جیهان لە بەرداشی برێکس و سەودای سەدەدا

پلانی برێکس پڵەس و فراوانبوونی چالاکییەکانی

11:38 - 2024-11-07
ئابووری
111 جار خوێندراوەتەوە

ئارام حاجی 

 

وڵاتانی برێکس هاوپەیمانێتییەکی سیاسی نایانگرێتەوە، بەڵام لە نێوان خۆیاندا هەماهەنگی دەکەن بۆ کارکردنە سەر رێکەوتنە بازرگانییە بنەڕەتییەکان، چونکە توانای پێکهێنانی بلۆکێکی ئابووریی بەهێزیان هەیە


پلانی برێکس پڵەس (BRICS- plus) پلانێکە لە لوتکەی شیامینی 2017دا باسی لێکرا، کە تیایدا دەوڵەتانی دیکە زیاد بکرێت بۆ گروپەکە، وەک باشووری ئەفریقا کە لە ساڵی 2011دا بوو بە ئەندام، یان وڵاتانی میوانی هەمیشەیی یان بەشداریکردن بە گفتوگۆ و زۆرێک لە وڵاتانیش تا ئێستا خواستی خۆیان بۆ پەیوەستبوون بە گروپەکەوە دەربڕیوە، بۆ نموونە ئەفغانستان، ئەرجەنتین، ئەندۆنیسیا، مەکسیک و تورکیا، ئەم وڵاتانە ئارەزووی بەهێزیان دەربڕیوە بۆ ئەندامێتی تەواو لە برێکسدا، لە کاتێکدا میسر، ئێران، نەیجیریا، سودان، سوریا و لەم دواییانەشدا بەنگلادیش و یۆنان ئارەزووی خۆیان بۆ پەیوەندیکردن بە گروپەکەوە دەربڕیوە. 
زۆرجار شانبەشانی سەرکردەکانی هەر پێنج وڵات، هەندێک وڵات بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەدا.

هاوبەشی گروپەکانی دیکە
ساڵی 2010 فەلەستین و باشووری ئەفریقا (پێش بــــە ئـــــەنـــــــدامبوونی) بانگهێشتکران بۆ بەشداریکردنی لوتکە وەک چاودێر. هەروەها ساڵی 2014 لە بەرازیل لوتکەی دووقۆڵی لە نێوان برێکس و گروپی یوناسور (UNASUR)دا بەڕێوەچوو، یوناسور یەکێتی گەلانی ئەمریکای باشوورە و لە ئەرجەنتین، بۆلیڤیا، چیلی، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر، گۆیانا، پاراگوای، پیرۆ، سورینام، ئۆرۆگوای و ڤەنزوێلا پێکهاتووە. 
ساڵی 2015 لە لوتکەی ئوفا لە روسیا، لوتکەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو گروپی برێکس و رێکخراوی شەنگەهایدا بەڕێوەچوو، کە روسیا و چین ئەندامی ئەو رێکخراوانەن و رێکخراوی شەنگەهای یەکێکە لەو رێکخراوانەی کە ئامانجی بنیاتنانی سیستمی دوو جەمسەرییە لە جیهاندا لە رووی ئەمنی و سەربازییەوە. 
لە لوتکەی (گۆوا)ی ساڵی 2016دا لە هیندستان، گروپی (BIMSTEC) بانگهێشتکرا بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکاندا، کە وڵاتانی کەنداوی بەنگال لەخۆدەگرێت، وەک: هیندستان، بەنگلادیش، بۆتان، میانمار، نیپاڵ، سریلانکا و تایلەند. ساڵی 2017 لە شاری شیامن-ی چین، وڵاتانی میسر، مەکسیک، تاجیکستان، تایلەند، گینیا و ئەندامانی (EMDCD) بەشدارییان لە لوتکەی برێکسدا کرد. ساڵی 2018 وڵاتانی ئەرجەنتین و تورکیاش بەشدارییان لە لوتکەی جۆهانسبێرگدا کرد.
بەئەندامبوونی تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەشداریی دەیەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ئەفریقای باشووری کرد، کە تیایدا بەشێک لە شرۆڤەکاران پێشبینییان کرد، گەر تورکیا پەیوەندی بە برێکسەوە بکات، لە ناتۆ دووری دەخاتەوە بەرەو خۆرهەڵات، واتە بەرەو دوو زلهێزی ئۆراسیا، روسیا و چین، هەروەها تورکیا ئەندامی رێکخراوێکی بەدیلی برێکسە لە گروپی 20 بە ناوی (میکتا)، کە لە ساڵی 2013دا دامەزراوە و پێکهاتووە لە مەکسیک، ئەندۆنیسیا، کۆریای باشوور، تورکیا و ئوسترالیا، کە کۆمەڵێک وڵاتی مامناوەندن و ئامانجیان هاوسەنگکردنی باڵادەستیی گروپی حەوت و برێکسە، لە بەرژەوەندیی ئەندامەکانی گروپی 20. 

کێبڕکێی جیهانی
وڵاتانی برێکس هاوپەیمانێتییەکی سیاسی نایانگرێتەوە، بەڵام لە نێوان خۆیاندا هەماهەنگی دەکەن بۆ کارکردنە سەر رێکەوتنە بازرگانییە بنەڕەتییەکان، چونکە توانای پێکهێنانی بلۆکێکی ئابووریی بەهێزیان هەیە لە دەرەوەی چێوەی گروپی پیشەسازیی (G7)، چونکە وڵاتانی برێکس لە بواری ئابووریی جیهانیدا پەرەسەندووترن و ئەم بابەتەش چەند خاڵێک پشتگیری دەکات، لە نێویاندا بەرازیل زەبەلاحی ئەمریکای لاتین کە یەکێکە لە گەورەترین دابینکەرانی کەرەستەی خاو و روسیا کە سەرچاوەیەکی جیهانییە بۆ وزە و غاز و هیندستان کە سەرچاوەیەکی گرنگی تەکنەلۆجیا و زانیارییە، هەرچی چینیشە شوێنێکی بەرهەمهێنان و دیمۆگرافیای پێشکەوتوو و پەرەسەندووی هەیە و دواهەمینیشیان ئەفریقای باشوورە کە ناوچەیەکی گرنگی جیهانیی لەقوتوونانە و پێگەیەکی ستراتیجی جیهانییە لە رووی روانینییەوە بەسەر هەردوو زەریای هیندی و زەریای ئەتڵەسیدا. 
ئەم بنەما گرنگانەی دەوڵەتانی برێکس خاوەنین سەرباری بەرزیی رێژەی نەخوێندەواری لە هەندێک لە وڵاتانی ئەندامیدا، وەک هیندستان، کە رێژەی نەخوێندەواری تیایدا لە %30یە، توانیویانە بە چاکسازیی سیاسی ئەم سەختییانە تێپەڕێنن و بچنە ناو ئابووریی جیهانییەوە، چونکە دەوڵەتانی گروپ بە وردی چاویان لەسەر پەروەردە و وەبەرهێنانی بیانی و پڕۆژە پیشەسازییە ناوخۆییە گەورەکانە، لەگەڵ پشتبەستنیان بە قورسایی دیپلۆماسیی زیاتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان