راپۆرتی: كوردەوان محەمەد سەعید
هیچ كەرتێكی ئابووریی بەبێ پلان بەڕێوە ناچێت و پلانیش بەبێ داتا و زانیاریی ورد داڕشتنی ئەستەمە، باشترین سەرچاوەی بەدەستهێنانی داتا و زانیاریی وردیش سەرژمێریی گشتییە، كەواتە سەرژمێریی گشتیی، بڕبڕەپشتی ئابوورییە، چونكە لە رێگەی سەرژێریی گشتییەوە ئاستی گوزەرانی هاووڵاتیان دەردەكەوێت، رێژەی هەژاریی و بێكاریی و رێژەی كرێنشینان و تەمەنی هێزی كار و پێویستییەكانی دانیشتوان لە وزە، خۆراك، یەكەی نیشتەجێبوون، ئاو و كارەبا، خوێندن، تەندروستی، هەموو ئەمانە بە روونی دەردەكەون، هەر لە رێگەی سەرژمێریی گشتییەوە حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان دەتوانن رێژە و ئاستی خوێندەواریی لە وڵاتەكەدا بزانن و رێژەی شارنشین و گوندنشینانیان لەبەردەستدا بێت و جۆرەكانی پیشە و كشتوكاڵ و پیشەسازیی و مووچەخۆر و هەموو چین و توێژەكان بە باشی بناسن، تا لە كاتی پلانـداناندا ســـوود لــە توانـــاكـــان وەربگــرن و هەوڵـــی پڕكردنەوەی كەموكووڕییەكــانیش بدەن.
داهاتە نانەوتییەكان
سەرژمێریی گشتیی ئاسانكاریی تەواو بۆ حكومەت دەكات، تا كێشە و كەموكووڕییەكانی هەر یەكێك لە سێكتەرە ئابوورییەكان دەستنیشان بكەن و كار بۆ پەرەپێدانیان بكەن، بە تایبەتیش بۆ ئەمڕۆی عیراق كە دەوڵەتێكی پشتبەستوو بە داهاتی نەوتە و تازە لە هەوڵی ئەوەدایە ئابوورییەكەی بەرەو فرەسەرچاوەیی ببات، بە واتایەكی دیكە عیراق بە نیازە سەرچاوە نانەوتییەكانی داهات كارا بكاتەوە، وەك كشتوكاڵ، سامانی ئاژەڵ، پیشەسازی و پیشەسازیی خۆراك، گەشتیاریی و داهاتی ناوخۆیی وەك باج و رسومات، سەرژمێریی گشتیش باشترین یارمەتیدەر دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو نیازەی عیراق.
د. بێستون سابوراوایی:
سەرژمێریی و وەرگرتنی داتای ورد، دەبێتە بناغەیەكی زۆر بەهێز بۆ بەرچاوڕوونی سیاسەتداڕێژەرانی ئابووریی وڵات، بۆ ئەوەی بزانن چی پێویستە بۆ داهاتووی وڵات پلانی بۆ دابڕێژن و جێبەجێی بكەن
پلانی گەشەپێدانی ئابووری
د. بێستون سابوراوایی پسپۆڕی ئابووری لە لێدوانێكدا بۆ کوردستانی نوێ رایگەیاند: دەكرێ سەرژمێریی گشتیی لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی ئابووریی وڵاتدا ئەژمار بكرێت، كە بریتییە لە ئەژمار كردن و وەرگرتنی ئاماری كەسەكان، كەلوپەلەكان، كاڵا و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە خەڵك پێویستیی پێیانە، وەرگرتنی ئەم داتایانەش دەبێتە بناغەیەكی زۆر بەهێز بۆ بەرچاوڕوونی سیاسەتداڕێژەرانی ئابووریی وڵات، بۆ ئەوەی بزانن چی پێویستە بۆ داهاتووی وڵات پلانی بۆ دابڕێژن و جێبەجێی بكەن، هەروەها گەشەپێدانی ئابووریی وڵات پێویستی بە ئامار و داتا و ژمارەی ورد هەیە، تا سیاسەتداڕێژەرانی ئابووریی بتوانن پلانی تۆكمە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی دابڕێژن، لەبەر ئەوە سەرژمێریی گشتیی تایبەتە بە ئەژماركردنی هەموو كەسەكان و ئەو موڵك و ماڵ و مەوجوداتەی لە وڵاتدا هەیە، چونكە بەوەدا دەردەكەوێت كە كەموكووڕیی و پێویستییەكانی رابردوو چی بوون، لەمەوە دەتوانرێت نەخشەیەكی نوێ دابڕێژرێت بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی ئەم وڵاتە.
ئابووریی هەموەكی
بەشێكی گرنگ لە دابینكردنی پێویستییەكان لە چوارچێوەی داڕشتنی سیاسەتی ئابووریی گشتییدا دەبێت، وەك بیركردنەوە لەوەی كە چ جۆرە پیشەسازییەك لە وڵاتدا دابمەزرێت؟ یان چ كاڵا و كەلوپەلێك پێویستە هاوردە بكرێت؟ یاخود لە كشتوكاڵدا چ جۆرە پلانێك دابڕێژرێت؟ بۆ پیشەسازی و گەشتوگوزار و كەرتەكانی دیكەش بە هەمان شێوە چی بكرێت باشە، چۆن بتوانین لە چوارچێوەی ماكرۆ ئابوورییدا، واتە ئابووریی هەموەكی، سیاسەتێكی تۆكمەی رێكوپێك و دانراو لەسەر بنەمای ئاماری گشتیی و راست و دروست دابڕێژرێت بۆ خزمەتكردنی ئابووریی وڵات و گەیشتن بە گەشەپیدانی ئابووریی و دابینكردنی ژیانێكی باشتر لەوەی كە ئێستا هەیە بۆ خەڵكی وڵاتەكە.
لە رێگەی سەرژمێریی گشتییەوە ئاستی گوزەرانی دانیشتوان دەستنیشان دەكرێت