راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

07:31 - 2024-10-24
کوردستان
151 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 24ی 10ی 2024 ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی سازکرا، بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی ئاکامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی یەکێتی لە دووقاتکردنی دەنگەکانی و گەشانەوەی گیانی سەوزکردنی سیاسەت و دیموکراتی لە کوردستاندا.

سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆک بافڵ وێڕای پیرۆزبایی لە گەلەکەمان و دەستخۆشی لە هەڤاڵان، هۆکاری سەرکەوتنی گەڕاندەوە بۆ یەکگوتاری و  یەکڕیزیی سەرکردایەتی و هیمەتی هەڤاڵانە لە کەمپینە پڕ جۆش و خرۆشەکانیان کە رۆحی بەرزی یەکێتی بوونیان زیندووکردەوە، بە تایبەت لەناو کوڕان و کچانی لاودا، وتیشی: ئەم جۆش و خرۆشە هانمان دەدات پێداگری بکەین لەسەر پەیامی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گێڕانەوەی هاوسەنگی هێز و پابەندبوون بەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەی خۆمانمان داوە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە، لەناویشیاندا پرسی (تەوتین)ی مووچە. ئاماژەی بەوەش دا سەرکەوتنمان هەر لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق نییە، بەڵکو ئێستا یەکێتیمان گەڕاندۆتەوە بۆ قۆناغی سەرۆک مام جەلال لە قورسایی سیاسی و دیپلۆماسی لە دونیادا.

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی وێڕای جەختکردنەوە لە هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەستخۆشی لە کەمپینی نوێباو و داهێنەرانەی یەکێتی بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی کردەوە، کە نەک هەر گەرم و گوڕی دا بە هەڵمەتە سەوزەکەمان بەڵکو دیمەنێکی شارستانی و دیموکراتی جوانی بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کوردستانیش بەخشی.

سەرکردایەتی پێزانینی بێپایانی خۆی بۆ جەماوەری کوردستان دەربڕی سەبارەت بەو متمانەی بە یەکێتییەکەی خۆیانیان دایەوە و جەختی لەسەر ستراتیژی گەڕانەوە بۆ  پرەنسیپەکانی سەرۆک مام جەلال کردەوە کە هەمیشە لە خزمەتی خەڵکی بەوەفای کوردستاندا درێغی نەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئۆرگانەکان و هەڤاڵان راسپێردران وزە و توانای خۆیان بخەنە خزمەت ئەو دیدگایەی کە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کەمپینی هەڵبژاردندا ناوی لێنا (کوردایەتی نوێدەکەینەوە) لەسەر بنچینەیەکی سەردەمیانە کە خزمەتی راستەقینە بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان