لەسەر داوای د.ئارام محەمەد قادر، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بڕیاریدا بە ئامادەكردنی پرۆپۆزەڵی كردنەوەی زانكۆیەكی تایبەت بە بواری پزیشكی لە سلێمانی و كۆلیژی پزیشكی لە زانكۆی سەڵاحەدین.
دوێنێ، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەسەرپەرشتی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و ئامادەبوونی بریكاری وەزارەت و سەرجەم سەرۆك زانكۆ حكومییەكان، كۆبووەوە و پرسی سەربەخۆیی زانكۆكان، داهاتی زانكۆكان، كردنەوەی راوندێكی نوێی خوێندنی باڵا، بەردەوامی داشكانی كرێی خوێندن، تاقیكردنەوەی توانستی زانستیی خوێندكارانی خوێندنی باڵا، بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی و چەند تەوەرێكی دیكە، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا، لەسەر پێشنیازی وەزیر، لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپێردران بە ئامادەكردنی پرۆپۆزەڵی كردنەوەی زانكۆیەكی تایبەتمەند بە بواری پزیشكی لە شاری سلێمانی، ئەوەش لەڕوانگەی پێویستی زۆری ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بە كادری تەندروستی و پزیشكی لێهاتوو بە كوالێتی بەرزی خوێندن، لەگەڵ ئامادەكردنی پرۆپۆزەڵی كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر. هەروەها بڕیاردرا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بەمەبەستی ئامادەكردن و نووسینەوەی پرۆژەی رەشنووسی سەربەخۆیی زانستی و كارگێری و دارایی و یاسایی زانكۆكانی كوردستان بە ئامانجی دەرفەتی زیاتری گەشەسەندن و پەرەپێدانی تواناكانیان.