شەماڵ سائیب؛ نوێکەرەوەی گۆرانیی کوردی!

12:38 - 2024-11-08
کەلتور
107 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵ


شەماڵ سائیب هونەرمەند و موزیكژەن‌ و مامۆستایەكی دیار و ناسراوی كوردستانە‌ و بەپێشەنگی نوێكردنەوەی گۆرانی كوردی دادەنرێت‌و خاوەنی دەنگێكی خۆش‌و بەسۆزە.
ئەم هونەرمەندە وەرچەرچەرخانێكی گەورەی لەبواری هونەری  كوردیدا كرد‌و یەكەم كەس بوو لەدەرەوەی ستۆدیۆ گۆرانی‌و كلیپی تۆمار كرد.
شەماڵ جەلال سائیب كە بەشەماڵ سائیب ناسراوە،12ی کانونی یەکەمی  ساڵی 1931 لەباوەشی خێزانێكی رووناكبیری شاری سلێمانیدا لەدایك بووە.
لەسەرەتای ژیانی لاویدا خولیای هونەری مۆسیقاو گۆرانی بووە‌و لەو بوارەدا خزمەتێكی گەورەی پێشكەش كردووە‌و شوێن پەنجەی بەنوێكردنەوە‌و گەشەپێدانی هونەری گۆرانی كوردییەوە دیارە.
لەسلێمانی‌و بەغدا‌و ئەمریكا خوێندویەتی.
بڕوانامەی پەیمانگای هونەرە جوانەكان‌و بەكالۆریۆسی مێژووی كۆلیجی ئابی بەغدا و ماستەری ئەدەبی لە ئەمریكا بەدەستهێناوە.
وەك مامۆستای ئەدەب‌و هونەر لە زانكۆكانی سلێمانی‌و سەڵاحەدین خزمەتی كردووە.
شەماڵ سائیب وەك موزیكژەن‌و گۆرانیبێژ‌و مامۆستای زانكۆ‌و نووسەر خزمەتی كردووە‌و كەسێكی دڵسۆزو بەئەمەك بووە بۆ وڵاتەكەی.وەک رێزلێنانێک لەم ھونەرمەندە گەورەیە، ساڵی 2017 ھونەرمەندی پەیکەرتاش، خاتوو ئاسۆس جاف پەیکەرێکی لەبەردەم زانکۆی سلێمانی بۆ دروست کردووە.
بەداخەوە ئەم كەسایەتییە هەڵكەوتووەی كورد لە رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 1986 بەنەخۆشی كۆچی دوایی كرد و لە گردی سەیوان بەخاك سپێردرا.
سڵاوی رێزو وەفا بۆ گیانی پاك‌ و پیرۆزی مامۆستا شەماڵ سائیبی نەمر لە ساڵڕۆژی دوا ماڵئاواییدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان