دوێنێ، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار بەشداری لە كۆنفرانسی لووتكەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كەشوهەوا COP29 كرد، كە لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت.
سەرۆك كۆمار لەلایەن ئیلهام عەلیێڤ سەرۆك كۆماری ئازەربایجان و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پێشوازیی لێكرا، پاشان لەمیانەی دانیشتنی كۆنفرانسەكەدا، سەرۆك كۆمار وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەو ئاڵنگاریانە كرد، كە رووبەڕووی عیراق دەبێتەوە و زیانەكانی بەهۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا وەك وشكەساڵی و بەبیابانبوون و زیادبوونی خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و كەمیی باران و بەفر، تەئكیدیشیكردەوە: عیراق كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی كەشوهەوا و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان. داوای لە وڵاتانی ناوچەكەش كرد لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا گروپێكی دانوستاندن پێكبهێنن بۆ هاوئاهەنگی و پێكەوە كاركردن لەپێناوی خۆپاراستن لە مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.