چیده‌م باران، ژنه‌ نووسەر و شێوەکاری کوردی باکوور بۆ کوردستانی نوێ :

رۆمانێكم باس لە ژیانی ژنه‌ سەرۆک هۆزێكی کورد دەکات لە ناوچەی ماردینی باکووری کوردستان

11:22 - 2024-10-23
کوردستان
111 جار خوێندراوەتەوە

چیده‌م باران ژنە نووسەر و چیرۆکنووسێکی کوردی شاری ئامەدی باکووری کوردستانە و خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە بواری نووسین و كاری هونه‌ری شێوه‌كاریشدا. جگە لەوەش وه‌ك مامۆستا لە خوێندنگە لە بواری زمانی کوردیدا خزمەتی زۆری کردووە و خۆشەویستییەکی تایبه‌تی بۆ زمانی دایک هەیە.

لەبارەی خولیا و بەهرەکانییەوە، چیده‌م باران به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: هەر لە منداڵییەوە حەز و خۆلیای بۆ كاری هونەری شێوه‌كاری هه‌بووه‌، بەڵام دواتر دەستیکردووە بە نووسینی کورتە چیرۆک و رۆمان. 

چیده‌م باران:
هەندێک نووسەری کورد هەن، چه‌ندین کتێبی کوردییان هەیە، بەڵام بەداخەوە منداڵەکانیان نازانن بە زمانی دایک قسە بکەن یان کتێبەکانی باوک و دایکە نووسەرەکانی خۆشیان به‌ كوردی بخوێننەوە

خاوەنی چوار رۆمان و چەندین چیرۆکە 
هەروەها دەڵێت: یەکەم رۆمانم لە ساڵی2011 دا بە ناوی (ل په‌راڤێن تۆرێ - تۆرێن ئەڤینێ) نووسیووە و چوار رۆمان و چەند چیرۆکێکیشم نووسیوه‌. 
چیدەم وتیشی: رۆمانێكم باس لە ژیانی ژنه‌ سەرۆک هۆزێكی کورد دەکات لە ناوچەی ماردینی باکووری کوردستان کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من هەبوو. 
وەک خۆی ئاماژەی پێکردووە رۆمانەکانی بە زمانی کوردی بە پیتی  لاتینی نووسیووە و ئامانجی سەرەکیشم لە نووسیندا خزمەتکردنی زمانی کوردییە. 
ئەو خانمە نووسەر و شێوەکارە کوردە دەشڵێت: من حەزێکی تایبەتم بۆ زمانی دایکی خۆم هەیە و عاشقی زمانی کوردیم، چونکە دۆخی زمانی کوردی لە باکووری کوردستاندا باش نییە، ناچارم خەبات بۆ پاراستنی زمانی کوردی بکەم. روونیشیکردەوە کە ئەو خۆی مامۆستای ده‌وڵه‌تە و چەندین وانەی کوردیی بە خۆێندكاران و فێرخوازانی زمانی کوردی وتووەتەوە. کار و ئامانجه‌كه‌شی بۆ خزمەتکردنی زمانی دایکە و دڵخۆشە بە کارەکانی، هەروەها دەڵێت: ئەوە مایەی خۆشحاڵیی خه‌ڵكی ئێمه‌شه‌ لە باکووری کوردستان. 

ئەم دیاردەیە بەلایەوە گرفتی گەورەیە
ئەو گرفتەشی خستەڕوو کە هەندێک نووسەری کورد هەن، چه‌ندین کتێبی کوردییان هەیە، بەڵام بەداخەوە منداڵەکانیان نازانن بە زمانی دایک قسە بکەن یان کتێبەکانی باوک و دایکە نووسەرەکانی خۆشیان به‌ كوردی بخوێننەوە بۆیە پێیوابوو ئەوە کارەساتە و پێویستە ئامانج لە نووسیندا، پەرەپێدان و پاراستنی زمانی کوردی بێت.
هه‌روه‌ها دەڵێت: زۆر بابەت و چیرۆکم لە گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، بەتایبەتی لە گۆڤاری (دڵۆپ) و چەندین بابه‌تیشم له‌ رۆژنامە کوردییەکان بڵاوكردووەته‌وه‌ کە لە دەرەوەی وڵات دەردەچن. 
لەبارەی کاری شێوەکارییشەوە دەڵێت: چەندین پیشانگەم لە وڵاتانی ئەوروپا و لە باکووری کوردستاندا کردووەتەوە و ماوەیەک لە بواری نیگارکێشیدا لە زانکۆی دیجلە کارم کردووە و خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی بەوەی ئێستا ژنانی کورد لە هێڵی سیاسی و فیکرییدا پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و چەندین بەربەستی کۆمەڵایەتییان تێپەڕاندووە.

پرۆفایلی چیدەم باران 

*لە ساڵی 1985دا لە شارۆچکەی میدیاتی سەربە پارێزگای ماردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە. 
*خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شارەکەی خۆی تەواوکردووە.
*لەساڵی2018 لە زانکۆی دیجلە بڕوانامەی له‌ به‌شی شێوه‌كاریدا به‌ده‌ستهێناوه‌. 
*جگە لە ئەزموونی نووسین، چەندین چالاکیی هونەریی لە باکووری کوردستان و ئەڵمانیا هەیە.
*ئێستا وەک مامۆستا و رۆماننووس لە باکووری کوردستان بەردەوامە لە چالاکییە ئەدەبی و هونەرییەکانی.

 

پیران شەمزینی ئامادەی کردووە

بابەتە پەیوەندیدارەکان