تەها عەبدوڵڵا
دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لە نێوان جووتیارانی پەڵكانە و سنووری ناحیەی سەرگەڕان لەگەڵ نوێنەری سوپای عیراق بۆ خاوبوونەوەی گرژیی نێوانیان، جووتیارانی سنوورەکە رۆڵی پارێزگاری كەركوك بەرزدەنرخێنن لە سەرپەرشتیكردنی ئەو كۆبوونەوەیە و هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بەبێ ئەوەی هیچ پێكهاتەیەك زەرەرمەندبێت.
محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی پەڵكانە و سەرگەڕان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێمە وەك جووتیارانی كورد لە پەڵكانە و سنووری ناحیەی سەرگەڕان و هەموو ئەو ناوچانەی كێشەی زەوی كشتوكاڵییان لەگەڵ عەرەبی هاوردە هەیە، رۆڵی پارێزگاری كەركوك بەرزدەنرخێنین، لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنووری ناوچە دابڕاوەكان، وتیشی: وەك پارێزگاری كەركوكیش جەختی لەسەركردەوە، تاكە چارەسەر بۆ یەكلاكردنەوەی گرفتی ئەو زەوییانە، دەركردنی یاسای هەڵوەشانەوەی بڕیارەكانی سەردەمی بەعسە، كە ئێستا پڕۆژەكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانە.