هێمن ئەحمەد
بە ئامادەبوونی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، ئەندامانی ئەنجومەن و چەند كەسایەتییەكی ناسراو، یەكەم كۆڕبەندی جیهانی «تی ئی دی ئێكس عەرەفە» لەژێر دروشمی (پێكەوە بۆ ئاشتی و برایەتی) لە سەنتەری رۆشنبیریی كەركوك بەڕێوەچوو.
لە كۆڕبەندەكەدا، خانمی یەكەمی عیراق وتارێكی پێشكەشكردو وتی: لە كەركوكەوە فێری ئەلف و بێی پێكەوەژیان بووم، ئەو شارەی كە هەموومان هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین و لە دڵی هەمووماندا بە شاری پێكەوەژیان ناسراوە، بۆیە ئەم شارە لە دڵی مندا پێكەوەژیانی راستەقینەیە، نەك تەنیا دروشم، بۆیە دەبێت بە هەموومانەوە هەوڵی بۆ بدەین ئەو سمبولە جوانە وەكو خۆی بمێنێتەوە.
پاشان پارێزگاری كەركوك رایگەیاند: كاری لەپێشینەی ئیدارەی كەركوك پاراستنی بناغەكانی پێكەوەژیان و پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی گەنجانە، چونكە ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئیدارەی كەركوك وامان لێدەكەن زیاتر هەنگاو بنێین و لە خەمی ئاواتەكانی هاووڵاتیانی كەركوكدا بین.