دوو نهۆمی نەخۆشخانەی ئازادی نۆژەنكرایەوە..

عەبدوڵڵا میروەیس بۆ کوردستانی نوێ : وەك ئەنجومەنی پارێزگا تێبینیمان هەیە لەسەری

09:48 - 2024-10-24
کوردستان
81 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد
لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی كەركوك، بڕیار لەسەر نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی فێركاریی كەركوك دراوە و نۆژەنكردنەوەكەش بە قۆناغ دەبێت. ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش رایدەگەیەنێت: نۆژەنكردنەوەكە وەك پێویست نییە و تێبینیمان هەیە لەسەری.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەئامادەبوونی پارێزگاری كەركوك، دوای تەواوبوونی نۆژەنكردنەوەی نهۆمەكانی پێنج و شەشی نەخۆشخانەكە، كرایەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رایگەیاند: نەخۆشخانەی ئازادیی فێركاریی كەركوك لەساڵانی هەشتاكانەوە دروستكراوە و لە شەش نهۆم پێكهاتووە، كاری نۆژەنكردنەوەكەشی بە بەرنامە دەبێت، بۆ ئەوەی كاروباری نەخۆش و نەخۆشخانەكە پەكینەكەوێت.
سەبارەت بە كارەكانی نۆژەنكردنەوەكەش، وتی: تێبینیمان لەسەر نۆژەنكردنەوەكە دەستنیشان كردووە، كە كەموكوڕی زۆر لە كارەكاندا لەلایەن بەڵێندەری پرۆژەكەوە كراوە، بەدڵنیاییەوە رێگەنادەین بەسەرماندا تێپەڕێت و دەمانەوێت ئەو پارەیەی بۆ نۆژەنكردنەوەكە خەرجكراوە وەكو خۆی بێت، وتیشی: سەرباری تێبینییەكانمان، لەبەر بەرژەوەندیی نەخۆش و سەردانیكارانی نەخۆشخانەكە، رێگەماندا بكرێتەوە، كە لۆدێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكە هەیە، بەڵام بەدواداچوونەكان بۆ كارەكانی نۆژەنكردنەوەكە بەردەوام دەبێت و پێویستە وەك خۆی و بەباشترین شێوە نەخۆشخانەكە نۆژەنبكرێتەوە، كە لەداهاتوودا نۆژەنكردنەوەی دوو نهۆمی دیكەی نەخۆشخانەكە دەستپێدەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان