دوێنێ 16/11/2024، لە چوارچێوەی كۆڕەكانی ساڵۆنی كوردستانی نوێ، دوو كۆڕی فكریی و سیاسیی و كەلتوریی بەڕێوەچوو، بۆ هەریەك لە توێژەران و مامۆستایانی زانكۆ د.بەهمەن تاهیر نەریمان و د. عەدالەت عەبدوڵڵا.
لە كۆڕی یەكەمدا، د. بەهمەن تاهیر نەریمان بابەتێكی پێشكەشكرد بەناونیشانی: دابەشبوونی گوتاری ئیسلامیزم و پۆست -ئیسلامیزم لە هەرێمی كوردستاندا، كە تێیدا شیكردنەوەو راڤەی بۆ جۆرەكانی گوتاری ئیسلامی كرد لە كوردستان، كە توێژەر بۆ چەند جۆرە گوتارێك پۆلێنی كردبوو، ئەوانیش بریتی بوون لە : گوتاری ئیسلامی میللی، گوتاری فەرمیی دامەزراوەیی، گوتاری پۆست- ئیسلامیزم، گوتاری ئیسلامی سەلەفی ناجیهادیی، گوتاری ئیسلامی سەلەفی جیهادیی، گوتاری ئیسلامی گولەنی- پاشخانی نوور، هەروەها تیشكی خستە سەر جۆرێكی تری گوتار كە ئەویش گوتاری (مەكتەبی قورئانی) بوو.
پاشان، د. عەدالەت عەبدوڵڵا، بابەتەكەی خۆی پێشكەشكرد، كە خوێندنەوە و ناساندنی كتێبە نوێكەی بوو بەناونیشانی (شوناسی عیراق و شوناسە كەلتورییەكان، راستییە مێژووییەكان و ئاڵەنگارییە هاوچەرخەكان)، تێیدا سەرەتا توێژەر ئاماژەی بەو دوو پێشەكییەدا كە بۆ كتێبە نووسراون، دواتر شیكردنەوەی بۆ هەر سێ بەشی كتێبەكە كرد، بەشی یەكەم پێكهاتووە لە پێناسە و ناساندنی چەند چەمكێكی گرنگ كە كتێبەكەی لەسەر بنیادنراوە، ئەوانیش: چەمكی كەلتور چییە؟، شوناس چییە؟، شوناسی كەلتووریی چییە؟، شیكردنەوەی چەمكی هەقیقەت لە چەندین روانگەوە. بەشی دووەمی كتێبەكە لەبارەی ئیشكالییەتی شوناسی عیراقییە، لە رووی مێژوویی و گێڕانەوە و بەڵگەنامە و زۆر لایەنی ترەوە، بەشی سێیەمی كتێبەكەش باس لە شوناسی عیراقیی و ئەو ئاڵنگارییانە دەكات كە رووبەڕوویان دەبێتەوە لەسەر ئاستی ناوەوە و دەرەوە.
دواتر، گفتوگۆیەكی كراوە و بەسوود لە نێوان هەردوو توێژەر و مامۆستای زانكۆ، لەگەڵ ئامادەبووان هاتە بەرهەم، بووە هۆی دەوڵەمەندتركردنی هەردوو كۆڕەكە.
عەلی گەڵاڵی
فۆتۆ: حەمە عومەر