ئەندامێکی پێشووتری جڤاتی نیشتمانی و سەدان هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان گەڕانەوە نێو ریزەکانی یەکێتی

07:15 - 2024-10-17
کوردستان
141 جار خوێندراوەتەوە

 رۆژی پێنجشەممە، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی(ی.ن.ک) لەڕێوڕەسمێکدا لە شاری سەیدسادق پێشوازی لە گەڕانەوەی جەبار جەلال، ئەندامی پێشووتری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کرد کە خۆی و سەدان هەڵسوڕاو و لایەنگری بزووتنەوەی گۆڕان گەڕاونەتەوە نێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەنێویشیاندا لێپرسراوی بازنەکانی ناڵپارێز و گەرمک و جێگری لێپرسروی بازنەی ناڵپارێز و لێپرسراوی رایەڵەی پێشمەرگە.

 لەو رێوڕەسمەدا کە هەریەک لە هەڤاڵان جەمیل هەورامی و حامید حاجی غالی و عومەر حاجی ئەحمەد و هەڵۆ پێنجوێنی ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر، باسی لە رۆڵی بەرچاوی جەبار جەلال کرد لە شۆڕشی نوێ و وێستگەکانی تری ژیانی سیاسی یەکێتیدا کە جێدەستی دیارە، هەروەک بەناوی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتییەوە بەگەرمیی بەخێرهاتنەوەی کردن بۆ ناو ریزەکانی حزبی خۆیان و پێیڕاگەیاندن، ئێوە کۆمەڵێک تێکۆشەری ماندوونەناسن و حزب بەچاوی رێزو پێزاینەوە لە تێکۆشانتان دەڕوانێت و جێگای هەموو تێکۆشەرانی کوردستانی تێدا دەبێتەوە.

لەبەرانبەردا، جەبار جەلال بەناوی خۆی و هاوڕێکانییەوە، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ بەرنامە  و ئەجیندای نیشتمانی و نەتەوەییانەی یەکێتی دووپاتکردەوە و رایانگەیاند، لەئێستادا یەکێتی کاریگەرترین هێزی سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمە بۆ گۆڕانکاری و بووەتەوە بە تاکە ئومێدمان، هەر بۆیە بەتەواوی هێزمانەوە پشتیوانی دەکەین و هەموو وزەو توانایەکمان بۆ سەرخستنی بەرنامەکەی دەخەینەگەڕ.

هەر لەو رێوڕەسمەدا، هەریەک لە هەڤاڵان جەمیل هەورامی و حامیدی حاجی خالید، لە دوو وتەی جیادا بەخێرهاتنەوەی جەبار جەلال و هاوڕێکانیان کرد بۆ نێو ریزەکانی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان