ل: ئابووری
عیراق بڕیاری دا بەرهەمی نەوت كەم بكاتەوە
وەزارەتی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: عیراق بۆ ئەوەی پابەند بێت بە بڕیارەكانی رێكخراوی ئۆپێك پڵەسەوە، بڕیاری دا بەرهەمی رۆژانەی كەم بكاتەوە بۆ ئاستی 3.3 ملیۆن بەرمیل.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوت بە شێوەی خۆبەشخانە، پەیوەستە بە پلانی رێكخراوی ئۆپێك پڵەسەوە سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنی بڕی خراوەڕووی بەرهەمی نەوت و ئامانجیش لەو پلانە راگرتنی هاوسەنگیی بازاڕی نەوتە.
سایتی وەزارەتی نەوتی عیراق
هەناردەی دانەوێڵەی ئۆكرانیا زیادیكردووە
وەزارەتی كشتوكاڵی ئۆكرانیا رایگەیاند: هەناردەی دانەوێڵەی وڵاتەكە لە مانگی تشرینی یەكەمدا بە رێژەی %58.6 زیادیكردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەو مانگەدا ئۆكرانیا بڕی 3.95 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی هەناردە كردووە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا تەنیا 2.49 ملیۆن تۆنی هەناردە كردووە.
هەناردەی ئەم ساڵی ئۆكرانیا زیاتر گەنمەشامی و گەنم و جۆ بووە و ئەو زیادبوونەش لە هەناردەدا بە سەركەوتنێكی گەورە دەزانێت، لەبەر ئەوەی لە جەنگدایە.
سكای نیوز
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی چاكسازیی دەدات
كیێر ستارمێر سەرۆك وەزیرانی بەرتیانیا بەڵێنی دا كۆمەڵێك چاكسازیی لە بواری ئابووریدا بكات، بە ئامانجی هەنگاونان بەرەو گەشەی زیاتری ئابووری، بە تایبەتی دوای ئەوەی یەكەم پلانی بودجەی حكومەتەكەی شكستی هێنا و وایكرد بەهای قەواڵە حكومییەكان دابەزێت.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئاشیل ریڤز وەزیری دارایی بەریتانیا پلانێكی راگەیاند، كە تیایدا رێژەی باج و قەرز و خەرجیی زیادی كردبوو، سەرەنجام نرخی قەواڵە حكومییەكانی بازاڕی دراودا دابەزاند.
CNN