ئەم وێنەیە كە فۆتۆگرافەری وەرزشیی (ئیسماعیلی ریازی) گرتوویەتی، یەكەم نەورۆزی دوای راپەڕینی ساڵی 1991 -ە، واتە رۆژی (20/3/1991) –ە، ئەو رۆژە راکردنێکی ماوە درێژی جەماوەریی بۆ گەنجان و وەرزشكارانی سلێمانی رێكخرا، جوانەمەرگ عادل تۆفیق -یش ئاگری مەشخەڵەكەی داگیرساند.
راکردنەکە لە بازگەی تاسڵوجەوە بوو بۆ بەردەم باخی گشتی یان سلێمانی پاڵاس-ی ئێستا، وێنەكە رێك بەردەم قادرمەكانی باخی گشتیی ئەوسایە كە ئەوكات بەسەر شەقامەكەید دەڕوانی، ئەو شوێنەی مەشخەڵەكەشی لێدانراوە، وێنەیەكی دیکتاتۆر سەدام حسێن سەرۆكی لەناوچووی ئەوسای عیراق بوو وێنەكەش لابراوە.
لەم راکردنەدا، دواجار خوالێخۆشبوو عادل تۆفیق یەکەمی راکردنەکە بوو، بۆیە داگیساندنی ئاگری مەشخەڵەكەشی پێ سپێردرا.
عادل تۆفیق جەعفەر ساڵی 1972 لەدایكبووەو هەر منداڵییەوە حەزی لەوەرزش بووە و لەخێزانێكی وەرزشیش پەروەردە بووە،لەكۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا یاری تۆپی پێی بۆ هەڵبژاردەی هەڵەبجەو یانەی سلێمانی و ئاشتی كردووە، هاوكات یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەكانی چوارباخ و سلێمانی و ئاشتی بووە و ئەنجامی باش و بەرچاوی لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان هەبووە، زۆر بەداخەوە ساڵی 2021 لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد و لەشاری سلێمانی تەرمەكەیان بەخاك سپارد.
خوالێخۆشبوو عادل تۆفیق