‌یادی 48 ساڵه‌ی شه‌هیدانی مه‌فره‌زه‌كه‌ی بادینان

11:56 - 2024-10-21
کوردستان
134 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌یاز محه‌مه‌د سه‌لیم هه‌ركی   





چلوهه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی گیانفیدا وه‌ك هه‌ڵگرانی مه‌شخه‌ڵی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ، به‌ سه‌رپه‌رشتی و رێنمایی سه‌رۆك مام جه‌لال و به‌ فه‌رمانده‌یی نه‌قیبی‌ ئه‌ندازیار شه‌هید ئیبراهیم عه‌زۆ، له‌ رۆژی یه‌كی حوزه‌یرانی 1976 و له‌ شاری قامیشلۆی خۆرئاوای كوردستانه‌وه‌، به‌ره‌و ده‌روازه‌ی سنووری دێریك به‌ڕێكه‌وتن و له‌وێشه‌وه‌ بۆ جه‌زیره‌ی بۆتان تا گه‌یشتنه‌وه‌ باشووری كوردستان له‌ سنووری پارێزگای دهۆك.
له‌وێوه‌ به‌كرده‌وه‌ جاڕی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی چه‌كداری دژی رژێمی ئه‌وكاته‌ی عیراق درا و شۆڕشێكی نوێ به‌ رێباز و سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێوه‌ سه‌ریهه‌ڵدا.
شه‌هید برایم عه‌زۆ و هاوڕێكانی، شانیان دایه‌ به‌ر ئه‌ركێكی سه‌خت و پڕمه‌ترسی، ده‌ستیان دایه‌ چه‌ك بۆ به‌رگریكردن له‌ خاك و كه‌رامه‌تی میلله‌تی كورد، هه‌وڵیاندا بۆ شكاندنی بازنه‌ی گه‌مارۆكانی رژێمی به‌عس له‌سه‌ر دانیشتووانی شار و گونده‌كانی سنووری دهۆك و بادینان به‌گشتی كه‌ له‌ دوای په‌یمانی جه‌زائیر و له‌ ساڵی1975ه‌وه‌، به‌سه‌ر خه‌ڵكی بادینان به‌تایبه‌تی و كوردستان به‌گشتی، سه‌پێنرا بوو.
شه‌هید ئیبراهیم عه‌زۆ و هاوڕێكانی بڕیاریاندا تا كۆتایی ژیان و تا دوا هه‌ناسه‌یان به‌رگریی له‌ ماڵ و كه‌رامه‌تی هاووڵاتیانی كوردستان و خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ بكه‌ن، ئه‌وان بۆ ئامانجێكی گه‌وره‌ و بۆ خه‌باتی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ دژی داگیركه‌ر ده‌ستیان دابووه‌وه‌ چه‌ك، نه‌ك بۆ حزبایه‌تی، ئامانجیان پاراستنی سه‌روماڵ و شكۆی خه‌ڵكی بادینان وكوردستان و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی په‌یمانی شومی جه‌زائیر بوو.
شه‌هید برایم عه‌زۆ و هاوڕێكانی وه‌ك تیمێكی گه‌ڕۆكی شۆڕشگێڕ، چالاكانه‌ به‌شداربوون له‌ سه‌ردانیكردنی كه‌سایه‌تی و خه‌ڵكی گونده‌كانی پارێزگای دهۆك و دڵنیاكردنه‌وه‌یان له‌ پاراستنی ماڵ و گیانی هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ری بادینان له‌ گه‌ماڕۆی سه‌ربازیی رژێمی ئه‌وسای عیراق، هه‌ر بۆیه‌ چوونی ئه‌و پێمشه‌رگانه‌ی شۆڕشی نوێ بۆ ده‌ڤه‌ری بادینان، مژده‌ و دڵنیاكه‌ره‌وه‌ی درێژه‌پێدانی شۆڕش بوو بۆ خه‌ڵكی پارێزگای دهۆك هاووڵاتیانی بادینان به‌گشتی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه‌ به‌گه‌رمی پێشوازیان لێكردن و بوونه‌ پاڵپشت و هاوكار و یاریده‌ده‌ریان به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی هێزی كوردی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا.
ته‌واوی هه‌ڤاڵانی یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی شۆڕشی نوێی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ بادینان 38 بوون، له‌ یه‌كی حوزه‌یرانی ساڵی 1976 و له‌ یه‌كه‌م ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ و راسپارده‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌ماڵی (خه‌لیل عه‌بدی سور)ی كه‌سایه‌تی ناسراوی  قامیشلۆ، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ڤه‌ری بادینان.
دوای ماوه‌یه‌ك چالاكی، سه‌رئه‌نجام 29 یان به‌ غه‌در شه‌هیدكران و پێنج كه‌سیشیان كه‌وتنه‌ به‌ر ده‌ستی رژێمی به‌عس و ساڵی 1977 له‌ زیندانی موسڵ، له‌سێداره‌ دران.

پێشمه‌رگه‌كانی مه‌فره‌زه‌كه‌
نه‌قیبی‌ ئه‌ندازیار ئیبراهیم عه‌زۆ گه‌رگه‌ری، فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌كه‌، عیزه‌ت ئیسماعیل هه‌پێ مه‌حمود شنگالی، عه‌بدولڕه‌حمان حه‌سه‌ن حوسێن شنگالی، عه‌بدولجه‌بار مه‌لا عه‌بدولغه‌نی ئیبراهیم سندی، فه‌یسه‌ل كاشان خدر، حوسێن ئه‌حمه‌د ئه‌حمه‌د باتی، عومه‌ر ئیبراهیم ره‌شید میرانی، ته‌ها عومه‌ر سه‌عید عه‌بدوڵڵا به‌روشكی- دۆسكی، سعود عه‌لی خالید میرانی، ره‌شید محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان میرانی، ئه‌حمه‌د عه‌رجه‌ف خالید زهێری، به‌دۆ سه‌یدۆ سینۆ عیسۆـ عه‌شیره‌ت شه‌رقی ئێزدی، یاسین حامید یوسف میرانی، فوئاد مه‌لا موسڵیح كۆیی- خه‌ڵكی قه‌زای كۆیه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، عیزه‌ت سدیق كه‌ریم خۆرانی خه‌ڵكی پارێزگای هه‌ولێر، نوری محه‌مه‌د ئه‌مین حه‌داد- خه‌ڵكی پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د بۆتانی- ئه‌حمه‌د كه‌شخه‌چی، سولاقه‌ تۆما شه‌معون- ئاشووری، خه‌ڵه‌ف حامید میرانی، قادۆ- خه‌ڵكی خۆرئاوای كوردستان، عه‌ڤدۆ عه‌لی زه‌رێ-خه‌ڵكی خۆرئاوای كوردستان، مسته‌فا موحسین عومه‌ر میرانی-مستۆ، ئیبراهیم خه‌لیل فه‌قێ میرانی، ئیبراهیم ره‌شۆ، جه‌لیل عه‌بدال شاباز، یونس زیكر عه‌بدال شنگالی -عه‌شیره‌تی به‌به‌وات، نوری موراد عه‌لی - خه‌ڵكی باكووری كوردستان، محه‌مه‌د حاجی محه‌مه‌د میرانی، عه‌لی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئه‌مین، قاسم محه‌مه‌د عه‌لی گه‌رگه‌ری، عه‌بدولحه‌مید عومه‌ر ته‌علو میرانی- خه‌ڵكی دێریكی خۆرئاوای كوردستان، سابیر عه‌ره‌ب عه‌بدی هه‌سنا، جاسم محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د میرانی، ره‌مه‌زان ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د عوسمان- خه‌ڵكی خۆرئاوای كوردستان، حوسێن ته‌مه‌ر قاسم موسا ره‌شا، عه‌لی حوسێن خالید، ئه‌حمه‌د عه‌بۆ حاجی، ته‌ها شنگالی.
 
كورته‌ی ژیاننامه‌ی شه‌هید ئیبراهیم عه‌زۆ 
شه‌هیدی فه‌رمانده‌ ئیبراهیم عه‌زۆ، له‌دایكبووی ساڵی 1949ی گوندی(گرڤر)ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی زوماری پارێزگای موسڵه‌، ساڵی 1969 كۆلێژی ئه‌ندازیاری به‌شی كاره‌بای ته‌واوكردووه‌ له‌ زانكۆی نه‌ینه‌وا.
له‌ سوپای عیراقدا ئه‌فسه‌ر بووه‌ به‌ پله‌ی نه‌قیب، له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و میسر به‌شداریی چه‌ندین خولی سه‌ربازیی كردووه‌.
له‌ ناو خه‌ڵكی بادیناندا كه‌سایه‌تییه‌كی خۆشه‌ویست بووه‌، كادرێكی چالاكی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بووه‌.
چۆته‌ سوریا و له‌ شام په‌یوه‌ندیی كردووه‌ به‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتیه‌وه‌ و له‌وێش چه‌ندین خولی تایبه‌تی بینیوه‌ بۆ مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری.
فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه‌بووه‌ كه‌ له‌ سوریاوه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ باشووری كوردستان بۆ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ.
رۆژی 19/10/1976 له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانیدا، به‌ غه‌در و به‌ فێڵ، شه‌هیدكران.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان