سەرۆك كۆمار: كۆنفرانسی (COP29) دەرفەتێكە بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا

11:31 - 2024-11-12
عیراق
124 جار خوێندراوەتەوە

 

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەگەڵ ئیلهام حەیدەر عەلیێڤ سەرۆك كۆماری ئازەربایجان كۆبووەوە و ئاماژەیكرد بە گرنگیی چالاككردنی میكانیزمەكانی هاریكاری و هاوئاهەنگی دوولایەنە و نێودەوڵەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، كە رووبەڕووی جیهان دەبێتەوە.
لەمیانی دیدارەكەدا، كە دوێنێ لە بارەگای كۆنفرانسی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كەشوهەوا (COP29) لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی (COP29) بەڕێوەچوو، باس لە پەیوەندییە قووڵەكانی نێوان عیراق و ئازەربایجان لە ئاستە جۆراوجۆرەكاندا كرا، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە گرنگی فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی هاوبەش لە بوارەكانی ئابووری، پیشەسازی، وەبەرهێنان، گەشتیاری، ژینگە و وزە لەپێناوی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵاتدا. جەختیشیانكردەوە لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی ئێستا و كاركردن بۆ كۆتاییهێنان بەو ئاڵنگاریانە، بەشێوەیەك كە بنەمای ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بچەسپێنێت.

كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار لەگەڵ بەڕێوەبەری (GCF)
هەر لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی (COP29)، سەرۆك كۆمار لەگەڵ خاتوو ماڤالدا دوارتێ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سندوقی سەوزی كەشوهەوا (GCF) كۆبووەوە و هەوڵی وڵاتان بۆ روبەڕوبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوا تاوتوێكرا و سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە، كە (COP29) دەرفەتێكە بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكان و فراوانكردنی هاریكاریی نێودەوڵەتی بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر ژیان.
سەرۆك كۆمار، گرنگی هاریكاری لەگەڵ سندوقی سەوزی كەشوهەوا وەك هاوبەشێكی ستراتیژیی بۆ پاراستنی ژینگە، روونكردەوە و ئاماژەی بە گرنگترین رێوشوێنەكانی حكومەت كرد بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و وتی: عیراق كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی لەچوارچێوەی رێككەوتننامەی كەشوهەوا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی دیكە و چارەسەركردنی رێژەی دەردانی گازی گەرمكەر و خۆگونجاندن لەگەڵ لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و هەنگاونان بەرەو وزەی نوێبووەوە.
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری (GCF)، هەوڵەكانی سەرۆك كۆماری عیراقی لە بایەخدانی بە پتەوكردنی بنەماكانی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ سندوقی سەوزی كەشوهەوا بەرزنرخاند و جەختیشی لە پەرۆشی دامەزراوەكە كردەوە بۆ هاریكاریی لەگەڵ عیراق و پشتیوانیكردنی پرۆژەكانی بەمەبەستی روبەڕوبوونەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر رەوشی ژیان لە وڵاتەكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان