فەتحوڵڵا حسێنی ئامادەی دەکات
ئارامی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەگەڕێتەوە
رۆژنامەی (الوطن) ی چاپی سوریا ریپۆرتاژێکی سەبارەت بە دۆخی ئاسایشی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بڵاوکردووەتەوە لە باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی سوریا لەدوای ئەو زنجیرە بۆردومان و تۆپبارانە چڕانەی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانە کە ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو و لەو رووەوە رۆژنامەکە دەڵێت هەنووکە ناوچەکە بە دۆخێکی نیمچە ئارامدا تێدەپەڕێت.
جێی ئاماژەیە لە ئەنجامی ئەو زنجیرە بۆردومانە ئاسمانی و زەمینییەدا بۆ ئەو ناوچانە، چەندین دامەزراوە و وێستگەی سووتەمەنی و کارەبا و ژێرخانی ئابووریی ئەو ناوچانە خاپوورکراون، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی گوایە هێرشبەرەکانی ئەنقەرە بۆسەر کارگەی دروستکردنی چەکی ئاسمانیی تورکیا لە باکووری سوریاوە دزەیان کردووەتە ناو تورکیاوە بۆ ئەو هێرشە و «هەسەدە ئاسانکاریی بۆ کردوون».
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەسەدەش ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەر لەو ئاڵۆزییانەی ئەم دواییە زۆر هێور ببووەوە لە هەرسێ ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی حەلەب و رەققە و حەسەکە، ئەو سەرچاوەیە روونیشکردووەتەوە کە ئەو هێوربوونەوەیە دوای ئاگادارکردنەوەیەکی وەزیری بەرگریی ئەمریکا هات بۆ هاوتا تورکییەکەی کە هۆشداریی دابوویە لەسەر وەستاندنی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانە و بیرکردنەوە لە هێرشی بەربڵاو بۆسەر هێزەکانی هەسەدە.
ئەگەری هەیە هاریس دوای سەرکەوتنی، هیزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا بهێڵێتەوە
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی (الثورة)ی چاپی سوریا کە لەزاری ولیام روباک –ی نێردەی پیشووتری ئەمریکا لە سوریا بڵاویکردووەتەوە، ناوبراو رایگەیاندووە ئەگەری هەیە کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکانی ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا بهێڵێتەوە، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان دەیەوێت پێچەوانەی ئەوە بکات.
لەو رووەشەوە رۆژنامەکە رۆڵی ئەمریکای زەقکردووەتەوە سەبارەت بە هاوئاهەنگیی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن سەبارەت بەو هێرش و ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا لە ناو خاکی سوریادا دەیکات، ئەوەش دوای ئەو لێدوانەی باتریک رایدەری وتەبێژی پێنتاگۆن هات کە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لەدوای کردەوەکەی کارگەی «توساش» کاتێک وتی: رەچاوی مەترسییە رەواکانی تورکیا دەکەین! و جەختی لەسەر پەیوەندیی گەرم و کراوەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە کردەوە وەک دوو هاوپەیمان لەناو ناتۆدا.
لێکترازانی گەورەی سەربازی بۆ رەتکردنەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریادا
لە چەند رۆژی رابردوودا لێکترازانی گەورە لە ریزەکانی هێزە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریای سەربە تورکیادا روویداوە وەک دەربڕینی ناڕەزایی لەبەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.
لەو رووەشەوە رۆژنامەی (السوریة) رایگەیاندووە لێکترازانەکان لەنێوان هەردوو دوو یەکەی چەکداریی موعتەسەم و بەری شامدا روویداوە، کە هەردووکیان بە دوو یەکەی نزیک و گوێڕایەڵی حکومەت و سوپای تورکیا هەژماردەکرێن.
بەگوێرەی سەرچاوە مەیدانییەکانیش، هۆکاری سەرەکیی ئەو لێکترازانانە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپی «هەڵۆکانی باکوور» لەلایەن تورکیاوە دوای چەند هەفتەیەک لە پەیوەستبوونی ئەو گروپە بە یەکەی بەرەی شامەوە.
وەک رۆژنامەکەش ئاماژەی پێکردووە، ئەو گرژیی و ئاڵۆزییانە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو گروپانە هەڵوێستی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا رەتدەکەنەوە.