دوێنێ لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی گۆڤاری (مەودا پۆلەتیك) بەڕێوەچوو، كە گۆڤارێكی وەرزییەو لەلایەن ماڵپەڕی مەودا میدیاوە دەردەچێت.
سەرەتا، نووسەر و رۆژنامەنووس خەڵەف غەفور سەرنووسەری گۆڤارەكە، باسێكی لەبارەی هۆكاری دەركردنی گۆڤارێكی لەو شێوەیە پێشكەشكرد، بەتایبەت كە گۆڤارەكە ژمارە (2)ی بڵاوكراوەتەوە و رایگەیاند: بە بۆچوونی (مەودا میدیا) رۆژنامەگەریی نووسراو هێشتا بایەخ و سەنگی خۆی ماوە، بۆیە گۆڤارێكی سیاسیی لەو شێوەیەمان بەپێویستزانی، كە هەر هیچ نەبێت بە پێی ئەو ئیمكانیاتە داراییەی هەمانە، بەشێوەیەكی وەرزیی دەریبكەین.
خەڵەف غەفور، پاشان، باسی لە ئامانجی دەركردنی گۆڤارەكە كرد كە هەر جارەو دۆسێیەكی گرنگ لە خۆدەگرێت و بەتایبەت لەسەر ژمارە (2)ی گۆڤارەكە وەستا، كە سەرجەم بابەتەكانی تەرخانكراوە بۆ مێژوو و سەروەرییەكان مام جەلال و لەمبارەیەشەوە وتی: مام جەلال ناوازەترین سەركردەی كوردستانی گەورەیە كە نەخشی لەسەر زیاتر لە حەوت دەیەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی كورد هەبووە، بە حزبایەتی، كاری رێكخراوەیی، كوردایەتی، چالاكیی مەدەنی و كەلتوری و رێچكە جیاوازەكان.
خەڵەف غەفور، وتیشی: چ بوارێك باس بكەیت، مام جەلال نەخشی خۆی لەسەر داناوە، لە مێژووی عیراقدا قۆناغی دیموكراسی و ئەگەر دەرفەت هەبوایە ناومان بنایە قۆناغی (دەوڵەتی هاوڵاتی)، ئەوا هەر مام جەلال خاوەندارێتی لێ دەكرد، كە نەبوو، سووچی مام جەلال نەبوو، بەڵكو كۆششی مام جەلال نەبوایە هەر زوو ئەو كەمەیشی هەیە، لەناودەچوو.
پاشان، لەلایەن ئامادەبووانی كۆڕەكەوە، گفتوگۆیەكی كراوە دروستبوو لەبارەی گۆڤارەكە و لە كۆتاییشدا گۆڤارەكە بە دیاری بەسەر ئامادەبوواندا دابەشكرا.
كۆمار مەسعود
فۆتۆ: حەمە عومەر