پ.د.ئاراس محەمەد سالح
لە بەڵگەنامەکەدا دەڵێت: سلێمانى زاناى زۆرە و کتێب و بڵاوکراوەیان هەیە و بە داهێنەر و نووسەرى کتێب ناوبانگیان دەکردووە
بەڵگەنامەکانى ئەرشیفى عوسمانى سەرچاوەیەکى گرنگى مێژووى رووداوەکانى کوردستانى ئەو سەردەمەیە، ئەم بەڵگەنامانە هەتا ئێستا وەک پێویست سوودیان لێوەرنەگیراوەو وەرگێڕان و لێکۆڵینەوەى پێویستیان لەبارەوە ئەنجام نەدراوە.
لەم دواییانەدا زانکۆى جیهان بە سوپاسەوە دە بەرگى لەو بەڵگەنامانە وەرگێڕاوە و چاپی کردوون، ئەم کارە زانستییە جێگەى دەستخۆشییە، بەو هیوایەى زانکۆکانى دیکەی کوردستانیش، هەنگاوى لەو جۆرە بنێن و هەموو ئەو نووسراو و بەڵگەنامانەى تایبەتن بە مێژووى کورد و کوردستان و لە ئەرشیفى وڵاتاندا پارێزراون، کۆیان بکەنەوە و وەرگێڕان و لێکۆڵینەوەى زانستیان لەسەر بکەن.
یەکێک لەو بەڵگەنامانەى لە بەرگى هەشتەمى ئەو بەرهەمانەدا هاتووە، لاپەڕەیەکى پرشنگدارى مێژووى رۆشنبیریی سلێمانى روون دەکاتەوە، ئەم بەڵگەنامەیە، زۆر بەڕوونى باس لە زۆرى ژمارەى زانایان و بەهرەى نووسین و داهێنان و نووسینى کتێب دەکەن لەم شارەدا.بەڵگەنامەکە لەرۆژى (6شەوال 1266ک) کە بەرامبەر بە(15/8/1850ز) نووسراوە.
دەقى بەڵگەنامەکە:
راگەیەندراوى بەندەیەکتانە هیچ نرخێکى نیە:
(لەسەر داواکاری پێشووى بەندەمان کە ڕاگەیاندرابوو، بە بەراوردکردنى کارگێڕى پێشوى سنجاقی سلێمانى، زاناکان لە خۆیان زیاتر کەس نایانناسێت و پەیوەست نەبوونیان بە دەوڵەتى عالیە، لەلایەن ئەو پاشایانەى کە قائیمقامیەتیان وەرگرتووە، ئەمانە لە سەڵتەنەت سوودیان لێوەرنەگیراوە، لە دیوانى سەڵتەنەت سوود لە زانست و بیرۆکەیان وەرنەگیراوە، شتێکیان بۆ نەکراوە، ئێرە زاناى زۆرە و بڵاوکراوەیان زۆرە، بە داهێنەرى کتێب ناوبانگیان دەرکردووە، بۆئەوەى لە پلەکانى سەڵتەنەت بێبەش نەکرێن، لە هەموو لایەنێکى پلەى سەڵتەنەت سوودیان لێوەربگیرێت، بانگ بکرێن و دڵیان ڕابکێشرێت، ئەمانە شایستەى میهرەبانى پاشان، ئەم زانایانەى باس دەکرێن بە چاکە و دیندارى و تواناى زانستى ناوبانگیان دەرکردووە، ناوى چەند کەسێکیان لە پارچەیەک پۆستە بە دیاریکردنى ژمارە پێشکەشی بابى عالى بکرێت، دواى پیشاندانى ڕەزامەندى بابى عالى، ئەم زانایانەى کە ناویان نووسراوە، لە(ئەدرنە) یاخود(بۆرسە) بە پیشەى مودەریس کار بکەن، لەمبارەیەوە هاوکارى پاشاى پەیوەندیدارانى پێویستە، لە هەرحاڵەتێک ئەمرو فەرمان بۆ جەنابی ئەو کەسەیە کە فەرمان دەردەکات).
6شەوال 1266ک
مۆرى محەمەد نامیق
بەندە موشیرى لەشکرى حیجاز و عێراق.
ئەم بەڵگەنامەیە لە رۆژى پێنج شەممە 15/8/1850 تۆمارکراوە، لەلایەن بەرپرسی لەشکرى عوسمانى لە کوردستاندا بەرزکراوەتەوە بۆ(بابى عالى) سەرۆکایەتى وەزیران، لە ئەستەمبوڵ، بەڵگەنامەکە مۆرى محەمەد نامیقى لێدراوە، ئەمەش بەڵگەیە لەو مێژووەدا میرایەتى بابان کۆتایی هاتووە. ئەم بەڵگەنامە و زۆربەى بەڵگەنامەکانى تر لەلایەن بەرپرسە سەربازییەکانەوە نووسراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات دەسەڵاتى عوسمانى لە دواى رووخانى میرنشینە کوردییەکان، دەسەڵاتێکى سەربازى هەبووە لە کوردستاندا، ئەم سەرلەشکرە سەربازییانە بەردەوام راپۆرتیان بەرزکردۆتەوە بۆ بابى عالى لە بارەى پێشهات و رووداوەکانى کوردستانەوە.لە بڕگەى یەکەمى راپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە دەکات زاناکانى سلێمانى پەیوەندییان بە (بابى عالى) و سوڵتانەوە نییە، لەبەرئەوە نەناسراون لاى دەوڵەت، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات بەهۆى کەمتەرخەمى قایمقامەکانەوە بووە کە نەیانتوانیوە بەرەو دەوڵەتى عوسمانى رایانبکێشن.
ئەم هەڵوێستەی زانایانى سلێمانى لاپەڕەیەکى جوان و بەرزى مێژووى زانایان و ئەم شارەیە، چونکە بەهیچ جۆرێک نەیانویستوە لە دەسەڵات نزیک ببنەوەو ببنە زاناى دەربارى دەسەڵاتى عوسمانى، لەو رۆژگارەدا کە میرایەتى بابان رووخاوەو خەڵکێکى زۆر ئاوارە بوون و بارودۆخى وڵات زۆر نالەبار بووە، لەوکاتەشدا ئەم زانا گەورانە بەردەوام بوون لەسەر کارى زانستى خۆیان و بەژیانێکى کولەمەرگى ژیاون و زۆر بێ منەت بوون لە دەوڵەت.
بڕگەی دووەم
لە بڕگەی دووەمدا دەڵێت: (ئەم زانایانە لە سەڵتەنەت سوودیان لێوەرنەگیراوە، لە دیوانى سەڵتەنەت سوود لە زانست و بیرۆکەیان وەرنەگیراوە، شتێکیان بۆ نەکراوە). ئەم راپۆرتە مەیدانییە و نووسەرەکەى شایەتحاڵە و زانیارییەکانى جێگەى بڕوان و لەکاتى خۆیدا تۆمارکراون، ئاماژەکردن بەوەى کە سوود لە زانست و بیرۆکەى زانایانى سلێمانى وەرنەگیراوە لەلایەن سەڵتەنەتەوە، بەڵگەى توانا و گەورەیی زاناکانى سلێمانییە لەو رۆژگارەدا، کۆمەڵێ فەقێ و مەلایەکى کورد، کە دەرچووى ناو چوار دیوارى مزگەوت و حوجرەیەکى قوڕین بوون، ئەمەندە بە توانابن، کاربەدەستێکى سەربازى دەوڵەتى عوسمانى بڵێت: سوود لە توانا و بیریان وەرنەگیراوە لەلایەن دەوڵەتى عوسمانییەوە، ئەمە گەورەترین شایەتییە لەسەر بەهرەو توانا و لێوەشاوەیی زانایانى کورد لەو سەردەمەدا.
لە بڕگەیەکى ترى ئەو راپۆرتەدا دەڵێت: (شتێکیان بۆ نەکراوە) واتە: مامۆستا و فەقێ و خوێندنگەکانى سلێمانى لەلایەن سوڵتانەوە هیچ هاوکارییەک نەکراون، بەڵکو پرۆسەى خوێندن لە هەموو کوردستاندا لە دواى نەمانى میرنشینە کوردییەکان کەوتۆتە سەرشانى مامۆستایان و خودى فەقێکان و خەڵکى خێرخوازى شار و گوندەکان، خوێندنگە سادەکانى کوردستان و مەلاى کورد بە ژیانێکى سادە و فەقێ بە نانى رەق، توانیویانە ئاستى زانستى خۆیان هێندە بەرزبکەنەوە، کاربەدەستانى عوسمانى داوایان لێبکەن لە دیوانى سوڵتان سوودیان لێوەربگیرێت!.
لە هەمووی گرنگتر لەم بڕگەیەدا دەڵێت: (ئێرە زاناى زۆرە و بڵاوکراوەیان زۆرە، بە داهێنەرى کتێب ناوبانگیان دەرکردووە) لە رۆژگارێکدا هیچ دامەزراوەیەکى زانستى و ئەکادیمى لە کوردستاندا نەبووبێت، حکومەتێک نەبووبێت پشتگیریی دارایی پرۆسەى خوێندن بکات، لەگەڵ نەبوونى ئارامیی سیاسیی و ئابووریدا، سەربارى هەموو ئەمانەش لە شوێنێکى وەک سلێمانیدا کە پایتەختى میرایەتى روخێنراوى بابان بووە لەوکاتەدا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو بارودۆخە ناهەموارانەشدا راپۆرتەکە دەڵێت:(سلێمانى زاناى زۆرە و کتێب و بڵاوکراوەیان هەیە و بە داهێنەر و نووسەرى کتێب ناوبانگیان دەکردووە)، لەو رۆژگارەدا نە چاپخانە هەبووە، نە کتێبى چاپکراو، بەڵام لە سلێمانیدا بە قامیش و دوێت و لەبەر فتیلەى دووکەڵاوى زانا بەهرەمەندەکانى سلێمانى بە دانانى کتێب ناوبانگیان دەرکردووە!.
لە شارێکى ئەو رۆژگارەى وەک سلێمانیدا، بزاڤى کتێب و نووسین و رۆشنبیرى و بڵاوکردنەوە بۆتە دیاردەیەکى بەرچاو، بەشێوەیەک سەرنجى کاربەدەستێکى عوسمانى راکێشاوەو لە راپۆرتەکەیدا کە بۆ سەروى خۆى (بابى عالى) لە پایتەختى ئیمپراتۆریەتێکى وەک عوسمانیدا بەرزکردۆتەوە، بە سەرسوڕمانەوە باس لە بزاڤى کتێب و رۆشنبیرى ئەم شارە بکات، دەبێت ئەو هەموو کتێب و دەستنووس و دانراوانە چیان لێهاتبێت؟ ئەو هەموو نووسەرە کێ بوون؟ دەبێت ئەو دانراوانە ئێستا لە ئەرشیفى عوسمانیدا نەپارێزرابن؟ ئەم هەواڵەى ئەم راپۆرتە ئاماژەى پێکردووە نهێنیى بزاڤى رۆشنبیرى و فەرهەنگى ئەم شارەیە، خەڵکى ئەم شارە بە خۆشەویستى خوێندن و عەشقى کتیب و ئەدەب و شیعر ناسراون.
هەر لە درێژەى راپۆرتەکەیدا دەڵێت: (بۆئەوەى لە پلەکانى سەڵتەنەت بێبەش نەکرێن، لە هەموو لایەنێکى پلەى سەڵتەنەت سوودیان لێوەربگیرێت، بانگ بکرێن و دڵیان رابکێشرێت، ئەمانە شایستەى میهرەبانى پاشان) توانا و لێوەشاوەیی زاناکانى سلێمانى هێندە سەرنجى ئەو کاربەدەستەى راکێشاوە، داوا دەکات لە دامودەزگاکانى دەوڵەت سوودیان لێوەربگیرێت، هەروەها بانگ بکرێن بۆ دیوانى سوڵتان و دڵیان بۆ لاى سوڵتان و دەوڵەت رابکێشرێت، ئەمەش بەڵگەیە کە زاناکانى سلێمانى لەوکاتەدا وەلائو خۆشەویستیان نەبووە بۆ دەوڵەت، هەروەها دەڵێت: ئەم زانا بە توانایانە خاوەن بەهرەن و جێگەى بەخشش و میهرەبانى سوڵتانى عوسمانین.
نووسەر بەردەوام دەبێت لەسەر راپۆرتەکەى و دەڵێت:(ئەم زانایانەى باس دەکرێن بە چاکە و دینداریی و تواناى زانستى ناوبانگیان دەرکردووە) ئەم زانایانە خواپەرستیى راستەقینە بوون و هەر ئەوەش وایکردووە، هەڵپەى دنیا نەکەن و نەبنە دەربارى سوڵتان، هەروەها بە واتاى وشە(زانا) بوون، وەکو دەڵێت: بە تواناى زانستى و دیندارى ناوبانگیان دەرکردووە، زاناى راستەقینە بوون، بۆیە بە ژیانێکى زۆر سادە و کولەمەرگى لە وڵاتى خۆیاندا خزمەتیان کردووەو هەوڵى خۆنزیککردنەوەیان لە دەسەڵاتداران نەداوە.لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا داوا دەکات لیستى ناوەکانیان بنێرین بۆ(بابى عالى) و رەزامەندى سوڵتان وەربگیرێت بۆئەوەى لە دواى رەزامەندى سوڵتان، ئەم زانایانە ببرێن بۆ ئەستەنبوڵ و لە شارەکانى تورکیا بکرێنە مامۆستا، وەکو دەڵێت:(ناوى چەند کەسێکیان لە پارچەیەک پۆستە بە دیارییکردنى ژمارە پێشکەشی(بابى عالى) بکرێت، دواى پیشاندانى رەزامەندى ئەم زانایانەى کە ناویان نووسراوە، لە شارەکانى (ئەدرنە) یاخود (ئەماسیا) بە پیشەى مودەریس کار بکەن، لەمبارەیەوە هاوکارى پاشاى پەیوەندیدارانى پێویستە، لە هەر حاڵەتێک ئەمرو فەرمان بۆ جەنابی ئەو کەسەیە کە فەرمان دەردەکات).
هەرچەندە ئەم پەرەگرافەى کۆتایی شایەتییەکى باشە بۆ توانا و لێوەشاوەیی زاناکانى سلێمانى، بەڵام لە هەمانکاتدا سیاسەتى پرۆسەى خوێندن و رۆشنبیریى دەوڵەتى عوسمانى پیشان دەدات، کاربەدەستەکەى دەوڵەت داوا دەکات ئەم مامۆستایانە رەوانەى تورکیا بکرێن و لەوێ بە پیشەى مودەریس دابمەزرێن لە شارەکانى (ئەدرنە) و(ئەماسیا)، مامۆستا بەتواناکانى کوردستانیان بردووە بۆ تورکیا خزمەتى خوێندن و زانست بکەن، بەڵام داوا ناکات گرنگى بە کوردستان و شارە کوردییەکان بدرێت، لە وڵاتى خۆیاندا خوێندنگە بۆ ئەم زانایانە بکرێتەوە و خزمەتى پرۆسەى خوێندن بکەن لە شارەکانى خۆیاندا.
شارى ئەماسیا یەکێکە لە شارە دێرینەکانى تورکیا، ئەم شارە ناسراوە بە شارى میر و هونەرمەندان و زانایان و شاعیران و بیریاران، لە کۆتاییەکانى دەوڵەتى عوسمانیدا کە هاوکاتە لەگەڵ مێژووى راپۆرتەکەدا، سوڵتانەکانى عوسمانى لاوانیان ناردووە بۆ ئەم شارە بۆ وەرگرتنى ئەزموونیی سیاسی، هەروەها جێگەى لەدایکبوونى هەردوو سوڵتانى عوسمانى مورادى یەکەم و سەلیمى یەکەمە، هەربۆیە لە راپۆرتەکەدا داوا دەکات زاناکانى سلێمانى لەو شارەدا بکرێنە مامۆستا.
هەروەها شارى(ئەدرنە) یەکێکە لە شارە سنووریەکانى تورکیا لەگەڵ یۆنان و چەند وڵاتێکى تردا، شارێکى فرە ئایینە و رێژەیەک مەسیحى تێدایە، دەوڵەتى عوسمانى، کوردى وەک دیوارێکى راگر بەکارهێناوە لەبەرامبەر شاڵاوى شیعەى سەفەوى، داواى ناردنى زانا کوردەکان بۆ ئەوە بووە، کە ئەو شارە ناوەندێکى ئایینى گرنگە و مزگەوتێکى دێرینى تێدایە، زانا کوردەکان لەگەڵ فرە ئایینیدا ئەزموونیان هەبووە، هەربۆیە ئەم شارە دیارییکراوە بۆ دەرس وتنەوەى ئەم مامۆستایانە، هەردوو شارى (ئەدرنە) و (ئەماسیا) دوورن لە سنورى کوردستانەوە، ئەوەیش یەکێک تر بووە لە مەبەستەکانى دوورخستنەوەیان.
لەدواى رووخاندنى میرنشینە کوردییەکان زۆرێک لە کەسە خوێندەوار و بنەماڵە دەسەڵاتدارە کوردییەکان کۆچیان کردووە بۆ ئەستەمبوڵ و شارەکانى دەوڵەتى عوسمانى، بەڕێژەیەکى وەها ئەو کۆچکردنە بۆتە دیاردە، لەو رۆژگارەدا ئەو شارانە بەتایبەت ئەستەمبوڵ شارى گەورە و پێشکەتوو بووە، کوردەکان لەوێ خوێندنى باش و پۆستى کارگێڕى و ژیانێکى باشتریان دەستکەوتووە.خوێندنگە و حوجرە سادەکانى کوردستان بێ ئەوەى کورد دەوڵەت و حکومەتى هەبێت، بە دڵسۆزى و لێبڕانى مامۆستاکانى و رازیبوونى فەقێى کورد بە ژیانى سەخت و نانەڕەقەى خێرخوازان و جووتیارى رەشوڕوتى کورد، توانیویانە ئەو هەموو زانا گەورەیە لە شارێکى وەک سلێمانى و شوێنەکانى تردا پێ بگەیەنن، بەڵام ئیمپراتۆریەتێکى وەک دەوڵەتى عوسمانى، نەیتوانیوە مامۆستاى پێویست بۆ شارەکانى تورکیا دابین بکات، لەکاتێکدا خاوەنى سوڵتان و دەسەڵات بوون.
سەرچاوە/
1/ ئاشتى ڕەحمان، سلێمانى لە بەڵگەنامەکانى عوسمانیدا، پێشکەشکردنى د.نەوزاد یەحیا باجگر، لە بڵاوکراوەکانى زانکۆى جیهان، 2019، بەرگى هەشتەم، ل25.