وتەیەک
ئا: ئاری مەحمود قەرەداغی
کۆلێجی هەڵبژاردن، دەزگایەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا، پێکهاتووە لە 538 ئەندام کە لە 50 ویلایەت و قەزای فیدراڵی وەرگیراون. بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک لە کۆلێجی هەڵبژاردن، کاندیدێک لانیکەم پێویستی بە 270 دەنگە بۆئەوەی ببێتە سەرۆک
هەموو کاتێک هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا مایەی گرنگیپێدانی جیهانە، دیارە هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئەمریکا زلهێزێکی جیهانە و کاریگەریی گەورەی بەسەر مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە هەیە. ئەمڕۆ وڵاتان چ بچووک یان گەورە بن، سیاسەتی ئەمریکا کاریگەریی بەسەریانەوە هەیە، هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت حساب بۆ هێز و تواناکانی ئەم زلهێزەی جیهان نەکات، چونکە چ لەڕووی ئابووریی و سیاسی، چ لەڕووی تەکنۆلۆژی، زانستیی و سەربازییەوە، هەژموونی گەورەی هەیە بەسەر جیهانەوە.
ئێستاش تەواوی میدیا و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی وڵاتانی جیهان، چاویان لەو هەڵبژاردنەیە کە وا بڕیارە لە (5) ی نۆڤەمبەردا سازبکرێت و گەلی ئەمریکا بڕیاری دانانی سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان دەدەن کە دەکاتە (47) ـە مین سەرۆکی ئەمریکا. ئەم سەرۆکەش هەتا چوار ساڵی تر، بڕیاردەری سەرەکی دەبێت لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکیی ئەو وڵاتە.
هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا، کاریگەریی باش و خراپی بەسەر دۆست و دوژمنەکانی ئەمریکاوە دەبێت. هەڵبژاردنی ئەمجارەش لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزاوی جیهاندا ساز دەکرێت، چونکە لەلایەکەوە جەنگی روسیا - ئۆکرانیا و لەلایەکی دیکەشەوە جەنگی ئیسرائیل حەماس و حزبوڵڵا و ئێران لەئارادایە، جگەلەوەش توندبوونی ململانێی نێوان ئەمریکا و چین، نائارامیی دۆخی ئابووریی جیهان، هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە، بە باش یان خراپ کاریگەریی خۆی بەسەر جیهانەوە دەبێت.
دۆسێی ئەمجارە سەبارەت بەو هەڵبژاردنە و دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی لەلایەن هاوکارمان ئاری مەحمود قەرەداغی-ەوە ئامادەکراوە کە تێیدا چۆنێتی هەڵبژاردنی سەرۆک و کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رووندەکاتەوە، هەروەها کاریگەریی ئەو هەڵبژاردنەش بەسەر جیهانەوە دەخاتەڕوو.
دۆسێ - ئەردەڵان عەبدوڵڵا
مشتومڕ لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، نزیکەی تەواوی ساڵی 2024 ی خایاندووە، لە ئەوروپا زۆر کەس بە پەرۆش و نیگەرانییەوە چاوەڕێی هەڵبژاردنەکە و ئەنجام و دەرهاویشتەکانی دەکەن، چونکە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەوێش. لەبەرئەوەی ئەمریکا باڵاترین هێزی سەربازی و ئابوورییە لە جیهان و بەتایبەتی لە ئەوروپادا. ئەو بڕیارانەی سەرۆکی ئەمریکا دەیاندات، کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئابووریی تەواوی ئەوروپا و بگرە تەواوی جیهانیشەوە هەیە.
لەم راپۆرتەدا باسی چۆنییەتی کارکردن، سیستمی هەڵبژاردن، سیستمی سیاسیی 2016 - 2024، دەکەین، هەروەها باس لە راپرسییەکان سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵانەی ئەمریکا دەکەین. جگەلەوەش، هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەدەین لە مەحەک تابزانین تاچەند کاریگەرییان لەسەر جیهان و لایەنە سیاسییەکان هەبووە و لە داهاتوودا دەیبێت؟
سیستمی سەرۆکایەتیی حکومەت
دیارە دەستووری ئەمریکا، دابڕانی دەسەڵاتەکان بۆ دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی دیاریکردووە. بەپێی پرەنسیپی کارپێکراو چێک و هاوسەنگی، پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە: پێویستە هەرسێ دەسەڵاتەکە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتریدا بکەن و کۆنترۆڵی یەکتریی بکەن. ئەم دابەشکردنە ئاسۆییەی دەسەڵات لە دەستووردا لەنگەری گرتووە.
کۆنگرێس
ژمارەی ئەندامەکانی کۆنگرێس 435 ئەندامە کە ئەو ژمارەیە بەندە بە ژمارەی دانیشتووانەوە لە شار و ویلایەتەکاندا).
ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆنگرێس دوو ساڵە و ئەرکەکانی بریتین لە: یاسادانان، پەسەندکردنی بودجە، کۆنترۆڵکردنی بودجە و دەسەڵاتی جێبەجێکار، هەروەها مافی دەستپێشخەریی و پێشنیازە یاسای هەیە لە یاساکانی بودجەدا و سەرکردایەتیی رێوشوێنی لێپێچینەوەش دەکات.
ئەنجوومەنی پیران( Senat)
ژمارەی ئەندامەکانی ئەم ئەنجوومەنە: 100(دوو ئەندام بۆ هەر ویلایەتێک (ماوەی سەرۆکایەتییەکەی 6 ساڵە و هەموو ویلایەتەکان بە یەکسانی دوو نوێنەریان لە ئەنجوومەنی پیراندا هەیە، بەبێ گوێدانە قەبارەی دانیشتووان. ئەمەش دڵنیایی دەدات لەوەی کە ویلایەتە بچووکەکانیش دەنگێکی گونجاویان لە حکومەتی فیدراڵیدا هەیە. ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەرپرسیارە لە داڕشتن و گفتوگۆکردن و دەرکردنی یاساکان. هەموو یاسایەکی فیدراڵی دەبێت لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندبکرێت پێش ئەوەی بنێردرێت بۆ سەرۆکی وڵات بۆ پەسەندکردن و بڕیارلێدانی کۆتایی.
پشتڕاستکردنەوەی ئەو بەرپرسە سەرەکییە حکومیانەی کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە دەستنیشان دەکرێن، دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پشتڕاست بکرێنەوە. لەوانە ئەندامانی کابینە و باڵیۆز و دادوەرەکانی دادگای باڵا. هاوکات لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەراندا، سەرۆکی ئەمریکاش هەڵدەبژێرن، ئەگەر کۆلێجی هەڵبژاردنەکان نەتوانن بگەنە رێککەوتن.
هەروەها ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا دانوستان لەسەر پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بکات، دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پشتڕاست بکرێنەوە، بۆئەوەی هەر بڕیار و یاسایەک بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
جگەلەوەش کارەکانی حکومەت و ئیدارە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت، بۆ نموونە لە رێگەی دانیشتن و لێکۆڵینەوەوە، دڵنیایی دەدات لەوەی تەبایە لەگەڵ دەستوور و یاساکاندا.
ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمەت بخاتە پاڵ بەرپرسان، بۆ نموونە لە دژی سەرۆکی ئەمریکا، ئەنجوومەنی پیران وەک دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی لێپێچینەوەکەوە دەدات.
ترەمپ و هاریس کامیان دەتوانن متمانەی ئەمریکاییەکان بەدەست بهێنن؟
ئەرکەکانی سەرۆکی ئەمریکا
سەرۆک کۆمار بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی پیران، ئەندامانی حکومەت دیاریی دەکات و گرنگترین پۆستەکانی باڵاترین دەسەڵاتی فیدراڵی پڕدەکاتەوە. هەموو دەسەڵات و فەرمانگەکانی فیدراڵی لەژێر دەستی ئەودان. لە ناوخۆ و دەرەوە و نوێنەرایەتیی وڵاتەکە دەکات. پەیماننامەکانی سیاسەتی دەرەوە پێویستیان بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی پیرانە. سەرۆک دەتوانێت ڤیتۆی هەڵپەسێردراو (دواخستنی) لە دژی بڕیارەکانی کۆنگرێس بەکاربهێنێت. ئەمەش لە بەرامبەردا دەتوانرێت لەلایەن هەردوو ژووری ئەنجوومەنی کۆنگرێسەوە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ رەتبکرێتەوە. جگە لەوەش دەتوانێت لە رێگەی ئەندامانی کۆنگرێسەوە، رەشنووسی یاساکان بناسێنێت.
کۆمارییەکان مەیلی ئەوەیان هەیە دژایەتیی ئەو بەرنامانەی حکومەت بکەن کە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نیشتمانییەکان دەرکراون، لەکاتێکدا دیموکراتەکان پێیان وایە تەنها دەوڵەت دەتوانێت لە رێگەی دروستکردنی ئەم جۆرە بەرنامە حکومییەوە، دڵنیابێت لەوەی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو دانیشتووان زیاد دەکرێت
سەرۆک کۆمار بەرپرسیار نییە بەرامبەر کۆنگرێس، بەڵکو تەنها بەرامبەر بە یاسا، بەپێی یاسا داڕێژەرانی دەستوور، بەڵام پێویستی بە رەزامەندیی راشکاوانەی کۆنگرێسە بۆ هەموو رێوشوێنە سیاسییەکان، بەتایبەتی بۆ خەرجییەکان. بەپێچەوانەی سیستمە پەرلەمانییەکانی حکومەتەوە، لە ئەمریکا سەرۆک ناتوانێت پەرلەمان هەڵبووەشێنێتەوە، به پێچەوانەشەوە کۆنگرێس ناتوانێت سەرۆک به هۆکاری سیاسی لابدات.
دادگای باڵای فیدراڵیی ئەمریکا (SUPREME COURT)
دادگای باڵا بەرزترین دادگای ئەمریکایە و تاکە دادگایە کە بە شێوەیەکی راشکاوانە بەگوێرەی دەستوور دامەزراوە. ناتوانرێت هیچ بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی، لەلایەن هیچ دادگایەکی ترەوە تانەی لێبدرێت. کۆنگرێس دەسەڵاتی دیارییکردنی ژمارەی دادوەرەکانی دادگای باڵای هەیە و بە هەندێک سنووردارکردنەوە، بڕیار بدات کە چ جۆرە دۆسێیەک لەوێ ببینرێت، بەڵام رەنگە دەستکاریی ئەو دەسەڵاتانە نەکات کە لەلایەن خودی دەستوورەوە بە دادگاکە بەخشراوە.
دەستوور هیچ مەرجێکی دیاری نەکردووە کە پێویستە بۆ پۆستی دادوەری. مەرج نییە دادوەرەکان پارێزەر بووبن، بەڵام لە راستیدا دەبێت هەموو دادوەرەکان کە لە دادگای باڵادان، ئەندامی سەندیکای پارێزەران بن.
لایەنە سیاسییەکانی ئەمریکا
لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتە دیموکراتەکان سیستمێکی فرە حزبییان هەیە، کە تێیدا سێ پارتی سیاسی یان زیاتر کە بنەمایەکی ئایدیۆلۆژیی فراوانیان هەیە، کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات دەکەن، ئەمریکا سیستمێکی دوو حزبییە، کە تێیدا دوو حزبی سیاسی کێبڕکێ لەسەر دەسەڵاتی حکومەت دەکەن.
حزبی لەبابەتی سەوزەکان هەن، بەڵام هێشتا رۆڵێکی بەرچاویان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا نەگێڕاوە. باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا بیرۆکەی حزبەکان یان کێبڕکێی سیاسیی نێوان حزبەکانیان بە گرنگ نەزانیوە لە رابردوودا. کاتێک جۆرج واشنتۆن لە ساڵی 1786 لە ژیانی گشتی کشایەوە، تەنانەت ئەمریکییەکانی لەبارەی «فراکسیۆنەکان» (پارتەکان) ئاگادارکردەوە. هەرچەندە جەیمس مادیسۆن بە تەواوی باوەڕی بە حزبەکان نەبووە، بەڵام پێیوابوو کە رەنگە حزبەکان پێویست بن.
حزبەکانی ئەمریکا
ئەمڕۆ بە گشتی هەردوولا لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی وەک ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بیمەی بێکاری، سیاسەتی دەرەوە و مافە مەدەنییەکان رێکدەکەون. بەڵام جیاوازییەکانیان لە چۆنییەتی گەیشتن بەم ئامانجانەدا سەرهەڵدەدەن کە ئاخۆ چ رێوشوێنێک پێویستە بۆ گەشەی ئابووریی بەردەوام؟ چۆن ژینگە دەتوانێت باشتر پارێزراو بێت؟ ئەمریکا چۆن ژینگە بە شێوەیەکی باشتر بپارێزێت؟
بە کورتی کۆمارییەکان مەیلیان لەوەیە دژایەتیی ئەو بەرنامانەی حکومەت بکەن کە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نیشتمانییەکان دەرکراون، لەکاتێکدا دیموکراتەکان پێیانوایە تەنها دەوڵەت دەتوانێت لە رێگەی دروستکردنی ئەم جۆرە بەرنامە حکومییەوە دڵنیابێت لەوەی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو دانیشتووان زیاد دەکرێت.
لە ساڵی 1854وە کە پارتی کۆماری دامەزراوە، زۆرینەی سەرۆکەکانیان هەبووە. تائێستا لە کۆی 45 سەرۆک، 19 سەرۆک لە کۆمارییەکان بوون، 15 سەرۆک دیموکرات بوون. سەرۆک رۆناڵد ریگان، جۆرج دەبلیو بوش، جۆرج بوشی باوک و سەرۆکی ئێستا دۆناڵد ترەمپ هەندێک لەسەرۆکە بەناوبانگەکانن کە هێشتا ناسراون.
سەرۆکە بەناوبانگەکانی دیموکراتەکانیش بریتی بوون لە: جۆن ئێف کێنێدی و لیندۆن بی جۆنسۆن کە هەردووکیان پشتگیرییان لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان دەکرد. هەروەها بیل کلینتۆن، باراک ئۆباماش دوو سەرۆکی تری ناوداری دیموکراتەکانن.
هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا چۆن بەڕێوەدەچێت؟
هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا لە (5)ی نۆڤەمبەری 2024 بەڕێوەدەچێت. بەڵام تەنها بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، چونکە لەم رۆژەدا تەنها هەڵبژێردراوان بۆ کۆلێجی هەڵبژاردن هەڵدەبژێردرێن، کە دواتر بڕیار لەسەر سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەدەن. کۆلێجی هەڵبژاردن دەزگایەکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا، پێکهاتووە لە 538 ئەندام کە لە 50 ویلایەت و قەزای فیدراڵی وەرگیراون. بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک لە کۆلێجی هەڵبژاردن، کاندیدێک بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە 270 دەنگە بۆئەوەی ببێتە سەرۆک. هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک، هەمیشە لە سێشەممەی دوای یەکەم و دوو شەممەی مانگی نۆڤەمبەری ساڵانی ژمارە جووتەکان بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردنەکان (کۆلێجی هەڵبژاردنەکان) رۆژی دووشەممە دوای دووەم چوارشەممەی مانگی کانوونی دووەم (کۆبوونەوەی هەڵبژاردنەکان) لە پایتەختی ویلایەتەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک کۆدەبنەوە، واتە لە 16ی دیسەمبەر ی 2024 دانیشتنی جێگری سەرۆک، بە پلەی رەسمی خۆی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران.
پاشان دەنگەکانی هەڵبژاردن لە 6ی جەنیوەریی 2025 لە دانیشتنێکی هاوبەشی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێن. جێگری سەرۆک وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران سەرۆکایەتی ژماردنەوەی دەنگەکان دەکات و ئەنجامی دەنگەکانی کۆلێجی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنێت.
دەتوانین بڵێین تەنیا ئەوکاتە روون دەبێتەوە کە کێ هەڵبژاردنەکەی بردەوە، بەڵام بێگومان ئێمە بەشێوەیەکی گشتی لە شەوی هەڵبژاردندا ئەمە دەزانین بە پشتبەستن بە ئەنجامی ژماردنەوە.
هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی نەریتی لە 5ی نۆڤەمبەر سەعات 6ی بەیانی (بە کاتی ئەوروپا) لە گوندی بچووکی دیکسڤیل نۆچ لە ویلایەتی نیو هامپشایری ئەمریکا دەستپێدەکات. لەگەڵ داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە ویلایەتی ئەلاسکا لە 6ی نۆڤەمبەر سەعات 6ی بەیانی (بە کاتی ئەوروپا)، هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کۆتایی پێدێت.
ویلایەتی سوینگ مانای چییە؟
ویلایەتی سوینگ، ئەو ویلایەتانەی ئەمریکان کە هیچ کاندیدێک ناتوانێت چاوەڕێی زۆرینەی مسۆگەر بکات. هەرکەسێک تەنانەت چەند دەنگێکی تریش بەدەست بهێنێت، هەموو هەڵبژێردراوانی ئەو ویلایەتە بەدەست دەهێنێت. هەربۆیە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بە تایبەتی لەم ویلایەتانەدا چڕ و پڕە.
زۆرجار کاندیدەکان بەشێکی زۆری دەرکەوتن و سپۆتەکانی تەلەفزیۆنی خۆیان، لەسەر ویلایەتی سوینگ چڕدەکەنەوە، هەربۆیەش پێیان دەوترێت ویلایەتی گۆڕەپانی شەڕ.
ئەم ویلایەتانەی خوارەوە بە ویلایەتی سوینگ دادەنرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024: پێنسیلڤانیا، ئۆهایۆ، جۆرجیا، میشیگان، کارۆلینای باکوور، ئاریزۆنا، ویسکۆنسێن.
کۆنگرێس بە هەردوو ژوورەکەیەوە دەبێتە پارسەنگی دەسەڵاتی سەرۆک بۆ بەرگرتن بە هەژموونی تاک حزبی و تاکەکەسی
کێ دەتوانێت دەنگ بدات لە هەڵبژاردندا؟
هەموو هاووڵاتیانی ئەمریکا کە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر نییە و هیچ پێشینەیەکی تاوانیان نییە، رێگەیان پێدەدرێت دەنگ بدەن، کە دەکاتە نزیکەی 219 ملیۆن کەس. بەوپێیەی هیچ نووسینگەیەکی تۆمارکردن لە ئەمریکادا نییە کە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئاگاداریی هەڵبژاردنەکانیان بۆ هاووڵاتیان بنێرن، هەموو کەسێک کە دەیەوێت دەنگ بدات، دەبێت تا وادەیەکی دیارییکراو ناوی خۆی تۆمار بکات.
لە بانگهێشتنامەکانی تۆمارکردنی دەنگدەراندا هاتووە: پاسپۆرت، مۆڵەتی شۆفێری، نوێترین ناونیشان لە ئەمریکا و ژمارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی خۆت لەگەڵ خۆت بهێنە.
نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو دەنگدەران لە رێگەی پۆستەوە دەنگ دەدەن. هەروەها زۆرێک لە ویلایەتەکان رێگە بە دەنگدانی کەسی (دەنگدانی پێشوەختە) دەدەن پێش 5 نۆڤەمبەری 2024 .
ئەو دەنگدەرانەی کە لە لیستە هەڵبژاردنەکاندا نین و لە بنکەکانی دەنگدان بەردەستن، هێشتا رێگەیان پێدەدرێت دەنگ بدەن. دوای هەڵبژاردن، دواتر روون دەبێتەوە کە ئایا ئەوان مافی دەنگدانیان هەبووە، ئایا دەنگەکەیان رەوایە یان نا؟ ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر دەرەنجامی هەڵبژاردن نزیک بێت، مەترسی دواکەوتنی درێژخایەن هەیە.
فۆرمی دەنگدان چۆنە؟
لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا چەندین هەڵبژاردنی دیکە دەکرێت. هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانیش لە 5 ی نۆڤەمبەردا هەڵدەبژێردرێنەوە. لەهەمانکاتدا ئەندامانی پەرلەمانی ویلایەتەکان و هەروەها داواکاری گشتی و دادوەرەکان، بۆ نموونە، تازە هەڵدەبژێردرێن. ئەمەش بەو مانایەیە کە کاغەزی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا قەبارەیەکی سەرنجڕاکێشە.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەرپرسیارە لە داڕشتن و گفتوگۆکردن و دەرکردنی یاساکان و هەموو یاسایەکی فیدراڵی دەبێت لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند بکرێت، بەرلەوەی بنێردرێت بۆ سەرۆک بەمەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی
ترەمپ یان هاریس؟
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا پێشبڕکێیەکی زۆر نزیک دەبێت، ئەگەر باوەڕ بە راپرسییەکان هەبێت، لە چەندین راپرسیدا، دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس بە کردەوە لە ویلایەتە چارەنووسسازەکانی سوینگدا یەکسانن. بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتەکانی سوینگدا لە ساڵانی پێشوودا سەرسامیی زۆری نیشانداوە.
ئایا دەتوانرێت متمانە بە راپرسییەکان بکرێت؟
زۆر لە چاودێران پێیانوایە. «بەپێی ئەوەی لە خەڵکەوە دەیبیستن، دەکرێت ئەمجارە راپرسییەکان راست بن.» لە بەرامبەردا زۆر لە خەڵکی ئاسایی لە فلۆریدا، متمانەیان بە میدیا و راپرسییەکان نییە. ئەمان دەڵێن: هەمووشتێک دەتوانرێت بشێوێنرێت. زۆر لە خوێندکارانیش پێیانوایە راپرسییەکان جێی متمانە نین. ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە لە ساڵانی 2016 و 2020 دا ترەمپ پێشەنگی راپرسییەکان نەبوو، بەڵام دواتر سوپرایزێکی گەورە روویدا.
لە 2016 دا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هیلاری کلینتۆن سەرکەوت، کە ئەوکات چەند پسپۆڕێک وا پێشبینییان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. دوای چوار ساڵ جۆبایدن لە بەرامبەر ترەمپدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام تەسکتر لەوەی پێشبینی دەکرا.
لی میرینگۆف لە دامەزراوەی بەناوبانگی راپرسیی ماریست دەڵێت: «هەرکەسێک کەمێک پێش هەڵبژاردنەکان سەیری راپرسییە کوالیتی بەرزەکانی کردبێت، بینیویەتی ژمارەی راپرسییەکانی کلینتۆن چۆن داڕماوە. هیلاری کلینتۆن پێش ئەوەی رووداوی گەورە رووبدات، راپرسییەکی زۆری ئەنجامدا کە رەنگە ئەنجامەکەی گۆڕیبێت. لەوکاتەدا زۆرێک لە دەنگدەرانی بڕیارنەدراو لە کۆتاییدا ترەمپیان هەڵبژارد وەک ئەمان روونی دەکەنەوە.
لە تێڕوانینی ئەم دامەزراوەیەدا، راپرسییەکان تەنها وێنەی خێران، دەڵێن هەندێک لە راپرسییەکان لەلایەن حزبەکانەوە پارەیان بۆ دابیندەکرێت یان کوالیتییەکی باشیان نییە.
دامەزراوەی میرینگۆف زۆرجار گوێیان لەو گومانە بووە کە وەڵامدەرەوەکان نەیانویستووە دان بەوەدا بنێن کە دەنگیان بە ترەمپ داوە. بە وتەی میرینگۆف، زۆربەی پەیمانگەکانی راپرسی لە ساڵی 2016 وە شێوازەکانیان گونجاندووە بۆئەوەی چیتر تەنها لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە کار نەکەن، بەڵکو کەناڵەکانی دیکەی پەیوەندیکردن بەکاردەهێنن.
ترەمپ لە ساڵی 2016 دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەهۆی کۆکردنەوەی بەهێزی چاوەڕواننەکراوی ئەو کەسانەی کە بە دەگمەن دەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. لە بەرامبەردا بایدن لە ساڵی 2020 دا سوودمەندبوو لە رێژەیەکی زۆر نائاسایی دەنگدەران لەنێو پیاواندا، بۆیە هەردوولا هاریس و ترەمپ لە کۆتاییدا شەڕ دەکەن بۆئەوەی دڵنیابن لەوەی زۆرترین کەس، لەنێویاندا ئەوانەی کەمتر ئارەزووی سیاسەت دەکەن، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆیان.
کاریگەریی هەڵبژاردنی ئەمریکا لەسەر جیهان
لە ئەمریکای باشوور ستایشی زۆر بۆ دۆناڵد ترەمپ دەکرێت، سەرەڕای لێدوانە رەگەزپەرستییەکانی. لەم نێوەندەدا، هاریس لەلایەن فێمینیستەکانەوە پشتگیری دەکرێت. بەڵام لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خەڵک هیچ کام لەم دووانەیان ناوێت و هیچ بایەخێکی نییە لای خەڵک.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە شێوەیەکی نەریتی لە 5 نۆڤێمبەر سەعات 6ی بەیانی (بە کاتی ئەوروپا) لە گوندی بچووکی دیکسڤیل نۆچ لە ویلایەتی نیو هامپشایری ئەمریکا دەستپێدەکات، لەگەڵ داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە ویلایەتی ئەلاسکا لە 6ی نۆڤێمبەر سەعات 6ی بەیانی (بە کاتی ئەوروپا)، کۆتایی دێت
ترەمپ خۆشەویستە لە ئەمریکای باشوور
لە ئەمریکای باشوور هاوسۆزییەکی زۆر بۆ دۆناڵد ترەمپ هەیە، ئاماژەکان بەجۆرێکە گوایە پیاوێکی بەهێزە و لێدوانی روون دەدات و مێزەکە هەڵدەگێرێتەوە و قسەی ئیستفزازی دەکات. ئەم شێوازە لە ئەمریکای باشوور زۆرکاریگەریی هەیە، لەبەرئەوەی لە ئەمریکای باشوور، زۆرجار پۆپۆلیزم بە سیاسی دەکرێت.
ترەمپ بە کەسێکی توندڕەو دادەنرێت، کاتێک باس لە تاوان و ئاسایش دەکرێت، بە وتەی چاودێران ئەمە لای زۆرێک لە خەڵکی ئەمریکای باشوور کە بەدەست کاریگەرییەکانی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەرەوە دەناڵێنن، بەناوبانگە، بەڵام سیاسەتی توندی ترەمپ لە بواری کۆچبەریدا رەخنەی زۆری لێدەگیرێت، چونکە زۆرکەس لە ئەمریکای باشوور خەون بە ژیانێکەوە دەبینن لە ئەمریکا.
بە وتەی زۆرێک ئەوەی زۆر کەس ناڕەحەت دەکات، لێدوانە رەگەزپەرستانەکانی ترەمپە.
بێگومان لایەنێکی دیکەش هەیە ئەویش کامالا هاریسە، کە لەلای چەپەوە گۆڵ تۆمار دەکات، ئەمریکای باشوور دەفرێکی توانەوەی خەڵکە. کۆڵۆمبیا و ڤەنزوێلا و بەرازیل بەشێکی زۆریان لەو کەسانەیان هەیە کە رەگ و ریشەی ئەفریقاییان هەیە. ئەو راستییەی کە ژنێکی رەشپێستی هیندی، دەتوانێت ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، لێرەدا سەرنجی ئەمان رادەکێشێت و وەک گرنگ سەیر دەکرێت.
ئەمریکاییەکان لە چاوەڕوانی سەعاتی سفری دەنگداندا بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات
هیچ بەرژەوەندییەک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە
بە وتەی زۆرێک لە چاودێران و میدیاکارە ئەوروپییەکان و شارەزایانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵبژاردنی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پرسێک نییە لەناو دانیشتوواندا. خەڵک زۆر زیاتر لە خەمی شەڕی کەرتی غەززە و لوبناندایە. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر نیگەرانیی دروستکردووە، پرسی چارەسەرنەکراوی فەلەستینە. هیچ جیاوازییەکی سیاسی لە نێوان ترەمپ و هاریسدا نییە. هاریس لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتدایە، بەڵام ئەوە هیچ شتێک لە ژیانی رۆژانەی فەلەستینییەکان ناگۆڕێت. راستییەکەی ئەوەیە، ئەمریکا بەبێ مەرج پشتگیریی ئیسرائیل دەکات، گرنگ نییە کێ لە دەسەڵاتدایە.
بەڵام ئەم دووانە لە خاڵێکدا جیاوازن. ترەمپ دەیەوێت کۆچکردن بۆ ئەمریکا لەو ویلایەتانە بووەستێنێت کە زۆرینەی موسڵمانن. «ئەوە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر ئەو گەنجانەی کە لە ئەمریکا دەخوێنن و حەز دەکەن ژیانێکی نوێ بنیات بنێن».
لە چین 70 % دەنگ بە ترەمپ دەدەن
«لە چین وێنەی دوو شووشە بە هەمان ژەهر وێنا دەکرێت». هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە هەردوو ترەمپ و هاریس دژە چینن. ترەمپ زۆر راشکاوانە بەرامبەر چین بە رێوشوێنی کۆنکرێتی وەستاوە، بۆنموونە باسی باج لەسەر هەموو بەرهەمەکانی چین دەکات.
بەپێی راپرسییەک لە سۆشیال میدیای چین، ترەمپ باشتر پێشوازیی لێدەکرێت و 70 % ترەمپیان پێ باشترە. بۆچی؟ ئاماژەکان وایە، ترەمپ پرۆفایلی بەهێزی هەیە، برسی دەسەڵاتە و بازرگانێکی دەوڵەمەندە. لە کۆمەڵگەیەکی پلەبەندیدا ئەم تایبەتمەندییانە ئەرێنین.
بە بەراورد بە ترەمپ، هاریس پرۆفایلێکی بێ هێزی هەیە، ژنێکی رەشپێستە و هەربۆیە کەمینەیە لە روانگەی چینییەوە، هاریس بەردەوام دژی چین قسە دەکات. جگە لەوەش، کامالا هاریس لە رووی جیۆپۆلەتیکییەوە وەک سەرۆکێکی مەترسیدارتر دەبینرێت.
بەردەوام دەوترێت، ئیدارەی بایدن – هاریس، هەوڵیداوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی چین وەک کۆریای باشوور و ژاپۆن دروست بکات. لە چین هەست دەکەیت کە ئەمریکا دەیەوێت ناتۆی ئاسیا پێکبهێنێت. وشەی سەرەکی ناتۆ لە چین پێشوازییەکی باشی لێناکرێت.
سەرچاوەکان
1-https://www.bpb.de/system
www.tagesanzeiger.ch/tags/70486-2
www.srf.ch/news/international/us-wahlen-2024-3