د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
کەلتوری وەهم (Culture of Illusion) - (ثقافة الوهم)، بریتییە لەو دید و تێڕوانینەی کە کەلتوری خۆرهەڵاتی چەسپاندوویەتی لە پەیوەستیدا بە جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ ژندا، رەخنەگری سعودی
جوانیی مێیینەیی، زەمەنێکی دیاریکراوی هەیە، لە قۆناغی هەرزەکارییەوە دەست پێدەکات بۆ قۆناغی بەر لە داکەوتنی جەستە کە پێی دەگوترێت پیری
د. عەبدوڵلا غەزامی، لە کتێبێکدا بە هەمان ناونیشان، پێیوایە کەلتوری وەهم لە بنەڕەتدا بیرکردنەوەی پیاوسالاری خوڵقاندوویەتی، کەلتورێکە هەوڵدەدات بیرکردنەوەکانی خۆی بە نێو سیستمە کەلتورییە شاراوەکانی کۆمەڵگەدا تێپەڕێنێت و لەلای ئەوانیدی وەک راستییەکی کۆمەڵایەتی جێگیری بکات، واتە ئەم کەلتورە لە راستیدا پڕە لە وەهم، بەڵام لە نێو کۆمەڵگەدا وەک حەقیقەت وەرگیراوە.
کەلتوری وەهم هەوڵدەدات راستییەکان ون بکات و دەسەڵاتی نێر باڵادەست بکات، پرۆسەی چەوساندنەوە و پێشێلکردنی جەستەی مێیینەیی سیستماتیزە بکات، بۆیە هەندێ ئایدیا دەربارەی ژن دەبن بە ئایدیای ئاسایی و سروشتی، وەک: (جەستەی ژن بۆ لەزەت و خۆشییەکانی پیاوە)، (خۆجوانکردن یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ئەو ئایدیایە)، (ژن پاشکۆی پیاوە و ئەمەش لە پەیوەندییەکانی هەردوو رەگەزدا دەسەلمێنرێت و هەردوو رەگەزەکەش قەناعەتیان پێی هەیە)، لێرەدا مێیینەیی دەبێت بە ماتریاڵێک بۆ شەهوەتی پیاو، کەلتوری وەهم ئەم پاشکۆبوونە جێگیر دەکات کە چیدی ژن ناتوانێت پرۆسەی (ئەقڵی) و (زەینی) و (جەستەیی) خۆی بکات. کەلتوری وەهم بریتییە لە رۆشنبیریی پیاو دەربارەی جەستەی مێیینە، رۆشنبیرییەک لە ئەقڵ و ویژدانی نێرینەییدا رەگی داکوتاوە، دەشێت چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەوە (ألف ليلة و ليلة) ئەو رەگداکوتانەی پتەوتر کردبێتەوە، بێگومان سەدان کتێبی دیکە هەن دەربارەی ئەم بابەتە کە قەناعەتی کۆنی دانەرەکە دەنوێنن، واتە کەلتوری دێرین پیشان دەدەن سەبارەت بە تێگەیشتن لە جەستەی مێیینە.
جوانیی مێیینەیی، زەمەنێکی دیاریکراوی هەیە، لە قۆناغی هەرزەکارییەوە دەست پێدەکات بۆ قۆناغی بەر لە داکەوتنی جەستە کە پێی دەگوترێت پیری، واتە زەمەنی مێیینەیی دەشێت بە 25 ساڵ دیاری بکرێت، دوای ئەوە ئیتر مێیینەیی لە جەستەی ژندا نامێنێت یان خامۆش دەبێت، پاشان مێیینەیی تەنیا لە چەند شوێنێکی جەستەدا قەتیس دەکرێت نەک هەموو شوێنێکی جەستە، واتە هەموو ئەو شتانەی لە جەستەدا هەن نابنە مەرج بۆ مێیینەیی، بگرە هەندێ بەشی جەستەی ژن، دژی مێیینەیین، وەک: (زمان)، (ئەقڵ)، (ماسولکەی پتەو)، ئەمانە نیشانەی نێرینەیین و ئەگەر لە جەستەی ژندا چالاک بن ئەوا پێویستە لە رێگەی کەلتوری وەهمەوە لاببرێن، چونکە لێرەدا (دوو جەستە) و (دوو زمان) و (دوو تێگەیشتن) هەیە کە جیاوازن.
کەلتوری وەهم رۆڵی ئافرەت لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بچووک و پەراوێز دەکات، بۆ ئەوەی ئایدیایەک لە مێشکی ژن و پیاودا جێگیر بکات کە ژن پیرۆزە و دەبێ پارێزگاریی لەو پیرۆزییە بکرێت، بەڵام لە بەرامبەردا فێمینیزم و رەخنەی فێمینیستی دێت تا ئەو وەهمە ئاشکرا بکات و رۆڵی پەراوێزیی ئافرەت بسڕێتەوە، رۆڵی راستەقینەی ئەوان بیهێنێتە سەرەوە و بیگەیەنێتە ئاستی مرۆڤبوونی ئافرەت، بە چەشنێک لە ئاستی جەستە و ئەقڵ و زمان و رۆشنبیری و بیرکردنەوەی زەینیدا هیچی لە پیاو کەمتر نەبێت.
رەخنەی رۆشنبیری، لەمیانی (سیستەمی کەلتوریی شاراوە)دا، ئەو خەوشە سیستەماتیزەکراوانە ئاشکرا دەکات کە چوونەتە نێو بونیادی کەلتوری کۆمەڵگەکانی ئێمەوە، ئەو وێنەیە ئاشکرا دەکات کە ژن وەک دەفرێک بۆ سێکسی پیاو ئامادە کراوە، وێنەیەک نیشانی دەدات چۆن جەستەی ژن و جوانییەکانی ژن مێشکی پیاو سەرقاڵ دەکەن، بۆیە ژنان بە خۆشحاڵییەوە جەستەی خۆیان بۆ چێژەکانی پیاو ئامادە دەکەن، لەم کەلتورەدا ئەم چێژ و خۆشییە بۆ هەردوو رەگەزەکەیە نەک تەنیا بۆ پیاو، بەو واتایەی خۆجوانکردن لەخۆیدا پڕە لە خۆشی و چێژ و بەختەوەریی. رەخنەی فێمینیستیی نوێ هەموو ئەو (خەوشانە) رەت ناکاتەوە، جوانیی جەستە رەت ناکاتەوە، بەڵکو لەتەکیدا پرۆسەی ئەقڵی و جەستەیی و زمان و رۆشنبیریی ژن یەکسان دەکات بە پیاو.