تەها عەبدوڵڵا
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەهۆی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانەوە، كۆبوونەوەكانی نوێنەران بەڕێوەناچێت، بەڵكو سەرجەم ئەندامان كارەكانی خۆیان تەرخانكردووە بۆ ئەوەی هەریەكەیان لە سنووری پارێزگاكەی خۆی هاوكاریی تیمەكانی سەرژمێریی بكەن، وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە ئێمە وەك پەرلەمانتارانی كورد هەماهەنگیمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان هەیە و بەدواداچوون بۆ هەر كێشە و گرفتێك دەكەین، كە دێتەپێش پڕۆسەی سەرژمێریی، تا لەڕێگەی وەزارەتی پلاندانانەوە چارەسەریان بكەین، بەتایبەتی لە سنووری ناوچەدابڕاوەكان و ئەو شوێنانەی هاوسنوورن لەگەڵ ئەم ناوچانەدا.
باسی لەوەشكرد كە لەچەند رۆژی رابردوودا چەندین گرفتی تەكنیكی هاتووەتەپێش تیمەكان، بەتایبەتی لەڕووی داخڵكردنی داتاكان و خوێندنەوەی ناوی خێزانەكان و دواتر كار بۆ چارەسەركردنیان كراوە. ئاماژەی بەوەشكرد كە نوێنەران وەك ئەركی چاودێریی خۆی، بەهەمانشێوە چاودێریی پڕۆسەی سەرژمێریی دەكات و رێگردەبێت لە هەر سەرپێچی و پێشێلكارییەك، كە پێچەوانەی یاسا و رێنماییەكان بێت، بەجۆرێك رێگەنادرێت ئەو پڕۆسەیە لە بەرژەوەندیی پێكهاتەیەك لەسەر حسابی پێكهاتەیەكی تر، بكرێت.
تەئكیدیشیكردەوە كە دوای تەواوبوونی قۆناغەكانی سەرژمێریی دانیشتووان، پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسەند بكرێت، لەو قۆناغەشدا نوێنەران چاودێریی كارەكانی حكومەت دەكات، بەڵام ئەوەی ئێستا پێویستە ئەنجامی بدەین سەرخستنی پڕۆسەكەیە بۆ هێنانەدیی ئامانجەكانی، ئەویش گەشەپێدان و پێشخستنی كۆمەڵگەیە لە هەموو روویەكەوە.