مامەڵەی ناو فێستیڤاڵ، یەک ملیار دیناری تێپەڕاند

هەنار، هەمووانی لە هەڵەبجە کۆکردەوە

09:50 - 2024-11-04
ڕاپۆرت
186 جار خوێندراوەتەوە
300 هەزار کەس چوونەتە دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار

راپۆرتی/ هاوکار محەمەد

بازرگانێک: هەناری هەڵەبجە ساڵانە رەوانەی بازاڕەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دەکرێت

دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار سێ رۆژ بەردەوام بوو، 300 هەزار گەشتیار لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم و دەرەوەی هەرێم بەشدارییان تێداکرد، مامەڵەی هەنار و کەلوپەلی ناو فێستیڤاڵ یەک ملیار دیناری تێپەڕاند.


خاکەکەی هی هەنارە

هەنار دیارترین بەرهەمی میوەی پایزە لە سنووری هەڵەبجە، ئەندازیارێک هۆکاری سەرکەوتنی بەرهەمی هەنار لە ناوچەکە بۆ کوردستانی نوێ ئاشکرا دەکات و پێیوایە زۆریی داخوازی و کڕیار لەسەر هەنار فاکتەرێکی سەرکەوتنی ئەم بەرهەمەیە لە ناوچەکەدا.
شۆخان عیزەت ئەندازیاری کشتوکاڵ دەڵێت: نەمامی هەنار پێویستی بە خاکێکی رەش واتا رەشەگڵ هەیە، خاکی هەڵەبجەش بە گشتیی رەشەگڵە، هەربۆیە هەنار لە ناوچەکەدا بەباشی گەشە دەکات، هەروەها ئاوی سازگار و زۆریی ئاو هۆکارێکی ترە بۆ گەشەی هەنار، هەڵەبجە زۆرترین کانیاوی سازگاری تێدایە و جووتیارەکان بۆ ئاودانی نەمام و باخەکان بەکاریدەهێنن، زەوی شێدار هۆکارێکی ترە، بۆئەوەی هەنار بەباشی گەشەی تێدا بکات، خاکی هەڵەبجە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە کە بۆ گەشەی هەنار پێویستن.
وتیشی: زۆربوونی خواست و کڕیار لەسەر بەرهەمی هەنار، دنەی باخەوانەکانی داوە باشتر کێڵگەکانیان رێکبخەن و زیاتر خۆیانی پێوە ماندوو بکەن و بەرهەمی باش و زۆر بەرهەمبهێنن.

 

ئەندازیار شۆخان عیزەت  بۆ   کوردستانی نوێ   : 
بەهۆی زۆریی خواست هەزاران باخەوان سەرقاڵی بەرهەمهێنانی هەنارن، هەروەها هەزاران دۆنم زەوی هەڵەبجە کە پێشتر بەرهەمی تری لێ دەچێنرا، ئێستا کراون بە باخی هەنار

جۆرەکانی هەنار
ساڵەخانی، ساوا، سورە هەنار، لا رەشە، مەلەسی، شیرین کاراڵی، کەوە هەنار، دیارترین جۆرەکانی هەنارن لە هەڵەبجە، بەم دواییانەش نەمامی ئەمریکی هێنراوەتە سنوورەکە، رێکەوت جەبار فرۆشیارێکی دێرینی هەنارە لە هەڵەبجە لەبارەی جۆرەکانی هەنارەوە وتی: بە گشتیی هەشت جۆر بەرهەمی هەنار هەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام هەناری ساڵەخانی 80 %ی کۆی بەرهەمی هەنار پێکدەهێنێت و کۆنترین جۆری هەنارە لە هەڵەبجە.

فێستیڤاڵ، بازاڕ و هەناری پێشخست
تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار 10 ساڵ پێش ئێستا بڕیاریاندا فێستیڤاڵێکی ساڵانە بۆ هەنار رێکبخەن، ئەندامێکی تۆڕی رێکخراوەکان لە بارەی ئەم بیرۆکەیەوە وتی: ساڵانە لە هەڵەبجە زۆرترین بڕی هەنار بەرهەم دەهێنرێت و دەخرێتە بازاڕەکانەوە، بەهۆی ناوبانگ و باشیی جۆرەکانی هەنار لە ناوچەکە زۆرترین خواستی لەسەرە، هەربۆیە بڕیاردرا ساڵانە لە فێستیڤاڵێکدا هەناری ناوچەکە بخرێتەڕوو، ئامانج لەم پرۆژەیە، سەرەڕای دروستکردنی بازاڕ، راکێشانی گەشتیارە بۆ ناوچەکە، ئەمساڵ 300 هەزار کەس لە شار و شارۆچکەکانی عیراق و وڵاتانی دەوروبەرەوە سەردانی هەڵەبجەیان کردووە، لە کوردستان هیچ بۆنە و کەرنەڤاڵێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و بازرگانیمان نییە 300 هەزار کەس بەشداری تێدابکەن، ئەمساڵ تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا یەک ملیار و دووسەد ملیۆن دینار بڕی فرۆش بووە لە شارەکەدا کە گەورەترین بڕی فرۆشتنە.

زیندووکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
لە گۆڕەپانی فێستیڤاڵی هەناردا، سۆرانی، کرمانجی هەورامی، تورک و کریستیان لە زاخۆ تا خانەقین کۆبوونەوە، عەرەب و فارس و بیانی بەشێکی تری ئامادەبووانی فێستیڤاڵ بوون.
ئاراز محەمەد پارێزەر و دانیشتووی هەڵەبجە بۆ کوردستانی نوێ وتی: ساڵانە رۆژێک پێش دەستپێکردنی فێستڤاڵەکە هەزاران هاووڵاتی و سەدان خێزان لە ناوچە جیاوازەکانەوە دێنە هەڵەبجە و بەهۆی نەبوونی هۆتێلی پێویست و شوێنی مانەوە و حەوانەوەی خەڵک، ماڵەکانی هەڵەبجە دەبن بە شوێنی مانەوەی میوان، ئەوەش خزمەتێکی باشی کردووە لەڕووی زیندوکردنەوەی زیاتری کۆمەڵایەتی و کەلتووریشەوە.
وتیشی: ئەمساڵ سەدان هەزار کەس بەشدارییان کردووە زیاتر لە 20 هەزار کەس لە شارەکەدا ماونەتەوە ئەو ژمارەیە بە هۆتێل و ڤێللا و میونخانەکانی ناوچەکە حەل ناکرێت، هەربۆیە بەشی هەرەزۆری خەڵکەکە شەوی فێستیڤاڵ لە ماڵی دۆست و خزمە دوور و نزیکەکانیان رۆژیان کردەوە.
زیاتر لە 10 ساڵە، هەناری هەڵەبجە، هەر ساڵێک بە رێژەیەکی زیاتر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت، لە بەریتانیا و ئەمریکا خواستێکی زۆر لەسەر هەناری ناوچەکە هەیە، بازرگانێک لە بارەی هەناردەکردنی هەناری ناچەکەوە دەڵێت: دوای گەشەپێدانی باخەکانی هەنار و زیادبوونی بڕی بەرهەمی هەنار و داخوازی دەرەوە لەسەر هەنار، بیرمان لە دروستکردنی بەڕادی تایبەت بە هەڵگرتنی هەنار کردەوە، چەند ساڵێکیشە بڕێک لە هەناری ناوچەکە لەو بەڕادانەدا کۆدەکرێنەوە و دواتر رەوانەی ئەو وڵاتانە دەکرێت کە خواستیان لەسەری هەیە، وتیشی: هەناری هەڵەبجە ساڵانە رەوانەی بازاڕەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دەکرێت، ئەوەش هۆکارێکی باشە بۆ پێشخستنی زیاتری بەرهەمی هەنار لە ناوچەکەدا.

هەنار بووەتە جێگرەوەی بەرهەمەکانی تر
بەهۆی هەڵکەوتەی خاکی هەڵەبجە و سازگاریی ئاو و هەواکەی، هەنار بە باشی گەشە دەکات، بازاڕیش هۆکارێکی ترە بۆئەوەی جووتیاران واز لە بەرهەمی دیکە بهێنن و روو لە چاندنی هەنار بکەن، ئەندازیار شۆخان عیزەت دەڵێت: لە پێش پرۆسەی ئازادی عیراقەوە ژمارەی ئەو باخەوانانەی هەناریان بەرهەم دەهێنا نە دەگەیشتە 100 کەس، بەڵام بەهۆی بوونی خواست لەسەر هەنار، ئێستا ژمارەی باخەوانەکان هەزارانن، هەزاران دۆنم زەویش کە پێشتر بەرهەمی تری لێ دەچێنرا، ئێستا کراون بە باخی هەنار، هەر بۆیە ئەگەر حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ هاوکاریی زیاتری جووتیاران بکەن ئەوا شارەکە و زەوییەکانی یەک پارچە دەبن بە هەنار، ئەوەش هەم سوودی بۆ جووتیار هەیە هەمیش دەتوانرێ بڕێکی زیاتری لێ رەوانە بکرێت بۆ بازاڕەکانی دەرەوە.
وتیشی: ساڵی رابردو ئەگەر پێنج دۆنم باخی هەنار بە 10 ملیۆن دینار فرۆشرابێت، ئەمساڵ هەمان باخ بە 25 ملیۆن دینار فرۆشراوە، ئەوەش دەریدەخات داهاتی باخەوان بە رێژەیەکی زۆر زیادیکردووە، ئەم زیادبوونە هۆکارێکی گرنگە بۆئەوەی ساڵانی داهاتوو بڕێکی زیاتر هەنار بەرهەم بهێنرێت و لەڕووی چۆنێتیشەوە جۆری باشتری هەنار بەرهەم بهێنرێت.
لە فێستیڤاڵی هەنار زیاتر لە پەنجا کەناڵی ئاسمانیی ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانی رووماڵیان کرد، فێستیڤاڵی ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلێکی بەهێزیی سەرما و  باران بارین، بەڵام زۆرترین خەڵک و کەناڵی میدیایی بەشدارییان تێداکرد.

#هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان