یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژوورێکی عەمەلیاتی بۆ سەرژمێری دانیشتوان لەکەرکوک پێکدەهێنێت، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش دەڵێت، بە ئەرکێکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین کە کەرکوکییەکان لە کەشێکی ئارام و ژینگەیەکی لەباردا بەشداری پرۆسەی سەرژمێری بکەن.
پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، دوێنێ لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی رەفعەت عەبدوڵڵا و ئاسۆ مامەند کۆبوونەوەیەکمان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و سەرجەم پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی کەرکوک ئەنجامدا و تێیدا بڕیاردرا چەند ژوورێکی عەمەلیات دروستبکرێت و بە مەیدانیی کاری تێدا بکەین چ وەک حکومەت چ وەک و یەکێتی، ئێمە بە ئەرکێکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین کە کەرکوکییەکان لە کەشێکی ئارام و ژینگەیەکی لەباردا بەشداری پرۆسەی سەرژمێری بکەن.
وتیشی،پارێزگاری کەرکوک کە خۆی سەرۆکی لیژنەی سەرژمێرییە لەسەر ئاستی کەرکوک، سەرجەم ئەو رێوشوێنە ئەمنیانەی لەو شوێنانە گرتووەتەبەر، کە دەزانرێت تییدا کێشە بۆ هاووڵاتیان دروست دەبێت، هاوکات بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە کەرکوکییەکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سەرژمێریدا، ئێستا لۆدێکی زۆر لە بازگەکان دروستبووە و پارێزگار چاودێری راستەوخۆی بازگەکان دەکات.
وتیشی، خۆشبەختانە هەموو تاکێکی کەرکوک ئامادەی سەرژمێرییە و لە کەرکوک وەک جەژن وایە، هاووڵاتیان چاوەڕێی میوانەکانیان و خۆیان ئامادەدەکەن، هاوکات شوێنیشمان بۆ ئەو خێزانانە دابینکردووە کە دێنەوە بۆ کەرکوک بۆ بەشداری لەسەرژمێری و جێگەیان نییە لێی بمێننەوە.