چارچه‌ڵی هه‌ركیا، دەکەوێتە زنجیره چیاکانی زاگرۆسەوە و ناوچەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێشە لە دەڤەری شەمزینانی باکووری کوردستان، رۆژانه خەڵکێکی زۆری هه‌ركی و گه‌شتیاری بیانی لە باکووری کوردستانەوە سەردانی ئه‌و ناوچه‌یه دەکەن و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن، بەتایبەتی لە وەرزی هاویناندا ناوچەی چارچەڵی بۆ هۆزی هەرکی و دەوروبەری كه‌شێكی گۆنجاوی هه‌یه. هه‌روه‌ها دوای 30 ساڵ لە شەڕ و پێکدادان له‌و ناوچه‌یه، ئێستا دۆخی ناوچەکە هێوربووەتەوە و هیچ پێکدادانێک لەو ناوچەیەدا نه‌ماوه و خەڵکی عەشیرەتی هەرکی لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە رۆژانه سەردانی چارچه‌ڵی دەکەن بۆ شادبوونه‌وه و بینینی نیشتمانی ره‌سه‌نی باوباپیرانیان و چێژ لە بینینی چیای سه‌رنجڕاكێشی چارچه‌ڵ ده‌بینن.
بەهۆی بەربەستی حکومەتەکانەوە، هۆزی هەرکی لە کۆچەرایەتییەوە بوونە نیشتەجێ لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر لە باشوور و شەمزینان لە باکوور و ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان
لەسەر چیاکەوە شاری موسڵ دەبینرێت
ئەو دەڤەرە چەند گوندێكی وەک شیوا هەرکێ و ته‌ستا بێداو و چەند گوندێکی دیکە لەخۆ دەگرێت کە دەکەونە دیوی باکووری كوردستانەوە و ئێستا ئه‌و ده‌ڤه‌ره واڵایه و کەس تێدا نیشتەجێ نییه.
چارچه‌ڵ له چوار چیای لووتکە بەرز پێكهاتووه و دەکەوێتە چوارچێوەی زنجیرە چیای زاگرۆسی گەورەوە و سەربە قه‌زای گەڤەرە لە باکووری کوردستان و ناسنامه‌ی هەموو لقەکانی عەشیرەتی هەرکییە لە هەرچوار پارچەی کوردستان.
ئەم چیایە لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین چیاكانی کوردستانی گه‌وره‌یه و دەکەوێتە سەر سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستان.
چارچه‌ڵی هەرکیا، دەکەوێتە سەر جیایەکی گەورە و به‌رز، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، لەسەر ئەم چیایەوە باشووری کوردستان و شاری موسڵ دەبینڕێت.
نیشتمانی مێژوویی هەرکیان
شایانی باسە دەڤەری چارچەڵی هەرکی، ناوچەی مێژوویی و رەسەنی عەشیرەتی هەرکییه و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەهۆی جەنگە یەک لەدوایەکەکانەوە، هۆزی هەرکی ئەو شوێنەیان وەک قەڵایەک بۆ خۆپاراستن به‌كارهێناوه. ئەم دۆخە تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم بەردەوام بووە، بەڵام دوای شۆڕشی پیشەسازی و پێشكه‌وتنه‌كانی جیهان، خەڵک لە شاخ و دەشتەکانەوە روویان لە گوندەکان و نزیک شارەکان کردووە، بۆیە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا عەشیرەتی هەرکی بە تەواوی ناوچەی چارچه‌ڵی هەرکیا چۆڵکراوە و له وه‌رزی هاویناندا پێکەوە له ده‌شت و زۆزانه‌كانی رۆژهەڵاتی كوردستان سه‌رقاڵی به‌خێوكردن و لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان بوون.
لە کۆچەرییەوە بۆ نیشتەجێی شار
لە وه‌رزی زستانیشدا لە گوندەکانی خۆیان لە قه‌زاكانی ئاكرێ و ر‌واندز و شه‌مزینان له باكوور و تەرگه‌وه‌ڕ و مەرگه‌وه‌ڕ له رۆژهەڵاتی کوردستان نیشته‌جێ ده‌بوون، بەڵام لە دوای پەیمانی سایکس پیکۆوە، حکومەتەکانی عیراق و تورکیا و ئێران وردە وردە عەشیرەتی هەرکییان له ژیانی كۆچه‌ریی سنووردار کرد، بەڵام تا کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا هەر به‌رده‌وام بوون، دوای ئه‌و هه‌موو بەربەستانه‌ی حکومەته‌كان و شه‌ڕ لە ناوچە جیاجیاکانی كوردستان، ئیتر هۆزی هەرکی بەگشتی نیشتەجێ بوون و ژیانی کۆچەرییان بەجێهێشت و بەتەواوه‌تی دابەشبوون بەسەر باشووری کوردستان له قه‌زای ئاكرێ له بادینان و پارێزگای هه‌ولێر و قه‌زای شه‌مزینان له باکوری کوردستان و پارێزگای ورمێ له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان لە گوند و شارەکاندا نیشتەجێ بوون.
پیران شەمزینی ئامادەی کردووە