دوێنێ لە مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی، رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی، لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و لێپرسراوی بەشەكانی دەزگای میدیایی كەركوك، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی و و لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن ئامادەبوون، رەفعەت عەبدوڵڵا، دەستخۆشی لە كەناڵی كەركوك و تەواوی میدیا و راگەیاندنكارانی یەكێتی كرد و وتی: رۆڵی دیار و بەرچاوتان هەبوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و پەرلەمانی كوردستاندا. وتیشی: دەزگای میدیایی كەركوك دیاری و بەخششی سەرۆك مام جەلال-ەو چەپكەگوڵی میدیای یەكێتییە بۆ هەموو پێكهاتەكانی كەركوك.
لە ئاماژەكردنیش بە دۆخی ئێستای یەكێتی، رەفعەت عەبدوڵڵا وتی: ئێستا یەكێتی لەوپەڕی بەهێزیدایە و سوورە لەسەر هەڵوێستەكانی بۆ حوكمڕانیی داهاتوو، كە دەمانەوێت حكومەتی خەڵك و بۆ خزمەتی خەڵك بێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، لەتیف نێروەیی، باسی لە كار و چالاكییەكانی راگەیاندنی یەكێتی كرد بەتایبەتی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا كە بە پلان و بەرنامەیەكی بەهێزی میدیایی؛ كاریانكردووە و رۆڵی دەزگای میدیایی كەركوكیشی بەرزنرخاند.