محەمەد رەزا
لە ناو یەکێک لە ئاپورا جەماوەرییەکاندا، چاوم گەشتر دەبووەوە ئەو هەموو هەڤاڵ و دۆست و لایەنگرانەی یەكێتیی بەو شەوق و زەوقە بێ وێنەیەوە بەرەو كەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی لیستی ١٢٩ -ی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان دەچوون .
کە ئەوەم لە کەرنەڤاڵی یاریگای سلێمانیدا بەچاوی خۆم بینی، ئەوسا تێگەیشتم کە هەڤاڵان و دۆست و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان چەند وەفاداری رێبازەکەی مامی رەحمەتین، چەند بەشەوقەوە چەوەڕوانی ووتەکانی سەرۆک بافڵن، وا لێرەدا رای هێندێک لەو هەڤاڵ و دۆست و لایەنگرانەی یەكیتیی دەخەمە رو کە بەشداریی کەرنەڤاڵی یاریگای سلێمانی بوون و راستی قسەکانی ئێمە دەسەلمینن.
هەردی محەمەد وتی: بەڕاستی ساڵانێكی زۆرە یەكێتی شتی وای بەخۆیەوە نەبینیوە، بۆیە زۆر خۆشحاڵم كە ئێستا بەرەو یاریگای سلێمانی دەچم و لەوێ لەو كەرنەڤاڵە پڕشكۆیە دا چاوم بەسەرۆك بافڵ دەكەوێت و گوێ بیستی قسەكانی ئەبم، وتیشی لەسەردەستی كاك بافڵ ئومێدمان وایە حزبەکەمان ببێتەوە بە یەكێتییەكەی جاران.
شێخ عەلی: بەبڕوای من ئەم كەرنەڤاڵە دڵی نەیارانی ئەتەقێنێت و ئەندام هەوادارانی یەكێتیی دڵ خۆش دەكات، ئیستا خۆشبەختانە یەكێتی خۆی کۆكردۆتەوە و یەك كەس بڕیار دەدات ئەویش هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانییە .
فەرەیدون عەبدوڵڵا: هاواری دەكرد و هەردودەستی بەرزكردبۆوە دەیوت؛ لۆ مارێ.... بەهەلم زانی و دواندم، ئەو وتی؛ زۆر بەختەوەرم و هەست بە خۆشییەكی زۆردەكەم، ئەو فەرمانبەر بوو، باسی لەوە دەكرد كە نابێت ئەو هاوڵاتییەی لەزۆنی سەوز دەژی جگە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەنگ بەكەسیتر بدات.
محەمەد ئەحمەدیش هاوڕێی ئەو بوو، پێكەوە بەرەو یاریگای سلێمانی دەچوون، ئەمیش ئاماژەی بەوەدا كە یەكێتی ڕەگی لەناو خەڵكی بەشەرەفی كوردستاندا داكوتاوە، حزبێكە هەرگیز نافەوتێ، ئەگەر سەنج بدەیت هەر یەكێتییە بەرگەی ئەو هەموو هەوراز و نشێوە ی گرتووە و لەناویش نەچووە.
نەوزاد ئەحمەد- یش كە گوێی لە قسەكانیان بوو، زانی ئەم وتووێژانە بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ یە، خۆی تێكەڵ بە قسەكانمان كرد و وتی؛ كاكە ئەم هەڤاڵە ڕاست ئەكات ئەگەر ئاوڕێك بدەیتەوە کاتی خۆی لایەنێکی سیاسی لایەكی یەكێتی بردبوو، یەكێتی لاوز کرد، بەڵام هیچیان پێنەكرا، خۆشبەختانە یەكێتی وردە وردە هەستایەوە سەرپێی خۆی و بافڵ تاڵەبانی وا خەریكە ئەیخاتەوە سەرسكەی خۆی، لەبەرئەوە یەكێتی لە گەشانەوەدایە.
سەیران محەمەد -یش وەك مامۆستایەك سەرنجی خۆی بۆ خستینەڕوو باسی لەوەكرد ئەم جۆرە بۆنانە، هەر لە یەكێتی جوانە، ئومێد دەكەم ئەمجارە دەنگەكانی یەكێـتی سندوقەكانی هەڵبژاردن پڕبكات و چارەنوسمان ڕۆشن بكات.
هەڤاڵێكیش بەتەواوی خۆی سەوزپۆش كردبوو، زۆر هەوڵم دا ناوی خۆی ئاشكرانەكرد، ئەمیش پێی وتین: سەرۆک بافڵم بۆیەخۆش دەوێ چونکە ئەو قسەو بڕیارانەی دەیاندات بزانێت لەگەڵ پرەنسیب و سیسەتی یەكێتیدا ناگونجێت نایدات و بەتوندی رووبەڕووی دەبێتەوە، لەبەرئەوە سەركردەی سەركەوتوو ئەبێت بەو شێوەیە مامەڵە بكات.
لەلایەكی تریشەوە هێزی ئەمنی زۆر بۆپارێزگاریكردن لە هاووڵاتیان لە ئەركدا بوون، بەڵام ڕازی نەبوون قسەم بۆبكەن، تادەهات كاتەكەش درەنگ دەبوو، پاشان سەرۆک بافڵ هاتە سەر ستەیج و قسەی بۆ ئامادەبووان كرد. پاش تەواو بوونی وتەکانی و لەكاتی هاتنە دەرەوەی جەماوەر لە یاریگای سلێمانی، هیوا چاوشین كە خۆم دەیناسم کاتی خۆی پێشمەرگەی تیپی 57 ی سەگرمە بوو، بە دڵخۆشییەوە پێی وتم وەڵا كاكە محەمەد هەرگیز یەكێـتی ناكەوێت، ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان بەپشتی خوای گەورە لەسەر سندوقەكان زیاتر دەبێت باڵانسی هێزو دەستەڵات لە كوردستاندا دەبێت بگۆڕدرێت، هەر لە درێژەی قسەكانیدا وتی : ئێمە هەرئەندامەكانی خۆمان و كەس و كاریان دەنگمان بۆ بدەن بەسمانە، ئەوەشی نەشاردەوە كە یەكێـتی نمەك سوێرە و کەسانێک هەن نانی یەکێتیی دەخۆن و لەکاتی دەنگداندا کەمتەرخەمن.
یەكێكی تر كە قسەی بۆكردم ناوی موئەییەد عیماد بوو کە خەڵکی خانەقین بوو، ئەمیش وتی؛ لەخانەقینیش یەكێـتی وەزعی زۆر باشە ئەمەش بەهۆی سەرۆک بافڵەوە، چونکە سەرۆک بافڵ خەڵكەكەی دڵخۆش كردووە، یەكێتیش پیاوی ئازای دەوێـت.
دوا وێستگەی قسەكانمان لەگەڵ هاوڵاتییەكی كەم ئەندام بوو بەناوی (ش. م. س) سەبارەت بەو كەرنەڤاڵە گەورەیەی یەكێـتی، وتی: بەخوا یەکێتیی بەم گردبوونەوەیە نەیارانی توشی شۆك كردووە، ئەوەی ڕاستی بێت خەڵك ئەمەی لە یەكێتی ئەوێت، ئەم قسانەی سەرۆك بافڵ بەڕاستی رۆڵی کاریگەریان هەیە، هەموو نەیارانیش ئەوەیان بە بیردا نەدەهات بەمشێوەیە خەڵك لە دەوری یەكێتی كۆببێتەوە، ئاوا خەڵك بەشداربێت، نەیارەكانمان دەیان گوت؛ یەكێتی نەماوە، بەڵام وا دەركەوت كە یەكێتی بەپشتیوانی خوای گەورە بەرەوە بوژانەوە و بوونەوە بە یەکێتییەکەی جاران دەروات و ئێمەش هەر ئەوەمان دەوێت، ئێوەش دەستتان خۆش بێت.