لە دوو رۆژدا 190 هەزار گەشتیار سەردانیان کردووە

دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە وەک بۆنەیەکی نیشتمانی

10:05 - 2024-11-03
ڕاپۆرت
207 جار خوێندراوەتەوە
نزیکەی 600 جووتیار و خاوەن پیشە بەرهەمەکانیان لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشکردووە فۆتۆ: حەمە عو

‎راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


‎ساڵانە لە پارێزگای هەڵەبجە فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، كە تیایدا سەدان كەس لە ژنان و پیاوان و گەنجانی ناوچەكە و هەرێمی کوردستان بەرهەمە جیاوازەكانی خۆیان نمایش دەکەن و دەیانفرۆشن، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو فێستیڤاڵەکە بەڕێوەچوو، لە ماوەی دوو رۆژی یەکەمدا 190 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری  هەڵەبجە بۆکوردستانی نوێ    :   لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت لە رێگەی سێ لیژنەوە سەردان و چاودێریی شوێنەکان دەکەن و تاڕادەیەک نرخ کۆنترۆڵ کراوە

لە فێستیڤاڵەکەدا تەنها هەنار نمایش ناکرێت، بەڵکو لەپاڵ هەناردا هەنگوین، دۆشاو، مێووژ، گوێزی هەورامان، خواردنە کوردەوارییەکان، بەرهەمە کەلتوورییەکان و کارە دەستییەکانی خانمان دەخرێنەڕوو.
‎بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە
ئیرشاد رەزا جووتیارێکی گەنجی پارێزگای هەڵەبجەیە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم جۆرە فێستیڤاڵ و چالاکییانە بۆ گەنجان و ژنان و کۆی جووتیاران گرنگی تایبەتی هەیە، لەبەرئەوەی لە ماوەی رۆژانی فێستیڤاڵدا جووتیارێکی زۆر بەرهەمەکانیان دەفرۆشن و بەشێوەیەکی خێراتر ساغ دەبێتەوە بەهۆی زۆری میوانان و گەشتیاران بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
‎لە فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی 600 جووتیار و خاوەن پیشەی کاری دەستی و دروستکردنی خواردن بەشداربوون، فێستیڤاڵەکە لە پاركی شاری یاری هەڵەبجە، بە دروشمی (رەسەنایەتی و شوناسی نەتەوەیی، پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و گەشەپێدانی چالاكی كەلتووری و هونەری) بەڕێوەدەچێت.
چیا قاسم بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: زیاتر لە هەزار کەس لە دوکانی ناو فێستیڤاڵەکە سوودمەندبوون و توانیویانە بەرهەم و بەروبوومەکان و کارە دەستییەکان و خواردنەکانیان پێشکەش بە میوانان و ئەو کەسانە بکەن کە سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن.
وتیشی: %25ی ئەو کەسانەی لێرە بەروبوومەکانی خۆیان ساغ دەکەنەوە خەڵکانی دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن، ئەمەش وەک چانس و تێکەڵبوون وهاوکارییە بۆیان.
‎ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە گرنگیی خۆی هەیە، هەوڵێکە بۆ ساغکردنەوە بەروبوومەکان، هەروەها رێگەیەکە بۆ دەرفەتی کار و تێکەڵاوییەکی کۆمەڵایەتیی زۆرباش.

ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکان
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت: فێستیڤاڵەکە دەرفەتێکە بۆئەوەی شوێنە گەشتیارییەکانمان بە هەموان بناسێنین، لەبەرئەوەی زۆربەی ئەو میوانانەی دێنە فێستیڤاڵەکە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیش دەکەن.
نەبەز ئیسماعیل لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری هەولێرەوە هاتبوون بۆ فێستیڤاڵەکە، وتی: خێزانەکەم زۆریان حەز لە هەنار و شەربەتی هەنارە، بۆیە بە دەرفەتمانزانی سەردانی ئەم فێستیڤاڵە بکەین بۆئەوەی بە دڵی خۆمان هەنار بکڕین.
وتیشی، بۆ خۆمان و بەشێک لە خزمانمان چوار دەبەی بیست لیتری شەربەتی هەنارمان کڕیوە و لەگەڵ خۆمان دەیبەینەوە بۆ هەولێر.
بەشێک لەو کەسانەی سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە، نیگەرانن لە گرانیی نرخی بەرهەمەکان.
چیا قاسم وتی: لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت لە رێگەی سێ لیژنەوە سەردان و چاودێریی شوێنەکان دەکەن و تاڕادەیەک نرخ کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام بەروبوومە کشتووکاڵییەکان وەک هەموو شتەکانی دیکە بەپێی باش و باشترین نرخی بەرهەمەکان جیاوازە، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە هاووڵاتیان پێیانوابێت نرخەکان گرانن.
کەپرەکان بەبێ بەرامبەر نییە، بەڵکو فرۆشیاران بڕێک پارەیانداوە بە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە لە بەرامبەر خزمەتگوزاری پارکەکە و گرتنی ئەو کەپرانەی بەرهەمەکانیان تێدا نمایشکردووە.

باران و دۆخی فێستیڤاڵەکە
باران بارین دۆخی فێستیڤاڵەکەی تێکدا و شەقام و رێگەی فێستیڤاڵەکەی کرد بە قوڕ ئەوەش بەشێک لە سەردانکەرانی بێزار کرد و گلەیی ئەوەیان دەکرد، چۆن رێکخەرانی فێستیڤاڵێکی ئاوا گەورە بە وردی ئاگاداری دۆخی کەشوهەوا نەبوون، دوای بخەن بۆ هەفتەیەک کە بارانی تێدا نەبێت یاخود فێستیڤاڵەکە لە شوێنێکی سەر داخراودا ساز بکەن.
چیا قاسم بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت: تاوەکو بیست رۆژ بەر لە فێستیڤاڵەکە، لە سایتە باوەڕپێکراوەکانەوە چاودێریی کەش و هەوا بووین و دۆخەکە بارانی تێدا نەبوو، بۆیە ئەوکاتەمان هەڵبژارد، بەڵام کاتێک لە رۆژی سازکردنی فێستیڤاڵەکە نزیک دەبووینەوە کەش و هەوا گۆڕانی بەسەردا هات، ئێمەش کاتەکەمان راگەیاندبوو و گروپە گەشتیارییەکانیش گروپیان دانابوو نەدەکرا گۆڕانکاریی لە کاتەکەیدا بکرێت، لە کۆتاییشدا لە وەرزەکانی بەهار و پایزدا پێشبینی کەش و هەوا ورد نییە و قابیلی گۆڕانکارییە.
ساڵی رابردوو نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە 2ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام بوو، بەگوێرەی لیژنەی ئامادەکارییەکەی، 270 هەزار کەس چوونە فێستیڤاڵەکە و فرۆشی بەرهەمیش بایی زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دینار بوو.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی هەناری هەرێمی کوردستان ساڵانە 80 هەزار تۆنە و 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە.

#هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان