پارێزگاری كەركوك كێشەی جوتیاران چارەسەر دەكات

بۆ ئەمساڵ، زەوییە كشتوكاڵییەكانی جوتیارانی كورد و توركمان دەچێتە چوارچێوەی پلانی كشتوكاڵییەوە

01:05 - 2024-10-27
کوردستان
86 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد

بە بڕیاری رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، زەوی جوتیارانی كورد و توركمان داخلی پلانی كشتوكاڵی دەكرێن، نوێنەری جوتیارانیش رایدەگەیەنێت: بەهەوڵی پارێزگاری كەركوك بەشێك لەو زەوییە كشتوكاڵییانەی كە «بڕیاری ئەنجومەنی قیادەی سەورە و لیژنەی شئونی شیمالی» لەسەر بوو لە سەردەمی رژێمی بەعس رەشكرابوونەوە، ئەمساڵ داخلی پلانی كشتوكاڵی دەكرێنەوە، بەم هەوڵەی پارێزگاری كەركوكیش كێشەی جوتیارانی كورد و توركمانی سنووری پارێزگای كەركوك و ناوچەكە چارەسەر دەكرێت، چونكە پێشووتر جوتیاران بێبەش دەكران لە هەموو ماف و بەروبوومێك و لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵی لێیان وەردەگیرا.
محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی سنووری دووبزو سەرگەڕان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە ساڵی 2003وە زەوییەكانمان لە چوارچێوەی پلانی كشتوكاڵی بوون و لە هەموو هاوكارییەكانی حكومەت بۆ جوتیاران سوودمەند دەبووین، بەڵام بەداخەوە لە دوای ساڵی 2017وە بە بڕیارێك لە سەرجەم ئەو مافانە بێبەشكراین، بە بیانووی ئەوەی زەوییەكانمان كێشەی لەسەرە، بەڵام ئێستا بە بڕیاری پارێزگاری كەركوك سەرجەم ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی كە دەركرابوون، دووبارە داخڵی نێو پلانی كشتوكاڵی بوون و دەتوانین لە هەموو مافەكانمان سوودمەند بین.
 وتیشی: بڕیارەكە، دڵنیایی دەداتە جوتیاران كە بەروبوومەكانیان وەكو گەنم و جۆ و گەنمەشامی هاوشێوەی جوتیارانی تر، حكومەت لێیان وەردەگرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان