شێوەكاری كەركوك، خاتوو نەدا عەسكەر بۆکوردستانی نوێ :

شێوەكارانی بە ئەزموون پشتگوێخراون

11:55 - 2024-11-17
هەمەرەنگ
61 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی دێرین خاتوو نەدا عەسكەر لە نەتەوەی عەرەبە، ساڵی 1960 لە كەركوك چاوی بەدونیا هەڵهێناوە و یەكێكە لە شێوەكارە بە ئەزموونەكانی ئەوشارە و دەرچووی بەشی هونەری شێوەكارییە لەزانكۆی بەغدا 1985، ئەندامە لە سەندیكای هونەرمەندانی عیراق و كۆمەڵەی شێوەكارانی عیراق و ئەندامیشە لە پەیوەستی خانمانی شێوەكارانی عیراق و رۆڵی هەبووە لە بەشداریی زۆربەی پێشانگە تایبەتی و هاوبەشەكانی ناوەوە و دەرەوەی عیراقدا، هەروەها رۆڵی سەرەكی هەبووە لە دامەزراندنی (ناوەندی نەدا) بۆ دروستكردنی كاری هونەریی گڵكاری و سەرپەرشتیاری هونەری لێهاتوو بووە لە چالاكییە هونەرییەكان لە پەروەردەی كەركوك.
خاتوو نەدا عەسكەر بە دوالاپەڕەی وت: زۆرن ئەو شێوەكارانەی كەركوك كە خاوەن ئەزموونن وجێی دەستیان دیارە، بەڵام بەداخەوە پشتگوێخراون و ئاوڕیان لێ نادرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دووركەوتنەوەیان لە گۆڕەپانەكەدا، وتیشی: پێویستە رێگە بەوانە نەدرێت كە خۆیان هەڵدەقورتێننە نێو هونەری شێوەكاری و هیچ باکگراوندێكی ئەوتۆیان لەو بوارەدا نییە.
خاتوو نەدا عەسكەر پێشنیازی ئەوەی كرد كە هۆڵێكی تایبەت بە نمایشی شێوەكارانی كەركوك دروست بكرێت و پێشانگەی تایبەتیش بكرێتەوە بۆ بەهرەمەندە لاوەكان و تازە پێگەشتوان و هەوڵیش بدرێت كارە هونەرییەكانی شێوەكارانی بە ئەزموون تێكەڵ بەوانی تر نەكرێت.
لە كۆتاییدا خاتوو نەدا عەسكەر رۆڵی شێوەكارانی كوردی كەركوكی بەرز نرخاند كە بەردەوامن لە كارە هونەرییەكانیان وەكو (تارا خەلیل، مان ئەحمەد، پشتیوان عەسكەر، ناسر كەریم، عیماد ئارت، ئاریان محەمەد.. هتد). 

كەركوك - رزگار شوانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان