لە پەیامێکیدا بۆ کەرکوکییەکان و هاووڵاتیانی ناوچە دابڕێنراوەکاندا، رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونیدەکاتەوە کە پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عیراقدا پرۆسەیەكی گرنگ و چارەنوسسازە و داواش لە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکات لە هەرکوێیەکن و خەڵکی چ ناوچەیەکی دابڕێنراون، بەوپەڕی پەرۆشییەوە بچن بەدەنگ پڕۆسەکەوە، چونكە پڕۆسەكە هەنگاوێكە بۆ دیاریكردنی شوناسی كوردستانیبوونی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان، بۆیە پێویستە هەموومان وەك ئەركێكی نیشتمانی و پیرۆز بەشداریی لەم پڕۆسەیەدا بكەین، ئەركە لەسەر هەموو خێزانێك و تاك بەتاكی كەركوكییەكان و خەڵكی ناوچە دابڕێندراوەكان كە ئاوارەی هەرشارێكن، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆئەوەی كوردستانیبوونی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان بسەلمێنین.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هاتووە: كوردستانیبوونی كەركوك بەندە بە گەڕانەوەی تۆی كەركوكی و دانیشتوانی ناوچە دابڕێندراوەكانی ترەوە، ئەمەش ئەركێكی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتمانییە و ئایندەی میللەتەكەمان دیاری دەكات.