رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ی ئەمریکی رایگەیاند، ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و هاوپەیمانی نزیکی دۆناڵد ترەمپ، چاوی بە ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەرى ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان کەوتووە و لە کۆبوونەوەیەکدا کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە، کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێکردووە.
رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، دیدارەکەیان بە "ئەرێنی" وەسفکردووە.
پێشتر ئیلۆن مەسک، کە ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ ڤیڤێک راماسوامی، بۆ پۆستی وەزیرانی کارامەیی حکومەت لە لایەن ترەمپەوە راسپێردراون، باسی لە رێگەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردبوو، پێدەچێت ئەمەش سەرەتای هەوڵەکانی مەسک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژییانە، لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپەوە وەکو سەرۆک.