دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە خەریکی کردنەوەی بەشی نوێیە

نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو و دەگمەن، لە نەخۆشخانەی شۆڕش

10:21 - 2024-11-06
ڕاپۆرت
169 جار خوێندراوەتەوە
کاتی نەشتەرگەریی لابردنی وەرمی سەر رژێنی گورچیلە بۆ نەخۆشێک

راپۆرتی/ محەمەد رەزا

دەزگای تەندروستی پێشمەرگە یەکێکە لەو ناوەندە تەندروستییە خزمەتگوزارییانەی دیاری هەڤاڵ مام جەلالە بۆ پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان و تەواوی هاووڵاتیان.
نەخۆشخانەی گشتی شۆڕشی فێرکاری سەر بەو دەزگایەیە و بەردەوامە لە پێشخستنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی، بە هەوڵ و ماندوبوونی بەرپرسان و پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە، لە پێناو خزمەتکرنی زیاتر بە هاووڵاتیان.

د. لاوان توانا بۆ   کوردستانی نوێ  :
بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەی شۆڕش نەشتەرگەریی لابردنی وەرەمی رژێنی سەر گورچیلەمان بە رێگەی ئامێری لاپرسکۆپ بە سەرکەوتوویی بۆ نەخۆشێک کرد

 

پشکنین و تیمی نەشتەرگەرییەکە
لە درێژەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا لە نەخۆشخانەی گشتی شۆڕشی فێرکاری، نەشتەرگەری لابردنی وەرەم (لو)ی رژێنی سەر گورچیلە کراوە بۆ ژنێکی تەمەن 45 ساڵ، بە سەرپەرشتی لاوان توانا پزیشکی پسپۆڕ و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە نەشتەرگەری میزەڵدان و میزەڕۆ و پرۆستات و نەزۆکی پیاوان، هاوکات راهێنراو لە بواری (لاپرسکۆپ) بە کوردستانی نوێی راگەیاند، ژنەکە دوای ئەوەی ئازاری هەبوو لە بەشی سەرەوەی سکی، پاش بینین و پشکنینی تیشکی سی تی سکان، پشکنینی خوێن و چەند هۆرمۆنێک و سۆنار، لە ئەنجامدا دەرکەوت، گرێیەکی شەش سانتیمەتر و نیوی لەسەر گورچیلەی راستیەتی و پێویستە لاببرێت، بۆیە بڕیاری نەشتەرگەریماندا بۆی.
ژنەکە لەبەرئەوەی کەسوکاری پێشمەرگەیە سەردانی نەخۆشخانەی شۆڕشی کردووە، بۆ بینینی لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ و وەرگرتنی چارەسەر.
بۆ ئەو مەبەستە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی د.لاوان توانا پزیشکی سەرەکی نەخۆشەکە و د.کاوە فەقێ پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە، د.شاخۆ جەمال و د.هێمن مەحمود پزیشکانی بێهۆشکاری، لەگەڵ عیماد فەرەج، ئاکۆ رەئوف و هەردی ئەحمەد یاریدەدەرانی پزیشک، بڕیاردرا بە ئامێری لاپرسکۆپ لە رێگەی سێ کونەوە نەشتەرگەری لابردنی وەرەمەکە بۆ نەخۆشەکە بکرێت.

دەرکردنی وەرەمەکە
لاوان توانا پزیشکی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری میزەڵدان و میزەڕۆ و پرۆستات و نەزۆکی پیاوان دەڵێت: پێشتر ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە لە رێگەی کردنەوەی سکی نەخۆشەکەوە دەکرا، کە بەشێکی زۆر لە بەشی سەرەوەی سکی نەخۆشەکە دەکرایەوە، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە لە نەخۆشخانەی گشتی شۆڕشی فێرکاری، ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بە ئامێری تایبەت و تەنها لە رێگەی سێ کونەوە کە دەکرێتە سکی کەسەکە بۆ نەخۆشەکە دەکرێت.
وتیشی: توانیمان هەموو وەرەمەکە بە یەکجار لەسەر گورچیلەی نەخۆشەکە دەربهێنین، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە ئەندامەکانی تری ناوسکی نەخۆشەکە و خودی گورچیلەکە بکەوێت، لە کاتێكدا ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە گەورانە هەندێکجار دەبێتە هۆی ئەوەی شا خوێنبەر تووشی ئازار و زیان ببێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە توانیمان سەرکەوتووانە و بەبێ زیان تەواوی وەرەمەکە دەربهێنین.
خزمەتگوزاری بە شێوازی سەردەمیانە
نەخۆشەکە تەنها دوو رۆژ پێویستی بە مانەوە بوو لە نەخۆشخانە بۆ چاودێریکردنی دۆخی تەندروستیی و دوای دڵنیابوونەوە لە باشیی دۆخی تەندروستی بە رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ نێردرایەوە بۆ ماڵەوە.
لاوان توانا دەڵێت: نەشتەرگەرییەکە سەروو گەورەبوو، بەڵام توانرا بە سەرکەوتوویی بکرێت و ئێستا نەخۆشەکە دۆخی تەندروستی زۆرباشە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە و تەواوی هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە هەموو کات بەبێ ماندوبوون لە خزمەتیاندا دەبین و لە کاتی بوونی هەر گرفتێکی تەندروستیدا  بەبێ دوودڵی سەردانمان بکەن بۆ چارەسەرکردن.
لە نەخۆشخانەی گشتی شۆڕشی فێرکاری چەندین بەشی جیاواز هەیە، رۆژانە ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕ خزمەتگوزاری تەندروستی بە شێوازی پێشكەوتوو و سەردەمیانە پێشکەش بە نەخۆشەکان دەکەن و بەرپرسانی هەوڵدەدەن سەرجەم بەشەکانی بەرەوپێش بەرن لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا.

پلانی نوێی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە
د.هێمن شێخ عاسی تاڵەبانی بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە رایگەیاند، خەریکی چەند نوێگەرییەکین لە دەزگاکەدا و لەو بەشانەوە دەستمان پێکردووە کە بۆ هاووڵاتیان بارگرانییەکی زۆرە، بۆ نموونە بەشی چاودێری چڕ لە دوو بێدەوە زیادکراوە بۆ حەوت بێد بۆئەوەی ژمارەیەکی زۆرتری نەخۆش بتوانن سوودی لێ ببینن، هەروەها لە پلانماندایە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا بیگەیەنینە 12 بێد.
وتیشی، کارمەند و پزیشکی تایبەتمان بۆ بەشەکە دابینکردووە لەگەڵ هەموو پێداویستییە پزیشکییەکانی چاودێری چڕ، کە لە توانایدایە وەک نەخۆشخانە تایبەتەکان خزمەت بکات، ئەگەر باشتر نەبێت کەمتر نەبێت.
بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرنامەماندایە فریاکەوتنێکی تازە دروست بکەین، کە کوالێتی بەرزبێت و لە ئاستێکی زۆرباشدا بێت، بینامان بۆ دابینکردووە، لە پلاندایە ساڵی داهاتوو بخرێتەگەڕ و توانای لەخۆگرتنی 400 نەخۆشی هەیە.
وتیشی: بینای فریاکەوتنە تازەکە هەر لە نزیک دەزگای تەندروستی پێشمەرگە دەبێت، بۆ هاووڵاتیانی ئەم بەشەی سلێمانی کە دوورن لە فریاکەوتنەکانی دیکە زۆر سوودی دەبێت و کارئاسانییە بۆ ئەو کەسانەشی لە دەرەوەی شارەوە دەهێنرێن بۆ بەشی تەواری ناوشار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان