مانیفێستی دایک

״لە ستایشی دایکانی ستەمدیدە و شکۆمەند״

11:12 - 2024-10-30
دووتوێ
139 جار خوێندراوەتەوە

شێرزاد حەسەن



بەرکوڵ
هیچ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و هەوڵێک نییە کە بە چالاکی ئینسانی و مرۆیی ناسرابێت و جێکەوتە بووبێت، دەنێو کایەی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایینی و فیکری و فەرهەنگیدا، لەسەر ئاستی هەموو دونیا و گڵۆباڵ، کە پرد و پەیوەندی و رایەڵێکی تۆکمە و بەهێزی نەبووبێت لەگەڵ رۆحی مەزن و پیرۆزی دایکەکان بە تایبەتی  و هەم بۆ ژنان بە گشتی، هەڵبەتە پتر بە دیوە پۆزەتیڤ و ئەرێنییەکەی، هەروەها بە دیوە نێگەتیڤ و نەرێنییەکەی، بەڵام کەم و کاڵترە بە بەراورد بە پێگە و رۆڵی باوکەکان، کە دیوە نێگەتیڤ و نەریینییەکەی زاڵتر و کوشندەترە، ئەم روانگەیەی من گشتگیر و رەها و ئابسلوت و ئابستراکت نییە، چونکە بڕوام بە رێژەیی هەیە، کەواتا بە گوێرەی جوگرافیا و مێژووی جیاوازەوە دەگۆڕێت، لە دێر زەمانەوە،  چ بەر لە مێژوو و چ لە دوای سەرهەڵدانی خودی مێژوو، خۆ ئەگەر وردەکارانە و زانستخوازانە قسان بکەین پێویستیمان بە داتا و ئامار هەیە کە پەیوەستە بە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو و میراتی مرۆڤایەتی، کە بە دیوە کردەیی و پراکتیکییەکەی ئاسان نییە، چونکە کۆی ئەم مەزەندەیەی من پەیوەستە بە تەمەن و ئەزموونی خۆم، وەک هەر یەکێک لە ئێوە، سەرباری خوێندنەوە و ئاوڕدانەوە لە مێژووی مەردمگەل لە دێر زەمانەوە  تاوەکو ئێستاکێ. لەوەشدا ژینگە و خوێن رۆڵیان هەیە کە وا دەکات دەنێو دۆخ  و هەلومەرجەکانی ژیان و زیندەگی کاریگەری لەسەر هەموومان دابنێت و دایناوە، چ مێینە بین یان نێرینە!.
ئەمن بۆ خۆم ناحەز و دڕدۆنگم لە بەرامبەر چەمکی ‹پیرۆزیی› ئەو کاتەی عەقڵ و ئاوەز دادەخات و ناهێڵێت ئازادانە بیر بکەینەوە، بەڵام تاکە بوونەوەرێک کە شایستەی  پیرۆزی پێگەدارانە بێت: دایکە، وەلی تەنها بە مانا ئایینییەکەی نا.. بەڵکو بە مانا شارستانییەکەی، بە دایکە بەدکارەکانیشەوە کە هەمیشە ستەمدیدەیی و چەوساندنەوە وایکردووە ژمارەیەک لە دایکەکان بە بەدکار و شەڕانگێز لە قەڵەم بدرێن. دواجار ئەوان لە دێر زەمانەوە و بگرە لە سەردەم و قۆناغەکانی بەر لە مێژوو لە ئاستی خوداوەندە  میهرەبانەکانی ناو ئەفسانە و داستانەکان بوون، مانەوە و زیندەگی و بوونی ئێمە بەوانەوە پەیوەستە.
ژن و ژیان دووانەی یەک سک و هەمان منداڵدانن، بگرە زۆرینەی خوداوەندە دێرینەکان لە رەگەزی مێینە بوون نەک نێرینە کە ئارکۆلۆژیا  و شوێنەوارناسی دەیسەلمێنێت، کە خودی ئەو میراتە ماوە و پارێزراوە کە دەنێو مۆزەخانەکانی دونیادا دەیاندۆزینەوە، هاوکاتیش مەردمگەلێکی بەدکار و شەڕانگێز، بە هۆکار و بیانووی جیاواز، بڕ و بەشێکی  ئەو ئاسەوارانە تەفر و توونا کراون و شکاون بە دەستی کەسانێکی مەزهەبزەدە و توندڕەو، بۆ نموونە لە ‹ئەفغانستان› پەیکەرێکی  مەزنی «بوودا»یان  لە ناوچەی «تۆڕابۆڕا» دایە بەر نیشانە و چەکی  قورس بە نیازی تەقاندنەوەی پەیکەرەکە بە بیانووی ئەوەی مەرجە بتەکان ئاسەواریان نەمێنێت، چونکە سەر بە سەردەمی «جاهیلییەتە».هەڵبەتە  ژمارەیەکی  بەرچاو  لە لایان دزە لێزانەکان دزراون!.
ژنان بۆ خۆیان لەوەدا داهێنەرن کە کانگا و سەرچاوەی کڕینەوەی ئەو فیردەوس و بەهەشتەن لەسەر زەمین کە گوایە دایکە «حەوا» لەتەک «ئادەم»ی باوە گەورەدا رۆڵیان هەبووە کە بیدۆڕێنین، دایکەکان بەرجەستەی رۆحی بەخشین و میهر و سۆز و خۆشەویستی و خۆشنوودی بوون و دەبن، ئەوان تەنها بوونەوەرێکن کە ئەگەر بەدکاریش بن، هی ئەوەیە کە قوربانی دەستی هەزار و یەک دەرد و دەست و دەمی  نامرۆڤەکانن. من بە تەواوی هاوڕام لە تەک پزیشک و دەروونناس (نەوال سەعداوی/ 1931– 2021) کە ژنان بە سەرچاوە و کانگای بوون و ژیان دادەنێت. گەرچی ژنان و رەگەزی مێینە بە گشتی لە مێژوو دەرکراون، کەچی ئەوان هێشتا وان لە ناو دڵی سروشتێکی پاکتردا، ژنان بەسیانە کە دەبن بە دایک، شایستەی ئەوەن کە بۆ هەتا هەتایە سەری رێز و نەوازشیان بۆ نەوی بکەین، هی ئەوەن شانازی بە خۆیانەوە بکەن کە دەبن بە دایک، گەرچی ئەوەش بەو مانایە نایەت کە خانمانی نەزۆک جێگەی رێز و خۆشەویستی نەبن کە ئاسمان یان سروشت وایان کردووە کە کۆرپەلەی خۆیان بە بەر مەمکی خۆیانەوە نەبینن و واقە لە دامێنیانەوە نەبیستن.
ئێمە هەر بە هەوەنتە و لە خۆڕا و بێ هیچ بنەمایەک وا مەزەندە دەکەین کە دایکانی خۆمان باش دەناسین، ئەوەیان جێگەی گومان و پرسیارە، ئەوان لەو جۆرە توخم و رەگەز و بوونەوەرانەن کە دوای مەرگ دەیانناسین، ئەزموونی هەر یەکێک لە ئێمە لەتەک دایکیدا کاڵ و کرچترە لەوەی کە نازی ئەوە بکەین کە بەوان ئاشناین، ئەوەیان رێک وەک بانگەشەی ماسییەکی چکۆلەی وەک  ‹توونە›  وایە  کە  وا مەزەندە بکات ئۆقیانووس و دەریایەکی بەربەرینی تەی کردووە بە هەموو پان و بەرینی و قووڵاییەوە. دایک تاکە بوونەوەرێکە کە لە دژوارییەکی ئەوتۆدا دەژی کە بە چاوێک بگری و فرمێسکان بسڕێتەوە، بە چاوەکەی دیکەی پێبکەنێت و بگەشێتەوە.  هەر بە راستی لە دوای ماڵئاوایی یەکجارەکی دایکەکان و ونبوونیان لەبەر چاوان، کەم کەس هەیە لە ناو مەردمگەلدا هەستێکی کوشندەی پەشیمانی و حەسرەت و گوناهباری لە ناو دڵدا نەگەڕێت، هەستێکی قووڵمان بەوە هەبووە کە دایکە مرد و فریا نەکەوتین وەک پێویست خزمەتیان بکەین، خۆشەویستی پتری خۆمان پێ ببەخشیبانایە،  وەک کچان و کوڕانی ئەمەکدار بە هەست و نەست و جۆش و خرۆشەوە بە دایکانی، خۆمان بگەیاندبایە، بەر لە ماڵئاوایی قەرزی سۆز و میهر و بەخشندەیی و جوانی ئەوانمان بدایەتەوە، بەڵام بۆ هەق و راستی كچان جیاواز بوون لە کوڕگەلی خانەوادەکان، بە واتا پەرۆش و خەمخۆرتر بوون و سۆزیار و میهرەبانتر بوون..!
خۆشەویستی دایکانی هەر هەموومان میوەی هەر هەموو وەرزەکانی ژیانمان بووە، بۆ هەمیشە وەک درەختە بەردارەکان لق و پۆپی خۆیان نەوی کردۆتەوە تاوەکو هەر یەکێک لە ئێمە گەر مەبەستی بووبێت دەستمان بیگاتێ، ئاخ و داخ کە بە هەزارەها ئەم بەرهەم  و بار و بووەی فەرامۆش کردووە، دەگوترێت گوایە بۆ هەمیشە ‹خودا› لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە، گەر  خەڵکی پێویستیان پێی بێت و هاواری بۆ بکەن، بە دەمیانەوە دەچێت. دایکانی ئێمە بە نێونیگایەک و هەناسەی سارد و گەرمی  فرزەند و جگەرگۆشەکانی خۆیان، دەرکی دەکەن کە لێمان قەوماوە، بۆ هەمیشە زانیویانە کەی پێویستیمان پێیانە، لە چاو تروکانێکدا فریامان کەوتوون بە بێ ئەوەی هاواریان بۆ بکەین، بەخشندەیی دایکان دوا فۆرم و شێوازی خۆشەویستییە کە نموونەییەکی دەگمەنە. خۆشەویستی دایک هیچ مەحاڵ و کۆسپێک ناناسێت، خۆشەویستی دایکانی ئێمە بێ وێنە و رەسەنترینە، چونکە هیچ خواست و داوا و پێش- مەرج و قەرەبووکردنەوەیان نەویستووە. بەر لەوەی لە دایکبین، خۆڕسکانە و سروشتخوازانە خواستیان بووە بێینە دونیا و هەبین، جار هەبووە بەسەر ژان و ژور و زانی مەرگ ئاساوە لە تاو و تینی بەرەژان و ئازار نزیک بۆتەوە لە مەرگ، کەچی خۆی کردووە بە قوربانی تا  کۆرپەلەکانی زیندوو بن.
بەر لەوەی لە دایک بین باوەشی ئەوان زەریای سۆزداری و میهر و کەناری ئارامی و خۆشەویستی بووە، هەناسە بە هەناسە ژماردووییەتی کە کەی دونیا پڕ دەکەین لە زریکە و گریانی سەروەختی هاتنە دونیاوە، هەر هەمووی موعجیزە و پەرجووی  رۆحێکی مەزن و خۆشەویستی ئەوان بووە، بێ ئەوەی بترسێن لەوەی کە ئاخۆ ئێمە کە فەراقە و  گەورە دەبین، شەڕانگێز دەبین یان خێرخواز و بێوەی، تەندروست و ساغڵەم دەبین یان کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان!.
***

 

 
 
کۆی پەیکەری خانمەکان، جا خوداوەند بووبن یان ناودار لەو سەردەمەدا، هیچیان دەست و باسکیان نییە، کە ئەوەش ئاماژەیە کە خانمانی باڵادەست و ناسراو و ئۆرستۆکرات و خانەدان پێویستیان بە دەست و باسک نییە، هەر بۆیە پەیکەرەکانیان بە تەنها قۆڵیان هەیە بەس، چونکە خانمانی خواپێداو ناچار نین وەک ژنانی رەنجدەر سەرگەرمی ئیش و کار بن، بە بڕینەوەی دەست و باسک کە بە پەیکەرەکانەوە دەرکەوتووە، گەر بێ دەست و باسکیش بن، هەرگیز پەکیان ناکەوێت.



ئەفسانەی نوتفەی حەرام  و نوتفەی حەڵال و خوێنی پاک و پییس
هەرهەموومان لە دامەنی خوێناوی خانمێکەوە داخزاوینەتە خوارێ، دایکم واتەنی: کە نۆ مانگ بە پێستی سک هەڵیگرتووم، ئێوەش وەکو من  دەزانن کە کۆمەڵگای سووننەتی و نەریتخواز و کۆنەپارێز   خۆیان بە پاکزاد دەزانن،  سەرباری ئاماژەکردن بە دەم و دامێنی پاک و  دەستپاکی، هاوکات بڕوایان بە ‹نوتفە›ی حەرام و نوتفەی ‹حەڵاڵ ‹ هەیە، بەڵام هیچ دایكێک لە سەرزەمین ئەم  جیاوازەی نەخواستووە، چونکە کۆرپەلەی حەرامزادە و حەڵاڵزادە بێجگە لە ئەفسانە هیچی دیکە نییە، بگرە بۆ دایکەکان هیچ مانایەکی نەبووە، بازنەی حەرام و حەڵاڵ پتر زادەی دەست  و دەم و ئەندێشەی پیاوەکانە، لە دێر زەمانەوە تاوەکو ئێستاکێ. بەڵام رۆحی زاڵی باوکسالاری و نێرسالاری و کۆنەپارێز و گومانکەر بە رەهایی بڕوایان بە خاوەندارییەتی هەیە، پیاوان تیر نابن لە خاوەندارییەتی ماڵ و زەوی و موڵک و ماشین و هاوڕێ لەتەک کۆی پێویستە ماددییەکانی کە دەیکەن بە مایەی شانازی کە زۆرینەی  بە دەست و بڕیاری خۆیان قۆرغیان کردووە کە تاپۆکەی لەسەر نێرینەکان تۆمار کراوە!.
کە دواجار زادەی رۆحێکی پاتریارکی بەدگومان و هەق- بەخۆزانە کە ‹نوتفە›ی پاک بە هی خۆی بزانێت و هاوکات ‹نوتفە›ی پیس بە زادەی زینا و خیانەتکاری خانمەکەی دەزانێت، کە پرسیارەکە لەودەایە کە کۆرپەلەی تازە لە دایکبوو هیچ گوناهی نییە لە کام پیاو و ژن لە دایک بوون، هاوشێوە و هاکووفی ئەو هەزارەها کۆرپەلانە لە دایک بوون و دەبن کە هیچ مۆرک و نیشانەیەک  بەسەر نێوچاوان و رووخسار و ئازای جەستەیانەوە نییە کە بەڵگە بێت بۆ پاکی و پیسی ئەو کۆرپەلانە، بە واتا لەسەر گوناهی دایک و باوکی دادگایی ناکرێت و سزا نادرێت لە پای ئەوەی کە بیژی و زۆڵ و حەرامزادەیە،  کە بە دەیەها  و چەندین سەدە دەبێت لە «خۆرئاوا» و باقی  وڵاتانی شارستانی و کراوە و پێشکەوتوو، لە باری جەستەیی و بایۆلۆژی هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کۆی ئەو کۆرپەلانەی لە هەر حەوت کیشەوەرەکە لە دایکبوون، ئیدی بە چ هەقێک دادگایی  مەلۆتکەیەک بکەین کە قوماتمان کردووە و تاوێکە هەناسەی پاک و پیسی ئەم دونیای دوونە هەڵدەمژێت؟!.
خودی دایکەکان بە درێژایی ژیان بەهۆی خەمخۆری خۆیانەوە، یان تلانەوە و چەشتنی ئازارێکی زۆر بە دەست ئێمەوە هەردەم پەرۆش و جگەرسۆز بوون، بەڵکو لە سەرین و سۆنگەی کێشە و گرفتەکانی ئێمەوەیە کە خەمە ناقۆڵا و هەمیشەییەکان دەبن بە چارەنووسی ئەوان و بۆ هەمیشە دڵ-غەمین و چاو بە فرمێسک و جەرگ سووتاون، بگرە لە تاو گرفت و ئاریشە و گێژەنی ژیانی ناخۆشی نەوە و فرزەندەکانی خۆیان بە سکیان داوە و مردوون، کێ هەیە بێجگە لە ژنان بەرگەی ئەو  زەخم و ئازارەی زان و ژانی منداڵبوون بگرێت؟ کە بۆ خۆی سەرکێشییە بە ژیانی خودی دایکە خۆی، لە پێناو خوڵقاندنی رۆحلەبەرێکی دیکە، کە ئەگەری ئەوە هەیە و نزیکە کە مەرگی دایکە وەها دوور و مەحاڵ نەبێت، ئەو ژنە نازدار و پیاوە چەلەنگانە و کچان و کوڕان کە ماڵەکان ئاوەدان دەکەنەوە، کە هەر هەموومان شانازییان پێوە دەکەین، کە لەو ژنانە خوڵقان و لە دایکبوون. هیچ پەلەوەر و فڕندەیەک و گیاندارێکی مێینە لە ئاسمان بن، یان وشکانی و یان دەنێو ئاودا، بە قەد دایکانی ئێمە رەنجیان داوە و ئازاریان چەشتووە، بەڵام ئاخۆ  ڕەنج و ماندووێتی  ئینسان و گیانداران لە چیدا لە یەکتری دەچن و لە چیدا جیاوازن؟!.
ئاخۆ ئێمە ئێمە ئاگاداری فرمێسک و ئارەقە و خوێنی رژاوی دایکانی خۆمان بینیوە، کە لە پێناو بەخێوکردنی کۆرپەلەکانی دەیبەخشێت؟ گەرچی ماندووێتی گیاندارەکانیش بێ گرفت و کێشە نییە، تاکە دۆخێک دایکانی ئێمە لە گیاندارەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، یەک دۆخی کوشندە و ئەستەم  و ماندووکەرە، کە ئەویش تەمەنی منداڵیی و ساوابوونی هەموو گیاندارە گەورۆنەکان و زیندەوەرە چکۆلەکان زۆر کورتە بە بەراوردکردن لەتەک ئینساندا، لە باری واقیع و ریاڵتی دوای ماوەیەکی کورتخایەن بێچووەکان و فەرخەی کۆی گیاندارەکان زووتر فەراقە و هەراش دەبن و پشت بە خۆیان دەبەستن و خێراتر نەشنوما دەکەن، لە دایکان و باوانی خۆیان جیا دەبنەوە!.
 بەڵام یەکێک لە هەرە گرفت و کێشەی ئادەمیزاد ئەوەیە کە ماوەی قۆناغی منداڵی و ساوایەتی چەندەها ساڵ دەخایەنێت، کە هەموومان دەزانین چەندە ئەرک و خەم و بەرپرسیارییەتی و دەردەسەرییەکی قورس و قەبە و نەبڕاوەیە، کە پتر کەوتۆتە سەر شان و ئەستۆی دایکەکانەوە. ئەوەش راست و رەوایە کە دەگوترێت کچەکان و کوڕەکان لە چاوی دایکانی خۆیانەوە بۆ هەمیشە منداڵن، هەر چەندە خۆیان بە گەورە و پێگەیشتوو  بزانن، ئەوەش هەر راستە کە زۆر جاران ژنان دەکەونە بەردەمی پرسیارێکی وا کە ئاخۆ خاوەنی چەند منداڵن؟ لە وەڵامی وەها پرسیارێکدا گوێبیستی ئەوە دەبین کە مێردەکانیشیان لەتەک منداڵەکانیاندا هەژمار دەکەن، بۆ نموونە گەر حەوت منداڵی هەبن، دەیکەن بە هەشت و بە خەندەوە دەڵین: میردەکەشم هێشتا منداڵە و بەڵکو زۆر ساوایە و ئەرکی زۆرترە، دەی.. خۆ هەر واشە!.
بە درێژایی مێژوو نێرینەکان بە قەد سەرسامی و سۆز و عیشقیان بۆ کچان و ژنان و خوشکان و دایکانیان، هاوکات نێرینەکان لێیان ترساون، بەدگومان وخۆزاڵکەر و شەڕانگێز بوون، بگرە تێکشکانی دایکسالاری لە بەرامبەر باوکسالاریدا زادەی ئەو ترس و گومان و رۆحە خۆپەرستییەی نێرینە بووە، ئەو کاتەی کە ئاسن و برۆنز و جۆرەها مێتاڵ دەدۆزنەوە، ئیدی دەبن بە جەنگاوەر و سەرگەرمی  تاڵانی و فەرهوود و قۆرغکردنی زۆرینەی زەوی و زاری بەپیت بوون، هاوکاتیش توانیویانە زاڵ بن بەسەر هاورەگەز و هاوتوخمەکانی خۆیان، هەم داگیرکەری هەر هەموو ئەو کار و پیشانە دەبن کە زووتر داهێنەرەکانی کچانی «حەوا» بوون، پیاوان تاوەکو هەنووکەش، بە تایبەتی لای خۆمان، زەندەق و هەترەشیان لە رۆحی سەربەستانەی «مێینەکان» چووە، چ بە ناوی مەزهەبەوە بێت، یان زاڵبوونی کەلتوری نێرسالاری و یاسا و رێسا و نەریتە کوشندەکان زادەی تۆقین و فۆبیا بوون لە ئازادی و جوانی  مێینەکان.
 من ئەوەشم بینیوە و بیستووە کە پیاوگەلێک هەن پێیان حەیفە کە لە دامێنی ژنانەوە کەوتوونەتە خوارێ، کە دایکانی سەرکەشی ئەوان بوون. من سەدەها گەنج و کوڕگەلی داخدارم بینی کە قێز و بێز لە كچە زیت و زیباکان دەکەنەوە، پەروەردەی ئەندامانی ناو خانەوادە و کادیرانی مەکتەبەکان کە گوایە پەروەردەکارن، هاوڕی لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە پیاوانی مەزهەبزەدەی ئێمە کە گوتاری زاڵیان جیاکاری و نایەکسانی و بێدادی و خۆزاڵکردنە و هەم سەردەستەیی نێرینەکانە کە تا هەنووکەش بەردەوامە، هەڵبەتە بەوە کۆتایی هاتووە کە ژنان و کچان بە سەرچاوەی فسق و فجور و فەساد و فاحیشە و فیتنە بزانن، لە کانگای رۆحی ئەو نێرینە ترسنۆکانەوە هەر دەبێت زیندانی تەلبەندکراو بۆ کچەکان و ژنان دروست بکەن و هەر دەبێت بە قێزکردنەوە و گومان و ترسی «نێرەوز» لە «مێچکە»دا کۆتایی بێت.
بەشی شێری کۆی کەلتورەکە هی نێرەکانە، هەر لە میانە و لە سۆنگەی هەمان رۆحی زاڵ و خواهانەی باوکە ئەبەدییەکانەوەیە کە کچان و ژنانیش، زۆرجاران، بیریان دەچێتەوە کە لە دامەنی دایکانی خۆیانەوە کەوتوونەتە خوارێ، بگرە وا پەروەردە دەکرێن کە وەک بوونەوەری نارەسەن و بەدکار و فیتنەباز یەکتری ببینن کە ئەوەشیان نیگای نێرینەکانە،  نەک هی خودی ژنان و کچان، بەڵام کە دڵ و رۆح و عەقڵیان داگیرکرابێت، ئیدی ناتوانن بۆ خودی خۆیان سەربەست بن، چیدیکە خاوەنی خۆیان نین. لەباری رۆحی و جەستەیی، ئیدی ئەوان زمان و چاو و گوێچکە و هەست و نەستیان لێدزراوە، هەر دەبێت بە زمان و گوێ و چاو و هەست و نەستی پاتریارکە چەوسێنەرەکانەوە لە خۆیان و دونیا بڕوانن و ببیستن و بدوێن و هەناسە بدەن. بڕێکی زۆری شەڕانگێزی و کینەبازی نێوان ژنان و کچان بەرامبەر یەکتری زادەی کەلتورێکە کە نەخشەی ژیانی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی دەستکردی پیاوەکانە. هەڵبەتە لە ناو شانشینی نێرگەل و خاوەن رۆحی زاڵ و قۆرغکارانەی پیاوەکانەوەیە،  کە کۆی بوون و رەگەزەکان و سەرچاوەکانی ژیان دەخەنە ناو چنگی خۆیانەوە، ژنان و کچان بە بەختی ناپوخت و چارەنووسی رەشی خۆیانی دەزانن کە بۆ هەتاهەتایە ئاوەز و عەقڵی خۆیان تەڵاق بدەن و ملکەچی یاسا و رێسای باوکە ستەمکار و پاتریارکە نەمرەکان بن، نەمری بە مەرجی  زۆردارەکی وقۆرغکردنی کۆی بەهاکان و ئایدیا و کۆی کەلتور و کەلەپووری کۆن و نوێ!
***



«لە سەرەتاوە،  ژن سەردار و بڕیاردەر بووە»

هیچ گومانی تێدا نییە کە بۆ ئێمە، خۆشەویستی و هەم نائومێدی، هێز و ویست و هەم ناسکی و میهرەبانی لە رێگەی ژنەکانەوە دەناسین، بە تایبەتیش لە دایکانمانەوە، هەر یەکێک لە ئێمە دوو جار لە دایک دەبێت: یەکێکیان لە دامێنی دایکی خۆمانەوە دەکەوینە خوارەوە و مامانێک بەر لە دایک  پێشوازیمان لێدەکات، کە ئەویش هەر ژنە و هەم دایکە کە ناوکمان دەبڕێت، لە دایکبوونی دووەمیان لەو ژنە لە دایک دەبینەوە کە خۆشەویستی و میهری بە ئێمەی نێرەوز بەخشیوە کە مەبەستم هەردوو هاوژینێکە کە تەمەنێک پێکەوە بەش دەکەین، یانژی ئەو ژنانەی کە خۆشمانویستوون و خۆشیانویستووین، لەژێر ناو و تایتڵی جیاوازدا، بەڵام  هاوکات ژیان و مەرگمان بە تەنها وابەستەی دایکمانە، دایک تاکە هێلانەیەکە کە دوای فڕین بە ناو هەموو ئاسمانەکان و گەیشتن بە هەر  حەوت چینەکانی و عەرشی فەلەک، دواجار هەر ناچارین بگەڕێینەوە ناو هێڵانە گەرم و بۆنخۆش و گوڵڕێژەکەی ئەواندا، بەڵام زۆر درەنگ بەو راستییە  دەگەین، ئەوەندە ملهوڕ و بێباکین، کە تا ئەو ساتەی پەڕ و باڵەکانمان هەڵدەوەرێن، بەفر و باران و هەتاوی بە تین و تاوی ئاسمانەکان بڕستمان لێدەبڕن و شەکەتمان دەکەن، ئەوسا دەگەڕێینەوە ناو هێلانەکانی دایکانمان، دیارە زۆر جارانیش فریا ناکەوین لە باری واقیعی و بە کۆنکریتی بگەڕێینەوە ناو باوەشی ئەوان، بەڵام وەک مەزەندە و بە زەبر و هێزی لە بن نەهاتووی فانتازیا و خەیاڵەوە: بۆ هەمیشە ‹نۆستاڵژیا› دەمانباتەوە ناو منداڵدان و ئامێزی خۆیان!
دەی.. لەگەڵ ئەوەشدا کێ لە ئێمە دایکە سۆزیار و سۆزبار و هێلانە گەرمەکەی بەجێنەهێشتووە لە پێناو باوەشی خانمێکی دیکە کە دڵی بردووین، کەچی دایکە  لە تاو خۆشی و شایلۆغانی کوڕەکەی یان کچەکەی، ئەگەرچی  لە ناخدا قوڵپی گریانی سەر بکات کە بترسێت کە ئیدی لە باوەشی جگەرگۆشەکەی بێبەری دەبێت، بەڵام بۆ هەمیشە خەندەلێوە و شاگەشکەیە، کە ئەگەر چی بە چاوێکیان فرمێسکی رشتبێت و گریا بێت، کە رەنگە خوێنی جەرگی خۆی بووبێت، بەڵام بە چاوەکەی دیکەی بەدەم قاقا و هەلهەلەوە بەقەد چریکە و چەهچەهەی باڵندەکان دەنگی لێهەڵبڕیوە. سەبارەت بە ترسی دایکان لە دابڕان لە کوڕەکان و کچەکانیان، بەڵام پەریشانییەکەی بە ئەندازەیەکی بەرچاو کاڵتر و کەمتر دەبێت بە درێژایی رۆژگار،  بۆ کچەکانیش هۆکار و بیانووی خۆیان هەیە کە لێرەدا جێگای باس نییە، بەڵام ئەم روانینەی من رەها و ئابسلووت نییە، بەڵکو رێژەیی و رەمل لێدانە، چونکە سۆز و خۆشەویستی و ترس لە دابڕانی کچان و کوڕان لە دایکانیان، بە هۆکاری زەماوەند و هاوسەرگیری، یان خوێندن و خۆ پێگایاندن لە شار و وڵاتی دیکە، یان کۆچ و رەوکردن و بوون بە پەنابەر لە وڵاتانی ئەودیو زەریاکان، هەر هەمووی بۆ دایکەکان ژان و خەمێکی دیکەیە کە راهاتن لەسەری ساڵانێکی گەرەکە، گەرچی ئامرازەکانی پەیوەندی و پرد دروستکردن و کۆمیوکاسیۆنی خێرا وایکردووە، قەهر و ئازارەکەی ئەهوەنتر بێت!
من پەند و وتەزایەکی «عیسای مەسیح»م  لە یاد ماوە کە فەرموویەتی: ئەفسوونی ژنانی دیکە لەوەدایە کە ئێمەی نێرینە دایکانی خۆمانیان بۆ بەجێدێڵین، دیارە کە من ناوەرۆکی گوزارشتەکەی وەکو خۆی دەدرکێنم، بەڵام بە کەم دەستکارییەکی راز و نیازەکەی ‹مەسیح›. پەندەکەش لەوەدایە کە دایک خۆی ئەو دوو باڵەی داوە پێمان کە رووەو هێلانەیەکی دیکە هەڵبفڕین،  جا چ کچە لاو بن یان کوڕە لاو، کە ئەوەشیان دەکرێت شکست و دۆڕانێکی بە دواوەدا بێت کە دراما و تراژیدیا بەشێکی بەربەرینی ژیان و زیندەگی ئێمەیە، بە هەردوو رەگەزەکەوە، یان دەلوێت  و دەرەخسێت کە سەر لە نوێ و بۆ جاری دووەمین لە دایک ببینەوە لەو خانمانەی مەست و شەیدایان کردووین، یانژی دەگەڵ ئەو پیاوە جوامێرانەی کە لە تاو و تینی سۆز و عیشقی خۆیان بەهەشت لە ئاسمانەوە دەههێننە خوارێ و دەیکەن بە فەرشی بەر پێی  زاوا و دڵخوازە چەلەنگەکانیان..!
بەڵام بە هەردوو باردا، چ شکست و چ دۆڕان بێت، یان دەلوێت لە دایکبوونێکی تازە لەسەر دەستی بووکە خان و هاوژینی تازەمان ببێت بە موعجیزە و پەرجوو، دەکرێت بە هەمان ئەندازەش،  پیاوانی مێرخاس و جوامێر بن وەک  پادشای بابل (نەبوخوزنەسر/ 1126- 1103) کە لە «بابل» باخچە هەڵواسرەوەکانی بۆ نەوبووکە خۆشەویستەکەی چین بە چین ساز و ئامادە کرد، نەکا نەوبووک نیگەران و پەریشان بێت، گوایە دڵخوازەکەی زادەی سروشتێکی کوردستان ئاسا بووە، چیرۆکەکە وا بڵاوبۆتەوە کە خەڵکی کنە خۆمان بووبێت بە ناوی ‹ئومید› کە  شاخ و داخ و رووبار و تاڤگە و دارستان گەمارۆی دابن، دواجار وانەیەکی دیکە فێر دەبین کە ژیان گۆڕەپانی بردنەوە و دۆڕانە کە مەرجە بە هەردووکیان قایل ببین، یانژی نەبەزین و لە ئالانگاری و ململانێ نووچ نەدەین و خۆ بەدەستەوە نەدەین. 
فەیلەسووف و بیرمەندی ئەلمانی، «فرێدریک نیچە/ 1844-1900» واتەنی کە گوتووییەتی: شکست و دۆڕانێک کە ئەگەر نەمانکوژێت، سەر لە نوێ دروستمان دەکاتەوە، بەڵام هێزی خۆشەویستی دایک وا هانمان دەدات کە بڕوامان بە مەحاڵ نەبێت و هەمیشە نزا و نماز دەکات کە ئێمە سەر بکەوین، مێینە بین یان نێرینە، دایکانی زێدە ئازا و رەسەن کە زۆرینەن، هانمان دەدەن کە شکستهێنان دوامان دەخات، بەڵام ناکرێت نوچ بدەین و ببەزین و بەندی دڵمان بپچڕێت، بەڵکو تەنها پێچێک و وێستگەیەکە، نەک کۆڵانێکی بنبەست، هەتا لە دۆخی تەنگژەباری و شکست و نشوستی و دۆڕاندا، ژمارەیەکی زۆر لە باوکەکان دەنێو کەلتوری خۆماندا سەرزەنشت و دادگاییمان دەکەن، بگرە گەر دەنێو گەرمەی ململانێی ژین و زیندەگیدا نەیبەینەوە و براوە نەبین، ئەگەری ئەوە زۆرترە کە حاشامان لێبکەن و تڕۆمان بکەن. بەڵام بە گشتی دایکانی میهرپەروەر و بەخشندە و خەمخۆرسەد و یەک فاکتەر و هۆکار و بیانوومان بۆ دەدۆزنەوە کە نەبەزین و سەر لە نوێ تێهەڵبچینەوە، بگرە لە رێگەی خۆیانەوە ئەو ئەفسوون و سیحرەیان هەیە کە باوکەکان هێور و ئارام بن و دوا جار دونیا ئاخیر نەبووە!
دەکرێت باوکانی واش هەبن کە ببن بە پشت و پەنای فرزەندەکانی خۆیان، بەڵام کەمینەن.. نەک زۆرینە، مەرجە وەبیر خۆمانی بێنینەوە کە کەلتوری نێرسالاری و سمێڵسالاری وایکردووە کە ئەگەر کچەکان دووچاری گۆبەند و هەڵە و پەڵەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابڕووداری ببن کە پەیوەست بێت بە نامووس و شەرەف، ئەوساکە باوک و  برا و مام و خاڵ شەڕانگیزانە تا ئاستی خوێن و مەرگ دەڕۆن شان بە شانی یەکتری، دەمارگیرانە و توندڕۆ دەنوێنن، دەنێو دۆخی زۆر تەنگژەباردا نەریتی نامووسپەرستی وایکردووە کە دایکەکانیش ناچار بن دڵرەق و توندڕەو بن دەرهەق بە کچەکانیان، چونکە کۆی دراما و تراژیدیای ئەو کەتن و گۆبەندەی کچەکان، دواجار دەکەوێتە ئەستۆی ژنەکانی خانەوادە و تیرە و هۆز و خێڵ و ماڵبات کە پیاوەکان دەیکەن بە مەرج، کە مەرجە ژنانی تایەفە و عەشیرەت سزای کچۆڵەکان بدەن، ئەگینا کۆی سەرە ژنان و خوشکەکان و پلک و پلتووری پەیوەست بەو بنەماڵەی کە لەو گۆبەند و ئابڕووتکانە تێوەگلاون، مەرجە ئەنجوومەنی ژنانی ماڵباتەکە خۆیان لەو خوێنە پیسە پاک بکەنەوە کە گوایە کچانێک سەری باوک و برا و مام و خاڵ و کۆی نێرینەی ئەو بنەماڵەیان سەرشۆڕ کردووە. ‹نەوال سەعداوی› دەپرسێ، کە ئەگەر شەرەفی نێرینەکان لە دامینی ژنان قەتیس کرابێت، یان چەند دڵۆپێک خوێنی تکاو لە کچان کۆی شەرەفی بنەماڵ و تیرە و هۆز و خێڵ و خانەوادەکان لەکەدار و رسوا دەبن، دوا جار ‹نەوال سەعداوی› دەپرسێت، ئاخۆ شەرەفی پیاوەکان وا لە کوێ؟.

***

 

‹نەوال سەعداوی› دەپرسێ، کە ئەگەر شەرەفی نێرینەکان لە دامینی ژنان قەتیس کرابێت، یان چەند دڵۆپێک خوێنی تکاو لە کچان کۆی شەرەفی بنەماڵە و تیرە و هۆز و خێڵ و خانەوادەکان لەکەدار و رسوا دەبن، دوا جار ‹نەوال سەعداوی› دەپرسێت، ئاخۆ شەرەفی پیاوەکان وا لە کوێ؟


«دایک، کە قیبلەنومایە»
هەموومان بیستوومانە کە دەنێو ئەدەبیاتی کۆمەڵایەتی و کوردەواری وتراوە، « دایکە ببینە و دۆتە بخوازە!» بە واتا دایکە بناسە، ئەوسا کچەکەیان بخوازە و بیکە بە نەوبووکی کوڕەکەت وەک زاوایەکی چەلەنگ، ئیدی میراتە و کەلتوری بڕواداری و مەزهەبگەرایی و سووننەتی و کۆنەپەرستانە بڕوای بە خوێنی پاک و پیس هەیە، دایک و ژنی رەسەن و نارەسەن، دۆخین شل و چاو پان و خۆشداکەنە کە تاوەکو ئێستاكێ لە هەندێک جوگرافیا و دەڤەری جیاواز ئەم رۆحە شەڕانگێز و گومان- ئامێزە ە ماوە و کۆتایی نەهاتووە، بگرە من کە هێشتا هەرزە و کوڕە لاوێک بووم، دەمبیست  ناو و ناتۆرانەیان لەو ژن و كچانە دەنا کە کەمەكی سەربەست و کراوە و لێو بە خەندە و زار شیرین بوون، یان بە لایانەوە ئاسایی بووە تێكەڵ بە  نێرینەی خزم و خوێش و بێگانەش بووبن، پێیان دەگوتن «بە بەباهاتوو» کە دەستەواژەیەکە بۆ ‹دێڵە سەگ» بەکار دێت کە سەروەخت و وەرزی جووتبوونی دێڵە سەگ و گۆلە سەگ دەهات بۆ جووت بوون و زاو و زێ!
بەڵام..  بەڵام.. بۆ هەمیشە وا بووە کە بە تەواوی تێکدەشکاین و مایەپووچ دەبووین، چ مێینە بووینایە و چ نێرینە، دیسانەوە دەچووینەوە ناو باوەش و کۆشی دایکانمان بۆ دڵدانەوە و لاواندنەوە و گەرمە شین و واوەیلای جەرگبڕ. لە بەر چاوی دایکانماندا هەر یەکێک لە ئێمەی بە ناو ساڵاندا– کەوتووش بین، لە چاوی ئەوان هێشتا هەر مەلۆتکە و منداڵە ساواکانی جارانین، هەر ئەوەشیان وایکردووە زۆرینەی خوداوەندە دێرینەکان بە مەزنی خۆیانەوە «مێینە» بوون و بگرە پیرۆز بوون، هاوکات کلیلی پەرستگاکان بەدەست ژنانەوە بووە تا ئەو قۆناغەی کە دایک–سالاری لەبەردەم باوکسالاری تێکدەشێت› کە بەدەرکردنی ژنگەل  لە مێژوو کۆتایی دێت، کە بۆ بەرواری ئەو مێژووە و ساڵەکانی، سەرچاوەی جیاواز ژمارە و بەرواری دوور و نزیکمان دەدەنێ. 

 

 

من پەند و وتەزایەکی «عیسای مەسیح»م  لە یاد ماوە کە فەرموویەتی: ئەفسوونی ژنانی دیکە لەوەدایە کە ئێمەی نێرینە دایکانی خۆمانیان بۆ بەجێدێڵین، دیارە کە من ناوەڕۆکی گوزارشتەکەی وەکو خۆی دەدرکێنم، بەڵام بە کەم دەستکارییەکی راز و نیازەکەی ‹مەسیح›. پەندەکەش لەوەدایە کە دایک خۆی ئەو دوو باڵەی داوە پێمان کە رووەو هێلانەیەکی دیکە هەڵبفڕین،  جا چ کچە لاو بن یان کوڕە لاو، کە ئەوەشیان دەکرێت شکست و دۆڕانێکی بە دواوەدا بێت کە دراما و تراژیدیا بەشێکی بەربەرینی ژیان و زیندەگی ئێمەیە.

 

 

یەکەمین و کۆنترین پەیکەری «ڤینۆس» کە خوداوەندی جوانی و خۆشەویستی بووە، پەیکەری ژنێکی کوڵەبن و دووگیانە و پەنماوە بە دەست ئاوسبوونی خۆیەوە، بە واتا خانمۆڵەیەکی دوو گیانە، کەسیش نازانێت نێرەکەی وا لە کوێ، لە جەنگدایە یان سەرگەرمی راوشکارییە؟ یەکەمین «ڤینۆس» خانمێکی شەنگ و پەیکەری ناسک ئەندام و رێک و پێک نییە، بە تایبەتی ئەو پەیکەرەی کە لە «یۆنان» و رۆمانییەکانەوە بە ئێمە گەیشتووە، هەر بۆ نموونە کۆی پەیکەری خانمەکان، جا خوداوەند بووبن یان ناودار لەو سەردەمەدا، هیچیان دەست و باسکیان نییە کە ئەوەش ئاماژەیە کە خانمانی باڵادەست و ناسراو و ئۆرستۆکرات و خانەدان پێویستیان بە دەست و باسک نییە، هەر بۆیە پەیکەرەکانیان بە تەنها قۆڵیان هەیە بەس، چونکە خانمانی خواپێداو ناچار نین وەک ژنانی رەنجدەر سەرگەرمی ئیش و کار بن، بە بڕینەوەی دەست و باسک کە بە پەیکەرەکانەوە دەرکەوتووە، گەر بێ دەست و باسکیش بن، هەرگیز پەکیان ناکەوێت، چونکە ژنگەلێک هەن وەک کارەکەر لە خزمەتی ژنانی خانەدان بن بۆ هەمیشە!
رەنگە ئێمە وەک مرۆڤی مەراقدار و کونجکۆڵ ئارەزووی ناسین و ئاشنایەتی زۆر کەس و شتگەلێک بکەین لە ناو سروشت و زانست و ئەدەبیات و هونەر و ژیانی رۆژانەدا، بگرە هەموو ئەو پێویستییانەی کە گڕمان دەدات بۆ ماوەیەکی کورت یان درێژتر خۆمانی بۆ تەرخان بکەین، چونکە کار و ئیش و زیندەگی ئێمە دەخاتە سەر رێگایەک کە خۆمان دەیخوازین، بەڵام بە ژمارە کەم نین ئەو کەسانەی کە بە هەمان ئەندازە سەرگەرمی ئەوە نین کە دایکانیان بە قووڵی بناسن، رێک وەک ئەو تابلۆیە سەرنجمان رادەکێشێت کە تەمەنێکە بە دیواری ژوری خەوتندا هەڵواسراوە کە بە تەنها لە سەرەتای سەرسامیدا و بۆ چەند رۆژێکی کەم تێیڕاماوین و ئیدی گوزەشت!.
دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەوە ژن بووە کە سەرەتا گیاندارە کێوییەکانی کەوی و ماڵی کردووە، گەرچی ژنان و پیاوان کۆمەکی یەکتریان کردووە، وەلی سەردەستەیی و کارابوونی ژنان پانتایەکی زۆری داگیر کردووە، چ بەر لە مێژوو بووبێت و چ لەگەڵ سەرهەڵدانی خودی مێژوو بووبێت، سەرباری ئەوەش کە لە گیا و گۆڵ و جۆرەها رووەکی ناو سروشتی میهرەبان و هەمەچەشن، دەوا و دەرمانی ساز و ئامادە کردووە، داستانەکان و ئەفسانەکان لە سەر زاری دایکان و داپیرەکانەوە بە دونیادا بڵاو بوونەتەوە، ئەوە «شەهرەزاد» و کچەکانییەتی کە داستانی «هەزار و یەک شەوە»یان بۆ «شەهریار»ە ستەمکارەکان گێڕاوەتەوە تاوەکو مەرگی خۆیان و هاورەگەزەکانیان دوا بخەن، یانژی بیوەستێنن، هەر ئەوانیش بوون میوەچن و بێریڤان و برینپێچ و باخەوان و کشتوکاڵیان داهێناوە، هەر ئەوانیش بووەن لایلایە و بەیت و بالۆرە و سەردولکە و سترانی خەم و خۆشیان چڕیوە، زۆرجاریش خەمڕەوێن و بڕێک جاریش هاندەری جەنگاوەران بوون بۆ پاراستنی زێد و خەڵک و خاک لە بەرامبەر دوژمناندا.

فرێدریک نیچە و دایکی

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان