په‌یامنێرێكی كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان بۆ کوردستانی نوێ :

په‌یامنێری سه‌ركه‌وتوو پێویسته‌ خاوه‌نی رۆشنبیرییه‌كی زۆر بێت

12:29 - 2024-10-29
هەمەرەنگ
73 جار خوێندراوەتەوە

گۆران سه‌ید نوری په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان ساڵی 1984 له‌ گوندی چیمه‌ن سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركوك له‌دایكبووه‌ و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسه‌ له‌ به‌شی كارگێڕی و 18 ساڵه‌ له‌ بواری راگه‌یاندن كار ده‌كات و ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌. 
گۆران سه‌ید نوری به‌ دوالاپه‌ڕی وت: ماوه‌ی 18 ساڵه‌ له‌ راگه‌یاندنم، وه‌ك بێژه‌ر و هه‌واڵساز و مۆنتێر و په‌یامنێر كارم كردووه‌ و ئێستا ماوه‌ی 10 ساڵه‌ له‌ كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان كار ده‌كه‌م و چه‌ندین خولی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیم بینیوه‌.
 له‌باره‌ی پیشه‌كه‌یه‌وه‌ وتی:  ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌مم خۆش نه‌وێت، ناتوانم یه‌ك چركه‌ له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكه‌م، هیچ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌ك هێنده‌ی ئه‌وه‌ قورس نییه‌، كاتێك مایك ده‌گری به‌ده‌سته‌وه‌ و ده‌چیته‌ به‌رده‌م كامێراو و قسه‌ بۆ خه‌ڵك ده‌كه‌یت، ئه‌مه‌ش پێویستیی به‌ خۆشه‌ویستییه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ هه‌یه‌. لای من هه‌ر كه‌سێك بوێر و راستگۆ بێت، ئه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووترین كه‌سه‌، نه‌ك بۆ خۆی و ده‌زگاكه‌ی بگره‌، پێش هه‌مووكه‌س بۆ بینه‌ره‌كه‌شی. په‌یامنێری سه‌ركه‌وتوو پێویسته‌ خاوه‌نی باکگراوند و رۆشنبیرییه‌كی زۆریش بێت.
ســــه‌بــــاره‌ت به‌ كه‌مبــــوونــــه‌وه‌ی جوانییه‌كانی رۆژنامه‌نووسیی وتی:
بــــه‌داخــــه‌وه‌ نــاشــــاره‌زایــــی هـــه‌نــدێ رۆژنــــــــامــــه‌نووس وایــكــــردووه‌ شــــانــــــــازیی و جــــــــــوانییـــه‌كـــــانــی رۆژنامە‌نووس كه‌مبێته‌وه‌ و هه‌ندێك كات ناشیرین بێت، بۆ نموونه‌ هه‌ندێك په‌یامنێر و رۆژنامه‌نووس، نه‌ك هه‌رلای كۆمه‌ڵگه‌، بگره‌ لای كاربه‌ده‌ستانیش سڵیان لێناكرێته‌وه‌، به‌ كوردییه‌كه‌ی نه‌شاره‌زایی وایكردووه‌ به‌هره‌ و تواناكان ون بن و پیشه‌كه‌ ببێت به‌ چاولێكه‌ری.  
له‌ كۆتاییدا گۆران سه‌ید نوری وتی: دوا وته‌م ئه‌وه‌یه‌، تكایه‌ با پارێزگاریی له‌ كارو پیشه‌ و ناوبانگمان‌ بكەین، دیوێكی جوانی پیشه‌كه‌مان نیشان بده‌ین و نه‌بین به‌ به‌شێك له‌ هه‌واڵی ناڕاست و تێكچوونی كۆمه‌ڵگه‌، به‌كورتی با ببین به‌سه‌رچاوه‌ی زانیاریی بۆ بیسه‌ر و بینه‌ر و ژینگه‌یه‌ك دروست بكه‌ین یه‌كمان خۆشبوێت و به‌ ئومێده‌وه‌ بۆ ژیان هه‌وڵبده‌ین.
 ئالان محه‌مه‌د جه‌زا

بابەتە پەیوەندیدارەکان