رۆژی 31ی تشرینی یەكەمی 2024، بە ئامادەبوونی (د.ئارام محەمەد) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم و (پ. د. كۆسار محەمەد عەلی) سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و (د.هەڤاڵ ئەبوبەكر) پارێزگاری سلێمانی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی و ژمارەیەك لە سەرۆكی زانكۆكان و بەرپرسانی حكومیی و حزبی و مامۆستایان و فەرمانبەران و دایك و باوك و كەسوكاری خوێندكاران، ئاهەنگی 39 هەمین خولی دەرچووان بۆ (4734) خوێندكار لە سەرجەم بەشە زانستی و پزیشكی و مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی، لە گۆڕەپانی یاریگای كۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بەڕێوەچوو.
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی:
پێگەی زانستی و ئەكادیمیی زانكۆی سلێمانی، كاریگەریی سەرەكی لەسەر بە پایتەختبوونی رۆشنبیریی شاری سلێمانی هەبووە
لە سەرەتای مەراسیمەكەدا، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە وتەیەكدا بەخێرهاتنی گەرمی میوانەكانی كرد و رایگەیاند: ئەم رۆژ و ساتە مەزنە لە ئێوە و خانەوادەكانتان پیرۆز بێت و وتی: «پێگەی زانستی و ئەكادیمیی زانكۆی سلێمانی، كاریگەریی سەرەكی لەسەر بە پایتەختبوونی رۆشنبیریی شاری سلێمانی هەبووە.»
وتیشی: «بۆ یەكەمجار لە مێژوودا زانكۆی سلێمانی یەكەمبوونی خۆی لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەپێی ریزبەندی تایمز هایەر ئیجوكەیشن تۆماركرد و بەم بۆنەیەوە جارێكی دیكە ئەم سەركەوتنە مەزنەی زانكۆی سلێمانی لە خۆمان و هەمووان پیرۆز دەكەین»
پاشان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە خوێندكارە دەرچووەكان و خانەودەكانیان رایگەیاند: بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆی سلێمانی كاردەكەن بۆئەوەی زانكۆكان لە رووی دارایی و كارگێڕییەوە سەربەخۆ بن.
دوای سوێندی دەرچوونی خوێندكاران، چەند چالاكییەكی هونەریی پێشكەشكراون بە شێوەیەكی سەركەوتوو كۆتایی بە مەراسیمەكە هات.