ئەگەرچی لافاو وەك رووداوێكی سروشتی لە هەموو وەرزێكی زستاندا لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی بارانباریندا دروست دەبێت، كە زۆرجار لە توانای مرۆڤ بەدەرە بەوەی رێگری لێبكات، كەچی زۆرجاریش بەهۆكارە دەستكردەكان و بوونی باڵەخانە و پڕۆژەی بێ پلان لەسەر رێژەوەكانی ئاوی باران، لافاو دروست دەبێت، بەتایبەتی لە سەرەتای وەرزی بارانبارین، وەك چۆن لە چەند ساڵی رابردوودا لە چەند شوێنێكی شاری هەولێر لافاو دروست بوو و بەهۆیەوە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەر خەڵك كەوت، بۆیە ئێستاش لەگەڵ دەستپێكی وەرزی بارانباریندا خەڵكی شارەكە مەترسی دووبارەبوونەوەیان هەیەو داوادەكەن رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.
ئا: هێدی گەڵاڵی
گرنگە دووبارە نەبێتەوە
تەها پاڵانی، یەكێكە لە زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی ساڵی 2022ی هەولێر و دانیشتووی گەڕەكی كوردستان لە ناحیەی دارەتوو دەڵێت: بەو پێیەی ماڵمان لە دەم بەست و چاڵێكی گەورەی پڕ لە قامیشەڵان بوو، تەوژمی لافاوەكە راستەوخۆ بۆ ماڵی ئێمە و چەند دراوسێیەكمان هات كە زیانێكی زۆرمان بەركەوت، كۆی ئەو زیانەی لەو لافاوەدا لێمكەوت زیاتر لە پێنج هەزار دۆلار دەبوو، ئەوە جگە لە دوو ئۆتۆمبێل و ئامێری كارەبایی و كۆمپیوتەر و كامێرا و چەندین شتی تریش تیاچوون و بەشێكیشیان بەردەست كەوتنەوە.
وتیشی: دوای لافاوەكە لەلایەن رێكخراوەكان و حكومەتی هەرێم بەشێوەی جیاواز قەرەبوو كراینەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو كارەساتە دووبارە نەبێتەوە، چونكە بەشێك لە خێزانەكان كەسوكاریان گیان لەدەستدا یان خانوو و ماڵەكانیان بە جۆرێك تێكچوو بە هیچ شتێك قەرەبوو ناكرێنەوە. ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ هەوڵەكان بۆ رێگرییكردن لە دووبارەبوونەوەی لافاو لەو گەڕەكە، كەچی هێشتا قامیشەڵانێكی زۆر ئەو ناوەی تەنیووە، بۆیە داواكارم لایەنی پەیوەندییدار جارێكی تر پاكی بكەنەوە بۆئەوەی لە مەترسی روودانی لافاوی ئەمساڵ بەدووربین.
لە جیاتی ئەوەی حكومەت قەرەبوومان بكاتەوە لەكاتی دروستبوونی لافاوەكاندا ، با سەرەتا هەوڵەكانی خۆی چڕ بكاتەوە بۆ رێگریی لەرووداوی لەو جۆرە
لافاوەكە بە هەند وەرنەگیرا
شوان عومەر یەكێكی ترە لە زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی ساڵی 2022ی هەولێر وتی: هەرچەندە بۆ ئەگەری دووبارە روونەدانی لافاو لەچەند ناوچەیەكی هەولێر حكومەت لەو شوێنەی ئێمە رێوشوێنی گونجاوی گرتۆتەبەر، بەڵام هێشتا پێویستە كاری زیاتر و گونجاوتر بكرێت، بەتایبەتی لابردنی ئەو بەربەستانەی بوونەتە هۆی رێگری لەرێڕەوی ئاوی باران.
وتیشی: لە جیاتی ئەوەی حكومەت قەرەبوومان بكاتەوە، لەكاتی دروستبوونی لافاوەكاندا، با سەرەتا هەوڵەكانی خۆی چڕبكاتەوە بۆ رێگریی لەرووداوی لەو جۆرە، چونكە روودانی لافاو جگە لە زیانی گیانی و ماڵی چەندین دەرهاویشتەی تری دەبێت، كە رەنگە كاریگەرییەكانی بۆچەندین ساڵ بمێنێتەوە.
شادییە ئەحمەد یەكێكی ترە لە زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی رابردووی هەولێر، پێیوتین: من وەك خاوەن دوكانی بەرگدووری لە گەڕەكی رۆشنبیریی هەولێر، لەكاتی لافاوەكەی سێ ساڵ پێش ئێستا زیانێكی زۆرمان پێگەیشت، جگە لەوەی ناوماڵمان هەمووی لەدەستدا، كەلوپەلی دوكانەكەشم خراپبوو و نەمتوانی جارێكی تر بۆ كاركردن بەكاریانبهێنمەوە.
وتیشی: پێش لافاوەكە كەشناسی زووتر هۆشداری دابوو لەوەی بارانێكی زۆر دەبارێت، بەڵام حكومەت ئامادەكاری پێویستی نەكرد و مەترسیەكەی بەهەند وەرنەگرت، بۆیە جگە لە زیانی ماددی و چەندین كەس بونە قوربانی.
ئەو خانمە، داواكاربوو لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان ئامادەكاری باشتر بكرێت و تیمی زیاتر بۆ هاوكاریكردنی خەڵك ئامادەبكەن، بۆئەوەی لەگەڵ رووداوێكی نەخوازراو بەهانای خەڵكەوە بچن.
هەر پەیوەست بە مەترسییەكانی لافاو رێبوار حەسەن بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر وەك لایەنی پەیوەندیدار بە بابەتەكە پێی راگەیاندین و وتی: بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری لافاو لەسەر شاری هەولێر و دەورووبەری، لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەكان كۆبووینەوەو رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر.
وتیشی: لـــــــە ســـەرەتادا دەستمانكرد بە خاوێنكردنەوەی سەرجەم رێڕەوە سروشتییەكانی ئـــاوی باران (رووبـــارە وەرزییەكان) هـــەروەها خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان و مەنهۆڵەكان و لادانی زێدەڕۆیی سەر رێرەوە سروشتییەكان وەكو باخچە و خانوو دووكان و رێگا و پردی كاتی.
راشـــیگەیاند: بۆ هەمــــــان مەبەست تیمی ئامادەباشی لەسەرجەم فەرمانگەكان پێكهێنراوە و سەرجەم لایەنە پەیوەندییدارەكان لە ئامادەباشی دان و پلانی ستراتیژی و درێژخایەنیش ئامادەكراوە.