پیاوه‌ هێمنه‌كه‌ی شۆڕش

12:48 - 2024-10-23
کوردستان
100 جار خوێندراوەتەوە


له‌و چه‌ند دیداره‌ی كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا پێی شه‌ره‌فمه‌ندبووم، ئه‌وه‌ی پێشتر له‌باره‌ی كاك به‌كری حاجی سه‌فه‌ره‌وه‌ بیستبووم، هه‌ر ئه‌وه‌م بینی كه‌ بیستبووم، له‌ سیما و گوفتاریدا لوتكه‌ی رێز و سه‌نگینیم بینی، جوانی و پاكی و بێگه‌ردی، هێمنی و له‌سه‌رخۆیی و دوور له‌ ناوزڕاندن، بێبه‌ریی له‌ كێشمه‌كێشی ناڕه‌وا و ملشكاندنی ده‌وروبه‌رم ده‌بینی.
له‌ دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كان و كه‌وتنه‌ سه‌ر سفره‌ی حوكمڕانی و په‌یدابوونی هۆكاره‌كانی چێژی كه‌سی و دنیا ویستی، كه‌م كه‌س هه‌یه‌ وه‌ك به‌كری حاجی سه‌فه‌ر به‌ پاكی بمێنێته‌وه‌ و پێی هه‌ڵنه‌خلیسكێ، له‌كاتێكدا به‌ درێژایی شۆڕش و دوای راپه‌ڕینیش، كاك به‌كر سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌ و خاوه‌ن پێگه‌ و به‌رپرسیارێتیی گرنگ بووه‌، به‌ڵام زێڕی كه‌سایه‌تیی ئه‌و، له‌ مه‌حه‌كدا ره‌سه‌نی و به‌های خۆی له‌ده‌ستنه‌دا و پاراستی.
كاك به‌كر له‌ دایكبووی ساڵی 1942ی شاری پێنجوێنه‌، له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا چۆته‌ كۆڕی تێكۆشانه‌وه‌ و دوا پله‌ی له‌ پارتیدا لێپرسراوی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پێنجوێن بووه‌، ساڵی 1964 له‌ دووله‌تبوونه‌كه‌ی پارتی، پشتگیریی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی كرد. ساڵی 1970 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ و ساڵی 1974 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول.
ساڵی 1976 كراوه‌ته‌ لێپرسراوی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌پێنجوێن و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بوو به ‌پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕشی نوێ، به‌و هۆكاره‌، باوكی ‌و دوو برای ‌و هاوسه‌ر و كوڕ ‌و كچه‌كه‌ی له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیركران و ساڵی 1978 به‌ لێبوردنی گشتی ئازادكران، دیسان ساڵی 1980 كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌ستگیركرانه‌وه‌ و ساڵی 1982 به‌ لێبوردنی گشتی ئازادكرانه‌وه‌. دیارترین ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له‌ خه‌باتی شاخدا پێی سپێرداوه‌، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی ی.ن.ك و كۆمه‌ڵه‌، فه‌رمانده‌ی هه‌رێم، بوون.
به‌شداریی راپه‌ڕینی 1991ی كردووه‌، ساڵی 1992 به‌ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی 2009 به‌ ئه‌ندامی خولی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند دانرا، له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتیدا(ساڵی 2010) به ‌ئه‌ندامی خولی دووه‌می ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند هه‌ڵبژێردرا و كرایه‌ سكرتێری ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، ساڵی 2011 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌. رۆژی 22/10/ 2014 به‌هه‌مان هۆكار كۆچی دوایی كرد.

ئاوات كۆكه‌یی

بابەتە پەیوەندیدارەکان