20/10/2024 ساڵیادی كۆچی فەرماندە و تێكۆشەر و پێشمەرگە و ئایكۆنێكی كۆڵنەدەر و تێكۆشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، فەریقی یەكەمی روكن نەوشیروان فوئاد مەستی بوو، ئەم پێشمەرگە پەیوەستە بە كورد و كوردایەتی لەساڵی 1941 و لەخێزانێكی زانستخواز و بەهەڵوێست و روناكبیر لە سلێمانی لە گەڕەكی كانێسكان لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی هەر لە شاری سلێمانی تەواوكردووە، دواتر كۆلێژی سەربازی لە بەغدا تەواو دەكات و دەبێت بە ئەفسەر. هەڵبژاردنی ئەم بوارە بەخواستی خاك و نیشتمان و نەتەوە بوو، كارەكەش هەروا دەرچوو لەكاتێكدا شۆڕش لەسەرەتای شەستەكانەوە دەستیپێكرد و ئەمیش لەگەڵ پۆلێك لە خەمخۆرانی نیشتمان، وەك پێشمەرگە و فەرماندە، روو لە شاخ و كوردایەتی دەكەن. بەویژدانێكی ئەخلاقی و نەتەوەییەوە ئەركە پیرۆزەكانی خۆی بەبێ دابڕان بەجێهێناوە و لەدوای راپەڕینە مەزنەكەوە رۆڵێكی گرنگ و سەرەكیی بینیووە لە دامەزراندنی كۆلێژی عەسكەری لە قەڵاچوالان و كۆلێژی ئەركان لە چوارقوڕنە، لەسەر فەرمانی سەرۆك مام جەلال.
ئەوە ئێمەی بنەماڵە نییە، بەڵكو هاوڕێ و لاپەڕەكانی مێژووی خەباتی كوردایەتی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە پێمان دەڵێن كە نەوشیروان فوئاد مەستی كەسێكی بوێر و دڵسۆز و خاكیی و بەوەفا و قسەڕاست بووە، هەمیشە لەپێناوی بەرژەوەندیی گەلەكەی رۆڵی بینیووە، بۆ زیاتر زانیاری لەسەر ئەم كەسێتییەش هاوڕێكانی دەكەینە زمانحاڵی كەسێتییەكەی.
ئێمەش وەك بنەماڵەکەی، پەیمان دەبەستین كە هەمیشە لەسەر رێباز و فیكری باوكی كۆچكردوومان بەردەوام دەبین لە خزمەتی كورد و كوردستان.
پ.د. نیان نەوشیروان مەستی