ئەگەر بمانەوێت باسی جیهانێکی بەشدار و هاوبەش بکەین، پێویستە باسی بەشی بێ بەشەکان بکەین. بەم مانایە، پراکتیزەکردنی هونەری بەشدارییکردن لە کایەی گشتیدا، پێشنیازێکی سیاسەتی کەلتورییە کە داوای گۆڕانکاری دەکات
وتەیەک
کاری بەکۆمەڵ و هەرەوەز، یەکێکە لە سیما گرنگ و جوانەکانی مرۆڤ، لە دێر زەمانەوە مرۆڤ بەو راستییە گەیشتووە، کە ناتوانێت بە تەنها بژی، بگرە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان، پێویستیی بە هاوبەشییکردن و هاوکاریی ئەوانی تر هەیە. ئەمڕۆش لە جیهانی مۆدێرندا، هەرچەندە تاکگەرایی بەسەر کۆمەڵگەکاندا زاڵە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی دوورەپەرێز بکات و دوور لە کۆمەڵگە بژی.
ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، ئێمە رۆژانە رووبەروی کارێک یان چالاکییەکی هاوبەش دەبین، بەبێ ئەوەی بە خۆمان بزانین بەشداری لە پڕۆسەیەکی بە کۆمەڵ دەکەین، بۆ نموونە بەشداری چالاکییەکی رۆشنبیری دەکەین یان کارێکی خێرخوازی، یان زۆرجار ئامانجێکی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تردا کۆمان دەکاتەوە، جا ئامانجەکە ئابووری یان سیاسی یان کەلتوری بێت.
دۆسێی ئەمجارەمان تایبەت دەبێت بەم تەوەرە گرنگە کە لەلایەن د. دانا کاکە حەمە نووسراوە، تێیدا باس لە بنەما و ئامانج و شێوازەکانی کاری بە کۆمەڵ یان ئەوەی خۆی ناوی لێناوە« هونەری بەشدارییکردن» دەکات. نووسەر هەوڵیداوە لە زۆر رووەوە، شڕۆڤەی بابەتەکە بکات و بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو.
د. دانا کاکە حەمە
پێشەکی
لەم وتارەدا باس لەو چالاکییە کەلتوریی و هونەرییانە دەکەین کە بە مانا گشتییەکەى وەک شێوازەکانى کردەیەکى بە کۆمەڵ، داهێنەرانە، جوانناسى و سیاسی بەشدارن لە کایەى گشتییدا، لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتەی هونەری هاوچەرخ پێى بەخشیوین. بەتایبەتى ئەو پراکتیزە هونەرییانە دەخەینە بەرباس کە کۆمەڵگەى نوێ بنیاتی دەنێن، خودى نوێ دەهێننە ژیانەوە، هەماهەنگى کاتى و شوێنى بۆ خۆیان دروست دەکەن. ئامانجی من لەم وتارەدا پێداچوونەوەیە بە پێناسەکانی هونەر و کەلتور و هەروەها بەشدارییکردن و سیاسەت.
هونەرى بەشدارییکردن، لەوانەیە بریتیی بێت لە رێکخستنى خوانێک، رێکخستنی بازاڕێکى خێرخوازی، دروستکردنى باخچەیەک بۆ کۆبونەوەی بەتەمەنەکان، کردنەوەی وۆڕکشۆپێک بێت بۆ بوارێکى تایبەت
بەر لەوەى بچمە ناو بابەتى سەرەکى وتارەکە، لە چەند پەڕەگرافێکدا هەوڵ دەدەم پوختەیەک دەبارەى «هونەرى بەشدارییکردن»وەک شێوازێکى نوێى هونەرى بخەمە بەرباس، کە یەکێکە لە کاریگەرترین شێوازە هونەرییە هاوچەرخەکان کە گرنگییەکى زۆرى هەیە لە بنیاتنانى سیاسەتێکى کەلتورى بۆ بەگەڕخستنى کۆمەڵگە و تێکەڵکردنى هونەر بە کایەى گشتى و سیاسییدا.
هونەری بەشدارییکردن، شێوازێکى هاوچەرخە بۆ بەدیهێنانى هونەرێک کە کۆمەڵگە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانیدا بەشداری دەکات، رێگە بە هەموو بەشداربووان دەدرێت کە ببنە دروستکەر و هاوکار و چاودێرییکەرى بەرهەمەکە. ئەم جۆرە هونەرە بەبێ بەشدارى فیزیکی بینەر ناتەواوە. ئەم هونەرە مەبەستیەتی ئاڵەنگارى فۆڕمە هونەرییە باڵادەستەکانى خۆرئاوا بکات، کە تیایدا چینێکی بچووکی هونەرمەندی پیشەگەر، هونەرەکە بەرهەمدەهێنن لە کاتێکدا خەڵک رۆڵی چاودێرێکى ناچالاک یان بەکاربەر دەگرنە ئەستۆ.
هونەری بەشدارییکردن، داوا لە هونەرمەندان دەکات کە لە کارەکانیاندا ئامادە نەبن، یان ئامادەییان بە جۆرێک بێ ئەوەندە پاشەکشە بکەن لە هونەرمەند بوون کە لەگەڵ بەشداربووان یەکسان بن. ئەمەش رەنگە تاکە رێگا بێت کە رۆڵى بەرهەمهێنەر و دروستکەر پێشکەش بە بەشداربووان بکرێت. بەبێ ئەم وردەکارییە، بەشداربووان هەمیشە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی هونەرمەنددا کار دەکەن، بەم شێوەیە ژێردەستە دەبن و کارەکەش شکست دەهێنێت لەوەى ببێتە بەشدارییکردنێکى راستەقینە و بەشدارییکەر رۆڵى خۆى ببینێت.
دەتوانرێت هونەری فۆلکلۆر و خێڵەکی بە پێشینە یان مۆدێلێک بۆ هونەری بەشدارییکردن لە دونیاى هاوچەرخدا هەژمار بکرێت، بەو پێیەی زۆرێک یان هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بەشداری لە دروستکردنیدا دەکەن. بەڵام بەکارهێنانى پرسی ئایدۆلۆژی لەم خاڵەدا سەرهەڵدەدات، چونکە هونەری دروستکراو لە دامەزراوە هونەرییەکاندا بە شێوەیەکی بنەڕەتى، بەشێکە لە جیهانی هونەر، بۆیە بەکارهێنانی هەستى و ئایدۆلۆژى پشت کارەکە، بە تەواوی جیاوازە لە هەر پراکتیزەیەکی رێوڕەسمی یان نەریتی کە لەلایەن گروپە فۆلکلۆری یان خێڵەکییەکانەوە دەربڕدراوە.
لە گۆڤاری زانستە مرۆڤایەتییەکانی ئۆریگۆن، ئێریک گۆڵدى نووسەر باس لە نەریتێکی هونەری دەکات کە پێی دەوترێت «پراکتیکی کۆمەڵایەتی»، کە ئاماژەیە بۆ ئەو بەرهەمە هونەرییانەى کە تێیدا هونەرمەند و بینەر و کارلێکەکانیان لەگەڵ یەکتردا تەواو میدیایین. لە کاتێکدا نیگارکێش، رەنگ و کانڤاس، هەروەها پەیکەرتاش دار یان مەڕمەڕ بەکاردەهێنێت، هونەرمەندی پراکتیکی کۆمەڵایەتی زۆرجار سیناریۆیەک دروست دەکات کە تیایدا بینەر بانگهێشت دەکرێت بۆ بەشدارییکردن، هەرچەندە ئەنجامەکان رەنگە بە فۆتۆگراف، ڤیدیۆ، یان بە شێوەیەکی تر دۆکۆمێنت بکرێن، بەڵام لەراستیدا کارە هونەرییەکە کارلێکێکە لە پەیوەندیی بینەر لەگەڵ هونەرمەند و دۆخەکەدا سەرهەڵدەدەن.
هونەری بەشدارییکردن، شێوازێکى هاوچەرخە بۆ بەدیهێنانى هونەرێک کە کۆمەڵگە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانیدا بەشداری دەکات
هونەری بەشدارییکردن
هونەری بەشدارییکردن هاوکارییەکی دینامیکی لە نێوان هونەرمەند و بینەر و ژینگەکەیاندا دروستدەکات. هونەری بەشدارییکردن تەنها شتێک نییە کە تۆ لە شوێنی خۆتدا بوەستیت و بە هێمنی سەیری بکەیت، بەڵکو بەشداری تێدا دەکەیت. دەستی لێدەدەیت، بۆنی دەکەیت، لەسەری دەنووسیت، قسەی لەگەڵدا دەکەیت، سەمای لەگەڵدا دەکەیت، یاری پێدەکەیت و لێی فێردەبیت. تۆ هاوبەشییەکى راستەقینە لە دروستکردن و بەرهەمهێنایدا دەکەیت.
هەموو پێکەوە
لە کاتى بیرکردنەوەم لە نووسینى ئەم بابەتە، کورتە فیلمێکم هاتەوە یاد بەناوى (هەموو پێکەوە)، کە لە ساڵی 2016دا بەرهەم هاتووە، لە نووسين و دەرهێنانى کریستۆف دیاکى دەرهێنەرى هەنگارییە. فیلمەکە باس لە چیرۆکی کچێکی بچووک دەکات کە دەچێتە شارێکى نوێ و لە نيوەى ساڵدا لە قوتابخانەیەکى نوێ دەست بە خوێندن دەکات، ئاسانتر لەوەی بیری لێدەکاتەوە لەگەڵ قوتابخانە نوێیەکەدا خۆى دەگونجێنێت. هەروەها کچەکە پەیوەندیی بە گروپى کۆڕاڵى قوتابخانەکە دەکات، کە ئامادەکارى دەکەن بۆ بەشدارییکردن لە پێشبڕکێیەکى نیشتیمانى گۆرانیوتن. لە یەکەم پرۆڤەدا منداڵەکە بە پەرۆشى و خڕۆشانێکى شەرمنانەوە گۆرانی دەڵێت، بەشدارییکردن لە کۆڕاڵ و گۆرانیوتن لەگەڵ منداڵەکان بەو ئامانجە بوو کە بتوانێت هاوڕێیەتی نوێ دروست بکات. هەموو شتێک بە باشى بەرەوپێش دەچوو تا مامۆستاکەی دوای پرۆڤە بانگى دەکات. منداڵەکە چاوەڕێی هاندان و هەندێک ئامۆژگاری دەکات. بەڵام مامۆستای وانەی موزیکەکەی داوای لێدەکات کارێک بکات کە هەرگیز بیری لێ نەدەکردەوە: لەکاتی گۆرانی وتندا تەنها پێویستە لێوەکانی بجووڵێنێت و هەرگیز دەنگێک دەرنەکات. چونکە هێشتا ئامادە نییە. ئەگەر ژاوەژاو دروست بکات، دەبێتە هۆی شکستهێنانى تیمى کۆڕاڵەکەیان لە پێشبڕکێکەدا. کچەکە دووچارى تێکشکانى خەونەکانى و نائومێدییەکى گەورە دەبێت، بەڵام لە دووەم پرۆڤەدا هەستەکانی دەگۆڕێت بۆ هەستێکى تۆقێنەر. کاتێک تێبینى ئەوە دەکات کە زۆرێک لە منداڵانی ناو کۆڕاڵەکە تەنها لێوەکانیان دەجووڵێنن و هیچ دەنگێک دەرناکەن.
لە دانیشتنەکانمدا لەگەڵ دۆست و برادەرانم زۆرینەى کات بابەتە هزرى و فەلسەفى یاخود هونەرى و سیاسییەکان دەوروژێنین و تاووتوێى دەکەین، لە یەکێک لە دانیشتنەکانمدا باسی ئەم فیلمەم وروژاند، کە پێشتر بۆم ناردبوون تا سەیرى بکەن. کەمیان هەستیان بەوە کردبوو کە بۆ سەرکەوتنی کۆڕاڵەکە هەندێک دەبێت بێدەنگ بن. زۆرتر جەخت لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەکرایەوە کە هەموو بە یەکەوە گۆرانی نەڵێن مومکین نییە ببێتە کۆڕاڵ. ئایا مەبەست ئەوە نەبوو کە هارمۆنییەتێک دروست بکرێت، لە دەنگە جیاوازەکانەوە؟
رێگرییکردن لە ئافراندنى یەکێتییەک یان یەکدەنگییەک لە دەنگە جیاوازەکان لە نێو فیلمەکەدا، وای لێکردین بیر لەوە بکەینەوە کە بەشدارییکردن مانای چییە. ئەو منداڵانەی لێویان دەجووڵاند، هەریەکێکیان تەنها بەناو بەشدار بوون. هیچ یەکێکیان لە کۆڕاڵەکە دەرنەکرابوون، بەڵام منداڵەکان بە بێدەنگی بەشدارییان لە کۆڕاڵەکەدا دەکرد، ئەو کۆدەنگیەیان بەرهەمدەهێنا کە رەوایەتى بە نایەکسانی دەدا. بەم شێوەیە، دەگەینە ئەو باوەڕەى کە نایەکسانی کۆمەڵایەتی تەنها بە رێگرییکردن لەبەشدارییکردن دەستپێناکات، بەڵکو لە پێناسەکردنى سروشت و جۆریەتى بەشدارییکردنەوە دەست پێدەکات، چونکە نایەکسانیی جیاکارییەکە لەگەڵ دامەزراندنى سیستەمی نوێنەرایەتییەوە وەک شتێکى رەوا قبوڵکراوە. نایەکسانی ئەو کۆدەنگییە بوو کاتێک دامەزرا کە ئەوانەی دەنگ یان بیستنی خراپیان هەیە، ئەوانەی ماریفەت یان ئەتەکێتیان نییە، ئەوانەی لە هونەر تێناگەن، ئەوانەى شێوەزارێکى جیاواز یان گۆکردنێکى خراپیان هەیە، هەندێک چین و توێژ کە پێگە و ئاست یان ناسنامەیەکى جیاوازیان هەیە، ئەوا لە تاریکی یان بێدەنگیدا دەمێننەوە.
بە درێژایی مێژوو بەهۆی جیاوازى لە بەهرە و ئارەزووەکاندا یاخود نەبوونى پاڵپشتیکارى بەهێزەوە، هەندێک دەنگ پێش ئەوەی بتوانن بچنە ناو کایەى گشتی یان لەسەر سەکۆ دەربکەون، نەدەبیستران. لە راستیدا قسە و دەنگ لە دەرەوەی ئەنجومەنەکان و لە ناو خەڵکدا هەمیشە بڵاوبۆتەوە، بەڵام دەنگەکان مەودایەکى کورتیان بڕیوە و نەگەیشتوون بە تەواوى ئەو شوێنانەى کە پێویستە پێیان بگات. ئەم دۆخەش رێک بەشێکى سەرەکى ئەنترۆپۆلۆژیای سیاسی ئەرستۆمان بیردەخاتەوە، کە پێى وابووە، مرۆڤ بەهۆى ئەوەى ئاژەڵێکی قسەکەرە، سیاسییە. لەم تێزەیدا مرۆڤ وەک بونەوەرێکی زیندوو پێناسە دەکات کە خاوەنی عەقڵ و قسەکردنە، بەڵام هەموو کەسێک پشکی یەکسانی لە قسەکردن و بیرکردنەوەکاندا نییە.
ئەوەی مامۆستا موزیکییەکە جێبەجێی کرد، جۆرێک لە سیاسەتی کەلتوری بوو کە نایەکسانی بەرهەم دەهێنا و تەواوى جیاوازییە راستەقینەکانی نەدەهێشت، لە هەمانکاتدا مامۆستاکە بەم رەفتارەى بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دەکرێت بەشدارییکردن بتوانێت: سیاسەتێکی کەلتوریی پەروەردەیی دیکتاتۆرانە کە نایەکسانی دەکات بە شتێکى ئاسایی لە پێناو گۆرانی گوتن بە دروستی، پێشکەشکردنی نمایشێکی سەرنجڕاکێش و سەرکەوتنی تیمەکەیان کە نوێنەرایەتیی قوتابخانەکەیانى دەکرد. ئەو بە رەوای دەزانی کە یەکسانی بەخت بکات لە پێناو پاراستنی یەک پێناسەی قبوڵکراو بۆ هونەر و کەلتوری بەرز.
دیموکراتیزەکردنی کەلتور
لێرەدا کێشەکەمان دەگات بەوەى کە پێویستە چ رێگایەک پەیڕەو بکرێت بۆ دیموکراتیزەکردنی کەلتور. کەواتە چۆن دەتوانرا کۆڕاڵێک پێکبهێنرێت؟ بە بێدەنگکردنی هەندێک منداڵ؟ یان بە ناچارکردنی هەندێکیان بۆ زیاتر کارکردن؟ یاخود بە هەڵبژاردنی گۆرانییەکی تر، کە لە ئاست و تواناى هەمواندا بێت کە بەشدار بن لە ئەداکردنى؟
ئەوەی فیلمەکە وادەکات بیری لێبکەینەوە ئەمەیە: بۆ ئەوەی کەلتور و پراکتیزەکردنی هونەرێک کە هەمووان تێیدا بەشداربن، سەرەتا ئەو رێککەوتن و کۆدەنگییەی کار لەسەر نایەکسانی زانین و بەهرە و ئارەزوودا دەکات، پێویستە بگۆڕدرێت، چونکە بۆتە هۆی پشتگوێخستنی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان و ئەو چینەى کە ناتوانێت شتێک بەدەست بهێنێت. واتە گۆڕینی شێوازە پەسەندکراوەکانی پێشووتر بۆ بەرهەمهێنانى هونەرێک کە بە سەرکەوتوو و باش دادەنرێت، دووبارە پێناسەکردنەوەی خودیەتى هونەر چییە، کێ لە هونەر تێدەگات و کێ تێناگات؟ بۆئەوەی تاک لە چالاکییەکی هونەری بەشدار بێت، پێویستە ئەو کات و شوێنانەى بۆ هونەر تەرخانکراون، بە تێگەیشتنى بەشدارییکردنى هەموان دووبارە دابمەزرێندرێنەوە. بۆئەوەی کۆمەڵگەیەک دروست بکرێت کە تاکە جیاوازەکان بتوانن دەنگی خۆیان ببیستن، پێویستە شێواز و رەفتار و پەیوەندیی نوێ، شوێن و خودى نوێ دابهێنرێت. کۆڕاڵێکی پڕ لە دەنگى جیاواز، چالاکییەکى داهێنەرانەیە بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکى فرە رەنگ. ئەمەش تەنیا شتێکى سیاسی نییە، بەڵکو خودی سیاسەتە.
کەی هونەر و کەلتور دەگۆڕێت بۆ سیاسەت؟
کەواتە کەی هونەر و کەلتور دەتوانێت بەشدارییکەربێت لە کایەى گشتیدا و ئەرکەکەى دەگۆڕێت بۆ سیاسەت؟
بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە تیشک دەخەینە سەر هەندێک لە تایبەتمەندییە کردارییەکانى بەشدارییکردن کە کۆمەڵگەى جیاواز بنیات دەنێن. بە چەند بنەمایەک درێژە بە وتارەکەمان دەدەین، کە بە رای من پێویستن بۆ سیاسەتێکی کەلتوری کە بەرگری لە مافی کەلتور دەکات.
پێم وایە ئەو رووداوە هونەریی و کەلتورییانەى کە سەرکەوتوو دەبن لە بەشدارییکردن لە کایەی گشتیدا، بە پلەی یەکەم لە رێگەی بەرهەمهێنانی پێناسەیەکی فرە رەهەندەوە بۆ کەلتور و هونەر، کە پێویستە لەسەر بنەماى پراکتیکە کەلتورییە جیاوازەکان دامەزرابێت و بە شێوەیەکی گشتگیر ژیانی رۆژانە لەخۆبگرێت: هونەر، دیزاین، وەرزش، پەروەردە، کشتوکاڵ، تەکنۆلۆژیا، پیشەسازی، خواردن و ... هتد.
پۆستەری فیلمی هەموو پێکەوە
کەلتوری فرە رەهەند
پێویستە بتوانرێت هەموو ئەمانە بە یەکەوە کار بکەن بەبێ ئەوەی ملکەچی جیاوازییە پلەبەندییەکانیان بن. پراکتیزەکردنى هونەرى بەشدارییکردن، لەوانەیە بریتیی بێت لە رێکخستنى خوانێک، رێکخستنی بازاڕێکى خێرخوازی، دروستکردنى باخچەیەک بۆ کۆبوونەوەی بە تەمەنەکان، کردنەوەی وۆڕکشۆپێک بێت بۆ بوارێکى تایبەت. لە راستیدا هونەری هاوچەرخ هەڵگری ئەو گۆڕانکاریانەیە کە پێویستە بۆ ئەم جۆرە ژینگەیە. کە بەبێ ئەوەی خەمی هونەر بوونى شتەکانى بە شێوەیەکى زەق هەبێت، خەڵک لە چین و کەلتور و تەمەنی جیاواز کۆدەکاتەوە. ئەم پێناسەیە بۆ کەلتوری فرە رەهەند، سەرەتایەکە بۆ بەشدارییکردن لە پراکتیزە هونەرییەکان و هەوڵدەدەن ژینگە و کات و ئامرازگەلێک دروست بکەن کە جیاوازی نێوان هونەرمەند و بینەر بە تەواوى کاڵ بکەنەوە.
ئەگەر چالاکییەکى هاوبەش وەک مۆدێلێک بۆ هونەرى بەشدارییکردن وەربگرین، چێشتى عاشورا دێتەوە یادم، کە ئامادەکردنێکى هاوبەشى هەیە و پێکهاتەکانی لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە دابین دەکرێن و ئامادە دەکرێن.
کەرەستە و پێکهاتەکانی چێشتى عاشورادا، بە زۆری لەلایەن ئەندامانی خێزان و دراوسێ یان خزم و دۆست و ناسیاو بە هاوبەشى دابین دەکرێت یان کۆدەکرێتەوە. هەروەها ئامادەکردنەکەشى بەشدارییکردنێکى بە کۆمەڵە و رەنگدانەوەیەکى گرنگیی کۆمەڵایەتی و کەلتورى هەیە.
بەشداربووان بەو کەرەستە جۆراوجۆرانەی پێشکەشی دەکەن بەشداریی لە چێشتەکەدا دەکەن. هەرکەسێک دێتە مەتبەخ شتێک دەھێنێ و دەیخاتە ناو مەنجەڵی چێشتەکەوە و تێکەڵى دەکات. ئەوەی لە چێشتخانەدا گرنگە هاودەنگی و هاوکارییە نەک بڕى کەرەستەکان. ئەم چالاکییە دەبێتە شوێنێک کە خواردن و کار و بیرۆکە و ژیانی رۆژانە و چیرۆکە جیاوازەکانى تێیدا هاوبەش دەکرێت. لێرە تەنها نان ناخورێت، هەرکەسێکى بەشدار لە خوانەکە، دەتوانێت زانیاریی و ئەزموونەکانی خۆی بۆ ئەوانی تر باس بکات، چونکە زانیارى و بەهرەی هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت بۆ کەسێکی تر سوودی هەبێت. هەمووان دەتوانن بەشداری بکەن لە چێشت ئامادەکردنەکەدا. ئەم خوانە خوانى هاودەنگی و هاوبەشییە لە بەرامبەر هەموو ئەو سنوورە سیاسى و کۆمەڵایەتییانەى کە لە یەکتر جیامان دەکەنەوە.
ئەو جۆرە چالاکییە هاوبەشانە، پەیوەندییە هەستیارەکانی نێوان مرۆڤەکان بۆ کارێکی هونەری دەگۆڕێت و جیهانە ئەگەرییەکانی دیکە دەکاتە شتێکى مومکین.
رۆڵی شوێن
لە لایەکی تر ئەگەر شوێن وەک بنەمایەک بخەینەڕوو، ئەوا لە هەرێمەکەى ئێمەدا، کایە کەلتورییەکان وەک شوێن دەکەونە ناوەندى شارەکان و سنووردارن بە ناوەندە رۆشنبیرییەکان، دامەزراوە گەورەکان، مۆزەخانەکان، هۆڵى نمایشکردن. ئەمەش لە بنەڕەتدا جیاکارییە، بۆ پێکهێنانی ژینگەیەکى هونەرى کە بەشدارییکردن تێیدا گەشە بکات، دامەزراندنى ژینگەیەکى کەلتوریی و هونەری پێویستە کە بچێتە ناوچە جیاوازەکانى شارەوە، لە ئاستی گەڕەک و قەزاکاندا بێ و بەپێی پێداویستی و داخوازییەکانی ناوچەکە شێوەیەک وەربگرێت. دامەزراندنى ژینگەیەکى لەم شێوەیە خۆی لە خۆیدا چالاکییەکی هونەری گشتییە و رێژەى بەشدارى خەڵک زیاد دەکات و ئۆپۆزسیۆنبوونی خەڵک دژ بە ناوەندى شار تێدەپەڕێنێت. بۆ نموونە چالاکى هونەرى لە شێوەى ڤیستیڤاڵی گەڕەک و ژینگەى هونەرى هاوشێوە نەک تەنها هاندەرن بۆ بەشدارییکردنى خەڵک و کۆکردنەوەى بینەر، بەڵکو بابەتى جیاواز و داهێنانى جیاواز بەرهەم دەهێنن. هەر چالاکییەکی گروپە بچووکەکان کە لە ناوچەکانى دەوروبەر و دوور لە ناوەندى شارەکان پێکدەهێنرێن، وەک نمایشى فیلمێک، کارێکى پێرفۆڕمانس، شانۆگەرییەک، نمایشێکى موزیکى، چالاکییەکى ژینگەیی لە دەرەوەى شار یاخود کردنەوەى پێشانگەی جیاواز، لە نێو پارکى گەڕەک و شارەدێ و شارۆچکەکان، دەبێتە چالاکییەکى هونەری و هاودەنگییەکى خۆ ڕێکخراو لەلایەن بەشداربووانەوە.
ئەو هاودەنگییەی کە لەلایەن دامەزراوە کەلتوریی و هونەرییەکانەوە رێکدەخرێن کە لە رێگەیەوە پەیوەندیی نێوان خەڵکی ناوچە دوورەکان پتەوتر دەکات، دەیانکات بە کۆمەڵگەیەک و بەشێکى بنیاتنەر و بەشداربوو لە چالاکییە کەلتورییەکانى وڵاتدا.
بیرکردنەوەى لەم شێوەیە لە کاتی دیارییکردنی ئەولەویەت، پێداویستی، داواکارییەکان و مامەڵەکردن بۆ ناسین و کاراکردنى دۆخى کەلتوری ناوچەیی، بێگومان لە چوارچێوەی سیاسەتی کەلتوری حکومەت بۆ ناوچە جیاوازەکاندایە. بەڵام لە زۆرێک لە پارێزگاکانی هەرێم، دامەزراوە رۆشنبیرییەکان و چالاکییەکانیان زیاتر لە ناوەندى شارەکاندا قەتیسی خواردووە، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى نەتوانرێت ناوچەی ئەزموونی سەربەخۆ دروست ببێت تاکو پەیوەندییە کەلتورییەکان رێکبخەن. بەم شێوەیە دەگەینە سەربەخۆیی کە خاڵێکی ترە لە تایبەتمەندی پراکتیزە هونەرییە بەشدارەکان لە کایەی گشتیدا.
پراکتیزەکردنى هونەری بەشدارییکردن لە کایەی گشتیدا، هەندێکجار چالاکییەکی کشتوکاڵییە یان مۆدێلێکی ئابووریی جێگرەوەى مۆدێلەکەى پێشووترە، هەندێکجاریش پڕۆگرامێکى تەلەفزیۆنی و رێکخستنى یارییەکى وەرزشییە.
کۆمەڵە و گروپە سەربەخۆکان
ئۆرکێسترایەکى موزیکى، ستۆدیۆیەکی هەڵپەڕکێ، ماڵپەڕێکى ئەلیکترۆنى، کتێبخانەی قاوەخانەیەک، ئەرشیفێکی دیجیتاڵی، گۆڤارێک، رۆژنامەیەک، سەنتەرێکى کەلتورى و دامەزراوەیەکى کەلتوریى سەربەخۆ، یاخود دامەزراوە سەربەخۆکانی تر، هونەرمەندان، نووسەران، چالاکوانان، خوێندکاران، جووتیاران، کرێکاران، کارمەندان، دانیشتوانی گەڕەکەکان و تاکەکانى کۆمەڵگە کۆدەکەنەوە. ئەمانە ناوچەی کەلتورى و هونەری سەربەخۆ دادەمەزرێنن، بە شێوە و بیرۆکەى جیاواز و فرەڕەنگ ژینگەیەکى کەلتورى تایبەت بە خۆیان دروستکردووە، پەیوەندییەکانیان پەرەپێداوە لە نێوان خۆیاندا. ئێمە لە شێوازی بابەتى بوون و خۆڕێکخستنیان وانەیەک وەردەگرین کە پێناسەکانمان بۆ سیاسەت و کەلتور نوێ دەکاتەوە.
کاتێک دەڵێم سەربەخۆ، مەبەستم کۆمەڵە و گروپە سەربەخۆکان و دامەزراوە کەلتوریى و پەروەردەییە قازانج نەویستەکانن، کە هاریکارن بۆ بەرەوپێشبردنى دۆخى کەلتورى و قەوارەیەکى یاسایین یان قەوارەکی یاساییان نییە، خەرجییەکانیان بەشێوەیەکی رێکوپێک و بەردەوام لەلایەن دامەزراوەی دیکەوە وەرناگیرێت و لە رووی کارگێڕییەوە پەیوەندییان بە دامەزراوەیەکی ترەوە نییە. بەڕای من یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی پشتیوانی لە گەشەسەندنى پراکتیزە هونەرییەکان و بەشدارییکردنیان لەکایەى گشتیدا، بوون و بەردەوامیی ئەم دامەزراوە و گروپە سەربەخۆیانەیە وەک فۆرمێکى جێگرەوەى دامەزراوە رەسمییەکان. هەروەها هەمەچەشنی و زۆری ئەم دامەزراوانە، پراکتیزە هونەرییەکان لە کایەى گشتیدا هەمەچەشن و چالاک دەکەن.
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکان کە هەمەچەشنی مومکین دەکات، ئەوەیە کە سەربەخۆکان خۆیان کارنامە و پرۆگرامى خۆیان دیاریی دەکەن. بەهۆی کارنامەى ئەوانەوە رێگری لە قۆرخکاری و یەکپارچەییکردن لە بواری کەلتورى و هونەریدا دەکرێت. بابەت و کارنامە چاوەڕواننەکراوەکان دەخەنەڕوو و نوێنەرایەتى کەلتورێکى نوێ و جیاواز دەکەن کە رەنگدانەوەیەکى راستەقینەى ژینگەى دەوروبەر و سەردەمەکە بێت. ئەمەش بە پێچەوانەی گۆڕەپانى کەلتورى کەرتى حکومییە، کە دۆخى رۆشنبیرى لە چوارچێوەیەکى یەکڕەنگى دیاریکراوى دواکەوتوودا لە بۆتە داوە.
لە پراکتیکی سەربەخۆکاندا، هونەری بەشدارییکردن وازهێنانە لە گۆشەگیرى و بوونە بە کردارێک لە خودی ژیانی رۆژانە. پراکتیزەکردنى هونەری بەشدارییکردن لە کایەی گشتیدا، هەندێکجار چالاکیەکی کشتوکاڵییە یان مۆدێلێکی ئابووریی جێگرەوەى مۆدێلەکەى پێشووترە، هەندێکجاریش پڕۆگرامێکى تەلەفزیۆنی و رێکخستنى یارییەکى وەرزشییە.
هەرچەندە ئەم جۆرە دامەزراوانە لەگەڵ حکومەت، کەرتی تایبەت یان سندوقە نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندییدان، بەڵام دەتوانین بڵێین کە سەربەخۆ و خۆڕێکخراون وەک جۆرێک لە ستراتیژی مانەوە پراکتیزەکردنی هونەری بەشدارییکردن ئەنجام دەدەن. سەربەخۆکان خەریکی پێناسەکردنەوەی کەلتورن. هەروەها هاوکاری لەگەڵ سەربەخۆکان لە دیارییکردنی ئەولەویەت و پێداویستی و داواکارییە کەلتورییەکان سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ سیاسەتى کەلتورى حکومەت.
پێویستە بتوانرێت هەموو بە یەکەوە کار بکەن بەبێ ئەوەی ملکەچی جیاوازییە پلەبەندییەکانیان بن
سیاسەتێکی کەلتوری
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە توخمێکی تری گرنگ کە پاڵپشتی بوونی چالاکییە هونەرییە بەشدارەکان لە کایەی گشتیدا دەکات، سیاسەتێکی کەلتورییە لەسەر ئاستی دیموکراتیزەکردنی کەلتور بە وەرگرتنی بڕیار سەبارەت بە بواری کەلتورى لە رێگەی پرۆسەیەکی دیموکراسیی مومکینەوە. بۆ ئەم مەبەستە، بە دامەزراوەییکردنی میکانیزمەکانی بڕیاردان کە بە شێوەیەکی بەشدارانە و گشتگیر دابمەزرێن، گرنگییەکی ژیانی هەیە بۆ بوونی چالاکى داهێنەرانە کە کۆمەڵگە دووبارە لە شێوەى گرووپى جیاواز دادەمەزرێننەوە.
پێویستە کەلتورى بەشدارییکردن بە شێوەیەک بێت هەموو بەشداربووان بتوانن دەنگى راستەقینەى خۆیان بگەیەنن، حکومەت و چالاکییە سیاسییەکانیش یەکێتییەک بەرهەمبهێنن کە هارمۆنییەک بێت لە بیرو دیدگا جیاوازەکان
بە کورتییەکەى، کێشەى پراکتیزەکردنی هونەری بەشدارییکردن لە کایەی گشتیدا، ناوەڕۆکی ئەخلاقی و سیاسی ئەو پەیامە نییە کە میکانیزمی نوێنەرایەتی دەیگەیەنێت، بەڵکو خودی میکانیزمی نوێنەرایەتییە. ئەمەش پێویستیی بە چارەسەری داهێنەرانە هەیە. داهێنان، وەک لێرەدا بەکاری دەهێنم، هەوڵ و کرداری گروپێکی پشتگوێخراوە بۆئەوەی خۆی بۆ ناو کایەی بوون رابکێشێت. ئەگەر بمانەوێت باسی جیهانێکی بەشدار و هاوبەش بکەین، پێویستە باسی بەشی بێ بەشەکان بکەین. بەم مانایە، پراکتیزەکردنی هونەری بەشدارییکردن لە کایەی گشتیدا، پێشنیازێکی سیاسەتی کەلتورییە کە داوای گۆڕانکاری دەکات.
ئەو گۆڕانکارییەش پێناسەیەک بێت بۆ هونەر کە بتوانێت ناسنامە و پراکتیزە کەلتورییە جیاوازەکان لە خۆبگرێت، هەمەجۆریی لە قەبارەى چالاکى و کاریگەریی ناوەندگەرایی، پشتگیرییکردن لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی سەربەخۆ ئەو سیفەتانەن کە دەبێتە بەرچەستەکەرى بیرۆکەی کۆمەڵگە کە پراکتیزە هونەرییە بەشدارەکان لە کایەى گشتیدا هەوڵی دروستکردنی دەدەن. ئەمە تاکە رێگەی مومکین نییە بۆ دروستکردنی هونەر، بەڵکو رێبازێکی دیموکراسییە بۆ ئەو پێکهاتە رواڵەتییەى لەمێژە هونەرى تێیدا نێژراوە. پێناسەیەکە بۆ هونەر کە هونەر بۆ هەموو مرۆڤەکان دەکاتە شتێکى مومکین، بەبێ هیچ جیاوازییەک. پراکتیزەکردنی هونەری بەشدارییکردن لە کایەى گشتیدا، جیهانی جیاواز دروستدەکات کە هەندێک کەس رۆژێک بە مەحاڵیان دەزانی. ئەم جۆرە هونەرەش جیهان دەگۆڕێت نەک ئەوەی پێشانمان بدات.
رەنگە تا دەگەیتە ئێرە پێشبینى کۆتایی فیلمەکەت کردبێت. رۆژە چاوەڕوانکراوەکە هات و کۆڕاڵەکە لەسەر شانۆ لەبەردەم دەستەی دادەوەران بۆ پێشبڕکێکە ئامادە بوو. مامۆستا ئاماژەی بە منداڵەکان کرد کە بە جددیەتێکی زۆرەوە دەست بە گۆرانی گوتن بکەن. هەموو منداڵەکان بە یەکەوە دەستیان کرد بە جووڵاندنی لێوەکانیان، بەڵام هیچیان دەنگیان دەرنەدەهات. منداڵەکان بە یەکگرتوویی وەستانەوە لە دژی نادادى دەسەڵات و کۆمەڵگەیەکیان لە بێدەنگی پێکهێنا. ئەوان وازیان لە بردنەوەی پێشبڕکێکە هێنا و هەموویان پێکەوەبوونیان هەڵبژارد. ئەمەش جۆرێکی ترە لە سەرکەوتن کە یەکێتییەکى فرە رەنگى بەرهەمهێناوە، بە بەشدارییەکى راستەقینەى هەمووان. دەکرێت لە ژێر رۆشنایی تایبەتمەندییەکانى هونەرى بەشدارییکردن لە دونیاى هاوچەرخدا، ئیدارەدان و بەشدارییکردن لە حکومەت و چالاکییە سیاسییەکانیش وەک چالاکییەکى هونەرى بەشدارییکردن سەیر بکرێت، کە پێویستە کەلتورى بەشدارییکردن بە شێوەیەک بێت هەموو بەشداربووان بتوانن دەنگى راستەقینەى خۆیان بگەیەنن، حکومەت و چالاکییە سیاسییەکانیش یەکێتییەک بەرهەمبهێنن کە هارمۆنییەک بێت لە بیر و دیدگا جیاوازەکان. یەکێتییەکى فرە رەنگ بێت، کە بتوانێت گوتارێکى یەکگرتووى هەبێت و دەنگى راستەقینەى هەموو بەشداربووە جیاوازەکانى تێدا ببیسترێت.