لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە بەشێوەیەکی رەسمی، قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
مەحمود عوسمان، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی کوردستان ئاشكرایكردووە، قۆناغی یەکەمی سەرژمێری لە سێ رۆژدا دەبێت، کە رۆژانی 17، 18 و 19ی ئەم مانگەیە و لەمیانی سەردانەکاندا، بژمێرەكان پرسیارەكانیان ئاراستەی خێزانەکان دەكەن و گرنگە لە هەر ماڵێك كەسێك یان زیاتر ئامادە بێت و بەڵگەکان بدات بە بژمێرەکان کە کارتی نیشتمانی یاخود ناسنامەی باری کەسێتییە.
دەشڵێت، لە دوای وەرگرتنی بەڵگەنامە، بژمێرەکان ناو، رۆژ و ساڵی لەدایکبوونی ئەندامانی خێزانەکە، رەگەزیان تۆمار دەکات، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رۆژانی 20 و 21ی مانگ.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پڕۆسەی سەرژمێریی تەنیا دانیشتووان ناگرێتەوە، بەڵکو بۆ سەرجەم بینا و باڵەخانەکانیشە بۆ ئەوەی بزانرێت بۆچی بەکاردێن.
رۆژانی 20 و 21ی مانگ کە قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەنرێت، بژمێرەکان سەردانی ماڵ و خێزانەکان دەکەنەوە بۆ دڵنیابوون لە راستی ئەو زانیارییانەی لە قۆناغی یەکەمدا تۆماریان کردووە.