لە میدیای تورکییەوە

12:32 - 2024-11-06
جیهان
31 جار خوێندراوەتەوە

توركیا هێرشی زیاتر دەكات


یەحیا بۆستان نووسەر و شارەزای توركیا لە وتارێكی شیكاریدا باس لە رەهەندەكانی ئەو لێدوانانە دەكات كە ئەردۆغان وتی: لە چەند رۆژی داهاتودا “مژدە”ی نوێ بۆ گەلی توركیا رادەگەیەنین و مژدەكانمان گەرەنتی ئاسایشی سنوورەكانی باشوورمان دەكات و گیان و ماڵی هاووڵاتییەكانمان دەپارێزێت.
بە پێی شیكاریەكەی یەحیا بۆستان پێدەچێت سوپای توركیا، دوای دەستپێشخەری چارەسەركردنی مەسەلەی كورد كە تا ئێستا لە ناوخۆدا تەنها دەستگیركردنی چوار سەرۆك شارەوانیی دەم پارتی و گەڕاندنەوەی سیستمی قەییومی لێكەوتۆتەوە بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەكەكەوە، دوای رازیكردنی روسیا و بێدەنگی ئەمریكا، سوپای توركیا خولێكی دیكە پەلاماری زەمینیی رۆژئاوای كوردستان دەست پێبكاتەوە.


تورك پریس

 

 
لاڤرۆڤ: ئەنقەرە بەردەوامە لە هاوكاریكردنی ئۆكرانیا

 سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، هاوكاریی سەربازی - تەكنیكی نێوان توركیا و ئۆكرانیا بە لەبەرچاوگرتنی خواستی ئەنقەرە بۆ نێوەندگیری لە ململانێی روسیا و ئۆكرانیادا جێگەی سەرسوڕمانە.
لاڤرۆڤ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی حورییەتی توركی، وتی: بەداخەوە ئەنقەرە بەردەوامە لە هاوكارییەكانی لەگەڵ رژێمی كیێڤ لە بواری سەربازی - تەكنیكیدا. هێزە چەكدارەكانی ئۆكرانیا چەكی توركیا بەكاردەهێنن بۆ كوشتنی سەرباز و هاووڵاتیانی مەدەنی روسیا. لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش داوە، ئەوە لایەنی توركیا بوو كە لە بەهاری ساڵی 2022دا پلاتفۆرمی ئەستەنبوڵی بۆ راوێژ لەگەڵ نوێنەرانی كییڤ پێشكەش كرد، هاوكات بەشداری كرد لە كۆتاییهێنان بە مامەڵەی دانەوێڵە.


زەمان

 

باخچەلی: پێویستە جارێكی تر ئەردۆغان هەڵبژێردرێتەوە


دەولەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە دەڵێت، «ئەگەر تیرۆر لە ژیانماندا بنبڕ بكرێت، ئەگەر گورزێكی قورس لە ئەهریمەنی هەڵاوسان بدرێت، ئەگەر توركیا بگاتە لوتكەی سەقامگیری سیاسی و ئابووری، ئایا ئەوە هەڵبژاردنێكی سروشتی و دروست نییە بۆ سەرۆكەكەمان؟» وەكو ئاماژەیەك بۆ هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان وەكو سەرۆك كۆمار. 
باخچەلی لە كۆبوونەوەی گروپی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا قسەی كردو داوای كرد، كە ریفۆرمی دەستوری توركیا بە جۆرێك بكرێت، كە رێگا بە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بدات بۆ سەرۆک كۆماری، بە تایبەت بەقسەی ئەو كە ئەردۆغان لەم بارودۆخەدا كەسایەتیەكی پێویستە بۆ سەرخستنی پرۆژەی سەدەی توركیا.
باخچەلی سوور بوو لەسەر ئەوەی كە لە سەدەی توركیادا تیرۆر بنبڕ بكرێت و وتی، «ئێمە یەك دڵین لەگەڵ برا كوردەكانمان، لە یەك بەرەداین دژی تیرۆری جوداخوازی. ئاماژەی بەوەشدا، كە نابێت درێغی بكەن لە داڕشتنی ستراتیژێك بە ئامانجی لێكتێگەیشتن و پێكەوەژیان، نەك ململانێ و لەناوبردن.
باخچەلی داوای لە دەم پارتی كرد، كە بڕیارەكەی ڕوون بكاتەوە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی چەك یان سیاسەت و 57 پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا بە سێبەری ئۆجەلان وەسفكرد و داوای هاتنە پێش پەرلەمانی بۆ ئۆجەلان دووبارە كردەوە.


حورییەت 

بابەتە پەیوەندیدارەکان