گرتووە و لەڕێگەی گۆڕینی دیموگرافیاوە خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن.
لە هەموو بستێکی ئەم جیهانە پان و بەرینەدا، هەمیشە خوپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی و دروستکردنی گوشار بۆ سەر دەسەڵات، لە پایتەختەکانەوە ئەنجام دەدرێت، کەچی لە پایتەختەکەی ئێمەدا هەموو جۆرە خوپیشاندانێکی مەدەنیانە قەدەغەیە و تەنانەت گردبوونەویەکی ئاشتییانەش چارەنووسی سەرکوتکردنە.
لە سیستمە دیموکراسییەکان و لە پایتەختی وڵاتە دیموکراتی و فرەحزبی و پەرلەمانییەکاندا، ئیدارەیەکی هاوبەش هەیە، کەچی لە پایتەختی وڵاتی ئێمە، تاکە حزبێک دەسەڵاتی ئیدارە ناوخۆییەکەی قورخکردووە، تەنانەت لەو قەزا و ناحییانەش کە خۆیان شکستیان هێناوە، ماف بە حزبە سەرکەوتووەکان نادەن ئیدارە خۆجێیەکەی ئەو شوێنانە بەڕێوەببەن، یان هیچ نەبێت نوێنەریان هەبێت لە دامودەزگاکانیاندا.
چۆڵکردنی دێهاتەکان و دەربەدەرکردنی هاوڵاتییانی گوندەکانی پارێزگای هەولێر بەهۆی کردەوە سەربازییەکانەوە، لە ناوچەکانی باڵەکایەتی و سۆران، دیاردەیەکی مەترسیدارە و دەبێت کۆتایی پێبێت، چونکە بەردەوام بوونی ئەم دۆخە مەترسی لەسەر ئایندەی هەرێم دروست دەکات.
لەسایەی ئەو دەسەڵاتە تاک حزبیەدا، دێهاتەکانی هەولێر ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر چوڵ دەبن و خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەر دەکرێن، هەر لەو شارە هەژاری و بێکاری زیاتر دەبێت و دەیان گوند و دێهاتەکانی دەڤەری برادۆست و باڵەکایەتی و سۆران و سیدەکان کەوتوونەتە ناو بازنەی ئاگری شەڕێکەوە، کە ساڵ لەدوای ساڵ شەڕەکە بەرەو قوڵایی دوو پارێزگاکە تەشەنە دەکات، بۆیە ئێمە وەکو (ی.ن.ک) بەرامبەر بەم دۆخە ناهەموارەی کە پارێزگاکەمانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بێدەنگ نابین.
بۆ ئەو مەبەستە بەرنامەیەکی گشتگیر و گونجاومان لەهەموو سێکتەرەکانی (ئیداری، سیاسی، ئەمنی، ئابوری، ئاوەدانی، ژینگەیی، تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا، کشتوکاڵی، ژنان و گەنجان) و سێکتەر و کایەکانی دیکە ئامادەکردووە و بەسەرکەوتنی لیستی (ی.ن.ک) کۆتایی بەو دۆخە ناهەموارە دێنین و هەولێر و هەولێرییەکان ژیانێکی ئارام و ئازاد و پڕ لە ئاشتی و ئاوەدانی و یەکتر قبوڵکردن دەستپێدەکەن.
کۆمەڵانی خەڵکی هەولێر، سۆران، کۆیە، رەواندز، باڵەکایەتی، خۆشناوەتی، شەقڵاوە، خەبات و تەقتەق، ئێوە شایستەی ژیانێکی باشترن، شایستەی خزمەتگوزاری زیاترن، شایانی رێزلێنانی زۆرترن، شایستەی ئارامی و سەقامگیرییەکی هەمیشەیین، بۆیە با ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست نەدەین و بەدەنگی خۆتان، کۆتایی بە ستەم و جیاکاری و چەوسانەوە و نادادی و برسیکردن و بێکاری بێنن، ئێمەش بەدەنگی ئێوە، بە ئیرادەی ئێوە، بە پشتیوانی ئێوە، دەتوانین رێڕەوی حکومڕانی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان راستبکەینەوە و ئازادی و ئارامی و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بۆ هەموو شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی پارێزگای هەولێر مسۆگەر بکەین و هەولێری قەڵا و منارەش ببێتە پایتەختی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتە و خاوەن بۆچوونە جیاوازەکانەوە، لەگەڵمان بن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە فرەلایەنەکەی یەکێتی کە بۆ بوژانەوەی زیاتری پارێزگای هەولێر دایڕشتووە و بەرژەوەندیی سەرجەم چین و توێژەکان لەخۆدەگرێت.
لە کۆتاییدا دەڵێین؛ هەولێر بەهێزە و لەگەڵ هێزێکی وەکو یەکێتی بەرەو سەرخستنی لیستی ژمارە ١٢٩ و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێت.
لیستی ژمارە ١٢٩ ی (ی.ن.ک)
لە بازنەی پارێزگای هەولێر