لە میدیاکانی جیهانەوە
بورهان ئەمین ئامادەی دەکات
هۆکاری بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ
دواجار دۆناڵد ترەمپ بۆ جارێکی دیکە بووەوە بە سەرۆکی ئەمریکا و میدیاکان لەوبارەیەوە دەنووسن،
رۆژنامەی لارازۆن -ی مەکسیکی لەسەر هۆکارەکانی سەرکەوتنەکەی نووسیوێتی شکستی حکومەتە پۆپۆلیستییەکانی ڤەنزوێلا و نیکاراگوا و کوبا بووە هۆی دروشمە بریقەدارەکانی ترەمپ.
ئەو پیاوانەی بنەچەیان ئەمریکای لاتینە، یان ئەمریکییە ئەفریقییەکان دەنگیان بە ترەمپ داوە، ئەوە کاردانەوەی راستەوخۆیە بەرامبەر بە دۆخی بازاڕی کار لە ئەمریکادا، کاتێک ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی دەگەنە ئەو وڵاتە، گوشار دروستدەکەن، حکومەتە چەپەکان لە کۆڵۆمبیا و مەکسیک دڵنیابوون لەوەی کە ژمارەی کۆچبەران لە ساڵانی رابردوودا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە، بۆیە سیاسەتی شکستخواردووی وڵاتانی ئەمریکای لاتین هۆکاری هەژاریی و کۆچکردنە.
هاتنی ئەم کەسە بێهیوایانە بوو کە دەنگدەرانی رازیکرد تا ترەمپ سەربخەن.
ئەوەی لە تورکیا روودەدات چییە؟
هەفتەی رابردوو بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا (ئەحمەد ئۆزەر) سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت لەسەر لیستی جەهەپە بە تۆمەتی ئەندامێتی (پەکەکە) زیندانیکرا و دەم و دەست جێگری پارێزگاری ئیستانبۆڵ لە شوێنەکەی دانرا، هەمان کات سەرۆک شارەوانییەکانی (دیاربەکر، ماردین و خەلەفەتی» کە هەرسێکیان کوردن و سەربە دەم پارتین، لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و لە شوێنی ئەوان قەیوم دانرا، لەسەر ئەمەش رۆژنامەی ئیڤرنسێلی تورکیا نووسیوێتی: (حکومەتە خۆجێییەکان پردێکی بەهێزی پەیوەندین لەگەڵ جەماوەردا، بۆیە حکومەتی ناوەند لێیان دەترسێت، بەتایبەتیش لەبوارە کاریگەرەکانی وەک زمان و کەلتور و ژنان و فەرهەنگ و هونەر، بۆیەش دەستەمۆیان دەکات. بڕینی ئەو بوارانە لە خەڵک، واتە بەزۆر سەپاندنی سیاسەتی حکومەت).
ترەمپ و روسیا
رۆژنامەی کۆمەرسانتی روسیا دەنووسێت: (دۆناڵد ترەمپ بە لێدوانەکانی سەبارەت بە مەترسیی جەنگی سێیەمی جیهانی و ئامادەیی بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە لە ئۆکرانیا لەماوەی شەو و رۆژێکدا) ناسراوە، بەڵام پێناچێت قسەکەی بباتەسەر، ئەگەر مەیلی دەستپێکردنی دانوستاندنی هەبێت، ئەوا گفتوگۆ دەستپێدەکات، تاکە شتی باشی بۆ روسیا ئەوەیە کە خواستی خۆی دەربڕیووە بۆ بڕینی هاوکارییە سەربازییەکان لە ئۆکرانیا.
ترەمپ و ئۆکرانیا
رۆژنامەی یونیەن کە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەردەچێت، نووسیویەتی: (ئەگەر وابێت، ترەمپ دەست بە دانوستاندن بکات، ئەوا روسیا وەک هەمیشە دەیەوێت مەرجەکانی خۆی بەسەر ئۆکرانیادا بسەپێنێت، ئۆکرانیاش ئەمە قبووڵ ناکات، هاوکات ئەوە بۆ ترەمپیش گونجاو نابێت، چونکە بە لاوازیی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە و لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لێکەوتەی زۆر نەرێنیی بۆ ئەمریکا دەبێت.
ترەمپ حەزی لە دۆڕان نییە، بۆیە پێناچێت رازی ببێت بە ئاشتییەک کە وای لێبکات وەک کەسێکی لاواز و شکستخواردوو دەربکەوێت.
رۆژنامەکە پێیوایە کە ئەگەر پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکرانیا بپچڕێنێت، ئەوا تووشی دۆخێکی لەوجۆرە دەبێت.
شەڕ و ئاشتی تێکەڵ بووە
رۆژنامەی فۆرڤێرتس کە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا SPDماوەی 148 ساڵە دەریدەکات، نووسیوێتی: (رای گشتی لە تورکیا سەری شێواوە لە سیاسەتی حکومەت، لەلایەک بانگەشەی ئاشتبوونەوە و پێکەوەژیان و ئاشتی دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە کوردەکان لە پۆستەکانیان لادەبات.
لەلایەک دەشێت هێزە جیاوازەکانی ناو حکومەت لە دژی یەکتری کاربکەن و لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵەکانی ئاشتی سڕدەکەن.
رۆژنامەکە ئەو هەوڵانە بە هەڕەشە دەزانێت بۆ قبووڵکردنی مەرجەکانی سەرۆکی تورکیا بەسەر کورددا لە ئەگەری خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار.
رۆژبەڕۆژ زیاتر ئەوە دەردەکەوێت کە ئەو ئاشتییەی باسی لێدەکەن، هیچ بنەمایەکی راستی و دیموکراسییانەی پێوە دیار نییە.
ترەمپ و ئەوروپا
رۆژنامەی تایمزی بەریتانیش پێیوایە لە خولی ترەمپدا، پێدەچێت ئەوروپا فێری ئەوە بێت لە رووی سەربازییەوە لەسەر دوو پێی خۆی بووەستێت و هەروەها رایگەیاندووە سەرکردەکانی ئەوروپا دەتوانن خۆیان لە دۆخێکی نادیاردا ببیننەوە کە دەبێت بۆ یەکەمجار لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانییەوە، سیاسەتێکی ئاسایشی سەربەخۆی راستەقینە بنیات بنێن.
سەرکردەکانی ئەوروپا دەبێت خۆیان بۆ خراپتر لەوەش ئامادە بکەن کە ئێستا هەیە، ترەمپ گوشاریان لێدەکات کە خەرجیی بەرگریی ناتۆ و هاوکارییە سەربازییەکانیان لە ئەوروپادا زیاد بکەن.